کەرکوک، دوو بیرە نەوت تەقێندرانەوە و پۆلیسێک کوژرا و یەکێکی دیکە بریندار بوو

وەزارەتی نەوتی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، لە "پەلامارێکی تیرۆریستی"دا دوو بیرە نەوت لە کێڵگەی بای حەسەن لە کەرکوک تەقێندرانەوە و تاوەکو ئێستاش ئاگری یەکێک لە بیرەکان کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیه‌ندراوێکی لەبارەی هێرشی شەوی ڕابردوو ب سەر بیرە نەوتییەکانی کەرکوک بڵاوکردەوە و رایگه‌یاند، لە "پەلامارێکی تیرۆریستی"دا دوو بیرە نەوت لە کێڵگەی بای حەسەن لە کەرکوک تەقێندرانەوە، تاوەکو ئێستاش ئاگری یەکێک لە بیرەکان کۆنتڕۆڵ نەکراوە، هەروەها بەهۆی ڕووبەرووبوونەوەی پۆلیسی نەوت لەگەڵ تیرۆرستاندا پۆلیسێک کوژرا و یەکێکی دیکە بریندار بوو."

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، بیرە نەوتییەکانی 183 و 177 لە کێڵگەی بای حەسەن تەقێندرانەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کەوتووە، پاسەوانانی بیرەنەوتەکان رووبەڕووی چەکدارەکان بوونەتەوە و بەهۆیەوە پۆلیسێک گیانی لەدەستداوە و پۆلیسێکیش برینداربووە، ئەو پۆلیسەی گیانی لەدەستداوە ناوی (شوکر مەحموود تەها)یە. پۆلیسە بریندارەکەش ناوی (موعەزەز عەلی حوسێن)ە هەردووکیان خەڵکی گوندی بای حەسەنن.

 بای حەسەن بە دووری پێنج کیلۆ مەتر دەکەوێتە باشووری قەزای دوبز پێشتریش لە مانگی رابردوودا دووجار هێرشکراوەتە سەر.

ژ.ت