کەرکوک، لە پێشەنگایەکی شێوەکاری ئازارەکانی ئەنفال نمایش کران
لەشاری کەرکوک، لە پێشەنگایەکی هونەری شێوەکاریدا بۆ بەرزڕاگرتنی یادی قوربانیان دەیان تابلۆی تایبەت بە ئازارەکانی ئەنفال نمایش کران.
لەشاری کەرکوک، لە پێشەنگایەکی هونەری شێوەکاریدا بۆ بەرزڕاگرتنی یادی قوربانیان دەیان تابلۆی تایبەت بە ئازارەکانی ئەنفال نمایش کران.
ئەمرۆ رۆژی پێنج-شەممە ١٤ی نیسان لە ساڵیادی پرۆسەی بەناوی ئەنفال، لە سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە بەشداری دەیان هونەرمەندی شیوەکاری لە پێشەنگایەکی شێوکاریدا دەیان تابلۆی تایبەت بە بەرجەستە کردنی ئازار و ڕووداوەکانی ئەنفال نمایش کران.
پێشەنگاکە لایەن بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری کەرکوکەوە سازکرابوو، لە پێشەنگاکەدا زیاتر لە ٥٠تابلۆ نمایش کران کە ئەو تابلۆیانە لەلایەن ٣٠ هونەرمەندی شیوەکاری شاری کەرکوک ئامادەکرابوون.
یەکێک لەو کەسانەی کە سەردانی پێشەنگاکەی کردبوو، شادیە ئیسماعیل بوو کە ژنێکی رزگاربووی ئەنفال بوو، شادیە ناسراوە بە (ئیڤە) بەهۆی ئەوەی لەکاتی پرۆسەی جینۆسایدی گەلی کورد بنەماڵەکەی گواستراونەتەوە بۆ کەمپی تایبەت بە کۆمەڵکوژی لەسەردەمی پرۆسەی ئەنفال لەکاتی گواستنەوەیان لەلایەن رژێمی بەعسەوە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سەربازی جۆری (ئیڤە)، ئەو رزگاربووەی ئەنفال لەناو ئەو ئۆتۆبێلە سەربازی لەدایکبووە بۆیە هەر بەناو ئۆتۆبێلە سەربازییەکەوە ناسناوی (ئیڤە)ی پێ بەخشراوە.
لەناو ئۆتۆمبێلی سەربازی لە شاڵاوی ئەنفال لەدایکبووم
شادیە ئیسماعیل عەلی، ناسراو بە(ئیڤە)، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و وتی: "لەکاتی پرۆسەی ئەنفالدا، گوندەکەی ئێمەش بەر ئەو شاڵاوەی ئەنفال دەکەوێت و ئەو کاتە من لەسکی دایکمم و هێشتا لەدایک نەببووم. پاشان لەڕێگە لەناو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سەربازی لەجۆری (ئیڤە) لەدایک دەبم و هەربۆیە ئەو ناسناوەم پێ دەدەن."
لەو پرۆسەیە هەریە لەدایک و باوک و نەک و باپیریشم بەر شاڵاوەکە دەکەون، پاش مانەوەمان بۆ ماوەی حەفتەیەک لە یەکێک لە ئۆردوگا زۆرە ملێیەکانی ناوچەی لەیلانی کەرکوک، گواستراینەوە بۆ(تۆپزاوە) و (نوگرە سەلمان) بۆ ماوەی نزیکەی ٧مانگ لەوێ ماینەوە، پاشان هەشتەم قۆناغی ئەنفال تەواوبوو. ئێمە بەر بڕیاری لێخۆشبوون کەوتین، بەڵام باوکم و ١٩ کەسی گوندەکەم لەشاڵاوی ئەنفالەکەدا شەهیدبوون".
هەروەها سەبارەت بە گرنگی ئەم جۆرە پێشەنگایە، ئیڤە وتی: "ئەم جۆر پێشەنگایە زۆر گرنگە بەتایبەتی بۆ نەوەکانی داهاتوو کە بزانن رژێمی بەعس چ ستەمێکی دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجامداوە، هەروەها ئەو ژنە رزگاربووەی ئەنفال ڕەخنەی لە دەسەڵات گرت و وتی تائیستا هیچ شتێک بۆ کەسوکار و بنەماڵەی قوربانیان ئەنفال و جینۆساید نەکراو".
وەکو ڕزگاربوویەکی ئەنفال داوای سزادانی تاوانباران دەکەم
لە کۆتیادا شادیە ناسراو بە ئیڤە داوای کرد تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن و وتی: " داوا لە تەواوی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەکەم سەرجەم تاوانبارانی جینۆساید و ئەنفال بدرێن بە دادگا لسەری هەمووشیان قاسم ئاغای کۆیە کە دەستی هەبوو لە شاڵاوی ئەنفال".
جێگای باسە قاسم ئاغای کۆیە سەرۆک جاش بوو کە رۆڵێکی باڵای هەبوو لە پرۆسەی جینۆساید و ئەنفالکردنی گەلی کورد، هەروەها قاسم ئاغای کۆیە دەستی لە شەهید کردنی پێشمەرگەیەکی زۆر هەبووە، لەئیستاشدا سەرۆک جاش قاسم ئاغای کۆیە لەناوچەکانی ژێر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئازادی دەسوڕێتەوە.
هەروەها لە پێشەنگاکەدا چەندین تابلۆ تایبەت بە ئازاری قوربانیان و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال نمایش کران، یەکێک لە تابلۆ کاریگەرەکان، تابلۆی ژنێکی بەساڵاچوو بوو کە ئەویش پورە مەهرووب بوو، پورە مەهرووب ناسراوە و دوای ٣١ ساڵ چاوەڕوانی گەڕانەوەی منداڵە ئەنفالکراوەکانی، بەبێ بەدیهاتنی ئاواتەکەی لە تەنیایی خۆیدا سەری نایەوە و کۆچی دواییکرد.
جێگای باسە بەدرێژایی ئەم ٣١ ساڵەی دوای ئەنفال، پورە مەھرووب چاوی بڕیبووە دەم کەلی ئاوایی و بەھیوای گەڕانەوەی ئازیزانی بوو، تەنانەت ماوەی ١٢ ساڵ بەتاقی تەنیا لەگوندەکەیان دەژیا، ھیچ ماڵ و ھیچ کەسێکی دیکە لەئاوایی نەبوو، دەیوت یادگاری جیھاد و غازی پێوەیە و جێیان ناھێڵم.
هەروەها دەربارەی پورە مەهرووب عارف قوربانی نووسەری بواری ئەنفال لە نووسینەکەیدا دەڵێت: "کە لە پورە مەهرووبیان دەپرسی بەتەنھا ناترسیت؟ ھەمیشە ئەیوت تەنھا لەیەک شت دەترسم، دەترسم رۆژێ بڵێن ئەنفالەکان نەماون، ٣١ ساڵە چاوەڕێی گەڕانەوەی جگەرگۆشە ئەنفالکراوەکانیەتی تا لە عەرەبستانەوە بێنەوە بۆ کوردستانەکەی."
ئەنفال شاڵاوێکی دڕندەی فاشستانە بوو
دەربارەی پێشەنگاکە محەمەد سەید بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری کەرکوک وتی: ئەمرۆ لە ١٤ی نیسان کە رۆژی شاڵاوی دڕندانەی رژێمی فاشستی بەعسە بۆ سەر هاوڵاتیانی کوردستان، ئەم تاونە تاوانێکی گەورەیە دەرهەق بەگەلی کورد دراوە، وەکو هەموو ساڵێک ئێمە بە جۆرە چالاکییەکی هونەری یادی ئەم رۆژە دەکەینەوە، ئەمرۆش لەڕێگەی پێشەنگایەکی هونەریەوە بە بەشداری ٣٠ هونەرمەندی شیوەکاری یادی ئەم رۆژەمان بەرز ڕاگرت".
تابلۆکە باس لە ئازاری ئەنفال و چاوەروانی دەکات
سەبارەت بە تابلۆی پورە مەهرووب، محەمەد سەید وتی: "تابلۆکانی پێشەنگاکە باس لە ئازار و ئەشکەنجەی قوربانیانی ئەنفال دەکەن، یەکێک لەو تابلۆیانەش، تابلۆی پورە مەهرووبە، ئەم ژنە سێ کوڕی ئەنفال بووە لەگەڵ ١٢ ئەندامی دیکەی خێزانەکەی و بەردەوام، پورە مەهرووب بەتەنها لە گوندەکەی مایەوە چونکە ئامادە نەبوو یادەوەری منداڵەکانی بەجێ بهێلێت، تەنها ئاواتی پورە مەهرووب بینینەوەی رۆڵەکانی بوو، بەداخەوە لە ساڵی ٢٠١٩ پورە مەهرووب کۆچی دوای کرد و ئاواتەکەی لەگەڵ خۆی بردە ژێر گڵەوە، ئەم ژنە ئەوەند بە ئازار باسی چاوەروانی خۆی کردووە، تابلۆکەی پورە مەهرووب لەلایەن مامۆستا سامی سەعدوڵا کێشراوە کە باس لە چاوەروانی دەکات، دوای کۆچی دواییشی، پورە مەهرووب لە چاوەروانی ڕۆڵەکانی لە گوندەکەی خۆی نیژرا".
ف.ق