کرماشان؛ دوو گەنج بەهۆی هەڵپەڕکێ و خۆشی دەربڕین تەقەیان لێکرا

هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رووبەڕووی ژمارەیەک گەنج بوونەوە کە لە شوێنێکی گشتیی سەرقاڵی هەڵپەڕکێ و خۆشی دەربڕین بوون، بە بۆنەی نەورۆزەوە و لەئەنجامدا دوو گەنج بە سەختی برینداربوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ٢١ی ئادار، ژمارەیەک گەنج لە نزیک شوێنەواری مێژووی تاق وەسان خەریکی هەڵپەڕکێ و ئاهەنگگێڕانبوون، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگرییان لێکراوە و هێرشیان کراوەتەسەر.

هێرش و رێگری هێزە ئەمنییەکان کاردانەوەی گەنجانی لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا هێزەکانی دەوڵەت تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە دوو گەنج بە ناوەکانی محەمەد ئەحمەدیان و ئارمان بەسیری فیشەک بەر قاچیان کەوتووە و برینداربوو.

وەک ئەو رێکخراوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو دوو گەنجە بە برینداری دەستبەسەرکراون و لەئێستادا لە نەخۆشخانەی بێستوون لە ژێرچاودێری پزیشکدان. هەروەه ئاماژەی بەوەشکردووە، ئارمان بەسیری بەهۆی ئەوەی ١٠ فیشەک بەر قاچی کەوتووە باری تەندروستی ناجێگیرە.

رووداوەکە ئەگەرچی بەر لە چوار رۆژ روویداوە، بەڵام بەهۆی گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئەو دوو گەنجە، بۆ ئەوەی هەواڵەکە نەگەیەننە میدیاکان، ئەمرۆ بڵاوکراوەتەوە.

هـ . ب