کەسایەتییەکانی کەرکوک بانگەوازێک لەبارەی رۆژئاواوە رادەگەیەنێن
کەسایەتی و ووڵاتپارێزانی کەرکوک داوا دەکەن ڕێگای گەیاندنی هاوکاری بە رۆژئاوای کوردستان بکرێتەوە.
کەسایەتی و ووڵاتپارێزانی کەرکوک داوا دەکەن ڕێگای گەیاندنی هاوکاری بە رۆژئاوای کوردستان بکرێتەوە.
ئێوارەی شەممە، لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک لە باشوری کوردستان، ژمارەیەک لە گروپ و رێکخراو بەناوەکانی " گروپی خاک، ئەنجوومەنی کوردانی کەرکوک، رێکخراوی کەرکوک بۆ هەمووان، گروپی کەرکوک بۆ پرسە نەتەوەییەکان" کە پێکهاتوون لە کەسایەتی سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی شارەکە، بە مەبەستی پشتیوانی و بەدەنگەوەچوونی رۆژئاوای کوردستان وەکو ئەرکێکی نیشتیمانی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان بەست و تیدا بانگەوازیان لە هەموو کوردان و ووڵاتپارێزان کرد کە هاوکاری رۆژئاوا بکەن و دەروازەکانیش بکرێنەوە بۆ گەیاندنی هاوکاریی بە خوشك و براکانمان لە رۆژئاوای نیشتیمان.
کەسایەتییەکانی کەرکوک ئاماژەیەن بەوەکرد، "لە مێژودا چەند جارێک دوژمنانی کورد لەسەر کەوڵکردنی میللەتەکەمان رێککەوتوون، ئێستاش دژ بە رۆژئاوای کوردستان لە کاردان سبەینێش نۆرەی ئێمەیە لە باشوری کوردستان، براکانمان لە رۆژئاوای نیشتیمان کەوتونەتە بەر شاڵاوی دڕندانەی دوژمن.. پێویستیان بە پشتیوانیە".
"سەربەرزین بە سیاسەتی رۆژئاوای کوردستان"
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، مەلا فەرمان کەسایەتی سیاسی و چالاکوانی شاری کەرکوک، ووتی: "لەسۆنگەی خەمخۆریمان بۆ براکانامان لە رۆژئاوای کوردستان بەئەرکی خۆمانمان زانی ئەمڕۆ وەکو کۆمەڵێک ڕێکخراو کەسایەتی رۆشنبیر، سیاسەتمەدار و مافپارێزان کۆبونەوەیەک سازبکەین و تێیدا پێکەوە بانگەوازێک بکەین بۆ پاڵپشتی و کۆکردنەویە هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان،لای هەمووان ئاشکرایە کە ڕۆژئاوای کوردستان چەند ڕۆژێکە لەبەر خودارێکی زۆر بەهێزە دژی ئەو هێرشە دڕندانەی کە لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە دژیان ئەنجام دەدرێت، بەڕاستی ئێمە وەکو خەڵکی کەرکوک و باشوری کوردستان سەربەرزین کە لە رۆژئاوای کوردستان سیاسەتێکی ژیرانە بەڕێوەدەبرێت بەهیوای ئەوەی ببێتە مایەی رزگارکردنی ئەو بەشەری کوردستان".
"ئێمەی کەرکوکی ئامادەی هەموو هاوکارییەکی رۆژئاوای کوردستانین"
هەروەها سەبارەت بە هاوکاری کردنی رۆژئاوای کوردستان، مەلا فەرمان ووتیشی: "ئێمەی کەرکوکی هەمیشە ئامادەبووینە بۆ هاوکاری کردنی کوردانی پارچەکانی دیکەی نیشتیمان، جارێکەی دیکە ئێمەی کەرکوکی ئامادەین هەموو هاوکارییەکی مادی و مەعنەوی نەتەوەکەمان بکەین لە رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی لەئیستادا پێویستیان بە پشتیوانی ئێمەیە و ئێمەش لە پەیوەندیداین لەگەڵ نوێنەرانی رۆژئاوا".
"هەڵمەتێکی گەورەی هاوکاری بۆ رۆژئاوا ڕابگەینین"
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "یەکێک لە گرفتەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ رۆژئاوا، داخستنی ڕێگاکانی هاتووچۆیە، بۆیە پێویستە فشار بکەین بۆکردنەوەی ڕێگای نێوان رۆژئاوا و باشور، تاوەکو بتوانین کۆمەک و هاوکاری کۆبکەینەوە و بینێرین بۆ رۆژئاوا، لەئیستاشدا بەنیازین لیژنەیەک دروست بکەین تاوەکو سەردانی پارێزگاری کەرکوک بکەین تاوەکو هەڵمەتێکی گەورەی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان ڕابگەینین".
"سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ ڕوودانی کۆمەڵکوژیی گەورە دژ بە کورد"
لەلای خۆیەوە، هەژار کاکەیی چالاکوان و پارێزەر، بەناو ئامادەبووانەوە یاداشتنامەیەکی ئاڕاستەی نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرجەم دەسەلاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و لە یاداشتنامەکەدا ڕایگەیاند: "ئێمە وەک کۆمەڵێک ڕێکخراو و چالاکی مەدەنی و هاوڵاتییانی شاری کەرکوک ئەم یاداشتنامەیەتان پێشکەش دەکەین، نیگەرانی خۆمان ڕادەگەیەنین لەسەر هەڕەشەی ئەو مەترسییەی لە سوریا بەگشتیی و لەناوچەکانی شەهبا و تەلڕەفعەت و چەند گەڕەکێکی شاری حەلەب لە سوریا تێیکەوتوون، ئەم هەڕەشەیە لەلایەن چەند گرووپێکی چەکداری توندڕەو دژ بە هاوڵاتییانی کوردی سڤیل بەڕێوەدەچێت، دیارنەبوونی چارەنووسی زیاتر لە ١٥ هەزار هاوڵاتی کورد لە ژن و منداڵ و پیاو لە ناوچەکانی شەهبا و تەلڕەفعەت و گوندەکانی دەوروبەری لەلایەن ئەو گرووپانەوە سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ ڕوودانی کۆمەڵکوژیی گەورەی که زۆر لە پڕۆسەی ئەنفال و کارەساتی هەڵەبجەی ساڵی ١٩٨٨ دەچێت کارەساتێک تیایدا سوپای عێراق بە فەرمانی دیکتاتۆر سەدام حسێن، جینۆسایدی گەلی کوردستانی لێکەوتەوە، لەبەر ئەو هەڕەشانە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەین لە ڕێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی گرووپی تیرۆریستی داعش هەنگاوی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ:
یەکەم: پێشگرترن لە ڕوودانی ئەو کارەساتە مرۆییە بەگشتیی و کۆمەڵکوژیی هاوڵاتییانی کورد بە تایبەتی لە ڕێگەی فشاری بەپەلە و جدی لە ڕێگەی ئەو دەوڵەت و ڕێکخراوانەی هاوکارییان دەکەن.
دووەم: هاوکاری مرۆیی بۆ پاراستنیان لە سەرمای زستان و برسێتی.
سێیەم: کردنەوەی دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ سووریا، مەرزی سێمێلکا و تا مەرزی ئەلبوکەمال قائم لە ڕوومادی بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی.
لە کۆتاییدا باوەڕمان وایە دەستێوەردانی بەپەلە هاوکاریی خێرای بەڕێزتان ڕۆحی پاکی هەزاران خەڵکی بێتاوان لە هەڕەشەی ئەم گرووپانە و لە مردن ڕزگاریان دەکات."