كۆتا په‌یامی گه‌ریلا جه‌لال فه‌داكاری هه‌ولێری له‌ تونێله‌كانی به‌رخودانه‌وه‌

جه‌لال فه‌داكاری هه‌په‌گه‌یی كه‌ له‌ رۆژی ٧٢هه‌مینی به‌رخودانی وه‌رخه‌لێ تێڕوانینی خۆی له‌ باره‌ی شه‌ڕه‌وه‌ له‌به‌رده‌م كامێرا گێڕایه‌وه‌، ئه‌م په‌یامه‌ی دابوو: "داگیركه‌ران ناتوانن بێنه‌ ناو تونێله‌كانه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ش زۆر گازی كیمیایی به‌كارده‌هێنن".

له‌ هه‌رێمی ئاڤاشین گروپێك له‌ گه‌ریلاكانی تونێله‌كانی شه‌ڕ له‌ وه‌رخه‌لێ، له‌ دژی هێرشه‌ داگیركه‌رییه‌كانی سوپای تورك كه‌ له‌ ٢٣ی نیسان ده‌ستیان پێكردبوو، ٥ مانگ به‌ دروشمی 'له‌ زاگرۆسه‌كاندا داگیركاری بوونی نییه‌' چیرۆكی به‌رخودانیان نوسیه‌وه‌. به‌رخودێره‌كانی وه‌رخه‌لێ كه‌ سوپای توركیان تێكشكاند، به‌ چه‌كی كیمیایی شه‌هید كران.

گه‌ریلاكان له‌ دژی سه‌ربازانی توركی داماڵدراو له‌ پێوانی شه‌ڕ و ئه‌خلاق خۆڕاگریان ده‌كرد. گه‌ریلاكان به‌رخودانی خۆیان له‌ یاداشتی رۆژانه‌ی خۆیان نوسیه‌وه‌، بیركردنه‌وه‌ و هه‌ستی خۆشیان بۆ كامێرا گێڕایه‌وه‌.

شه‌هید عادڵ گابار و گه‌ریلای هه‌په‌گه‌ جه‌لال فه‌داكار له‌و به‌رخودێرانه‌ی وه‌رخه‌لێ بوون، كه‌ له‌ ناو شه‌ڕی دژواریشدا چاودێری و تێبینیه‌كانی خۆیان تۆمار كرد. هه‌ر دوو گه‌ریلا له‌ رۆژی ٧٢ هه‌مینی به‌رخودان له‌ تونێله‌كانی شه‌ڕ له‌ وه‌رخه‌لێ له‌به‌رده‌م كامێرا دووان.

جه‌لال فه‌داكار خه‌ڵكی هه‌ولێر تێبینی و روانینه‌كانی خۆی له‌سه‌ر هێرشه‌كانی سه‌ربازانی تورك و ورده‌كارییه‌كانی به‌رخودانی هه‌ڵسه‌نگاند و باسی له‌وه‌كرد، كه‌ له‌به‌رامبه‌ریاندا ته‌كنه‌لۆژیا و گازی هه‌ره‌ ژه‌هراوی به‌كارده‌هێنرێت، به‌ڵام ئه‌وان هه‌رگیز كامپه‌كانیان جێناهێڵن.

'هه‌وڵ ده‌ده‌ن سه‌گه‌كان بنێرنه‌ ناوه‌وه‌'

جه‌لال فه‌داكار باسی له‌وه‌كرد، كه‌ هه‌رگیز رێگه‌ به‌ داگیركه‌ران ناده‌ن و وتی، "ئێمه‌ له‌ قۆناغی ئۆپراسیۆنداین. ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ ئه‌یاله‌تی ئاڤاشین ئۆپراسیۆن هه‌یه‌. مانگی یه‌كه‌م ئۆپراسیۆن له‌ لای مامڕه‌شۆ و شه‌هید سه‌ردار هه‌بوو، ورده‌ ورده‌ به‌رفراوان بوو. هاتنه‌ نزیك كه‌مپه‌كان و گۆڕه‌پانه‌كان. ئێستاش هه‌وڵ ده‌ده‌ن هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كه‌مپه‌كه‌ی ئێمه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌ست له‌ كه‌مپه‌كه‌مان هه‌ڵناگرین. هیچكام له‌ هه‌ڤاڵانمان ده‌ست له‌ شوێنه‌كانیان هه‌ڵناگرن، با هه‌موو كه‌س ئه‌وه‌ بزانێت. با دوژمن بزانێت كه‌ ئێمه‌ هه‌رگیز شوێنی خۆمان جێناهێڵین. هه‌ر بۆیه‌ ئێستا دوژمن به‌و جۆره‌ هێرش ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانێت بێته‌ ناو تونێله‌كانه‌وه‌ گاز به‌كارده‌هێنێت. گاز و ته‌قه‌مه‌نی به‌كارده‌هێنێت، هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌دات كه‌ سه‌گ بنێرێته‌ ناوه‌وه‌. به‌و جۆره‌ ده‌یه‌وێت ئه‌نجام به‌ده‌ستبهێنێت. به‌ڵام هه‌ڤالانمان خۆڕاگری ده‌كه‌ن".

جه‌لال فه‌داكار رایگه‌یاند، كه‌ ئه‌وان له‌ ناوه‌وه‌ی تونێله‌كانی به‌رخودان له‌ وه‌رخه‌لێدان و له‌باره‌ی بینینه‌كانی خۆیشیه‌وه‌ وتی، "تونێل له‌سه‌ره‌وه‌یه‌، دوژمن لێره‌یه‌، به‌ڵام ناتوانێت نزیك ببێته‌وه‌. هه‌ڤاڵان ناوه‌ناوه‌ لێیان ده‌ده‌ن و ده‌كشێنه‌وه‌. ئێستا دۆخه‌كه‌ به‌م جۆره‌یه‌، زۆر دژواری ده‌بینن. له‌لای سه‌ره‌وه‌ ناتوانن هیچ بكه‌ن، له‌ داوێنی شاخه‌كه‌شه‌وه‌ ناتوانن هیچ بكه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ ته‌قه‌مه‌نی ده‌خه‌نه‌ ناو تونێله‌كانه‌وه‌. هه‌ڤاڵانیش له‌ دژی گاز و ته‌قه‌مه‌نی رێوشوێنی خۆیان ده‌گرن.

'ئێمه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن ئاماده‌كاری خۆمان كرد'

شه‌هید جه‌لال له‌ تۆماره‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا باسی له‌وه‌كرد، كه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ شه‌ڕدا پێویسته‌ هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بكه‌ن و وتی، "كاتێك ئاماده‌كاری له‌ رووی جبه‌خانه‌، لۆجستیك و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ هه‌بن، ئه‌و كاته‌ هه‌موو شت ته‌واوه‌. كاتێك ئه‌وه‌ هه‌بێت دوژمن هیچی له‌ده‌ست نایات. خۆی له‌ خۆیدا ناوێرێت بێته‌ ناو تونێله‌كان. بۆ نمونه‌ له‌ مامڕه‌شۆ هه‌ڤالان بۆ چه‌ندین رۆژ به‌رخودانیان كرد و به‌رخودانه‌كه‌یان له‌ جیهاندا ده‌نگی دایه‌وه‌. دوژمن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی بكه‌وێته‌ ناو تونێله‌كان ژه‌هری كیمیایی به‌كارهێنا، هه‌ڤالانمان به‌و جۆره‌ شه‌هیدبوون. ئه‌گینا نه‌یانتوانی بێنه‌ ناو تونێله‌كانه‌وه‌".

جه‌لال فه‌داكار ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌ وێڕای هێرشه‌كانی سوپای توركیش زیانی گیانیان نییه‌ و وتی، "ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌ ته‌نیا خۆی سه‌ركه‌وتنه‌. ئێمه‌ خۆڕاگری ده‌كه‌ین. دوژمن له‌ دژواریدایه‌ و ناچار ده‌بێت بكشێته‌وه‌. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی به‌ رووڕه‌شی نه‌كشێته‌وه‌، هه‌موو جۆره‌ ته‌كنیكێك كه‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌یه‌كی له‌ دژی تونێله‌كان به‌كاریان ده‌هێنێت".

كۆتا په‌یام: له‌ ناخی دڵه‌وه‌ سڵاو له‌ هه‌ڤاڵان ده‌كه‌ین

جه‌لال فه‌داكار باسی له‌وه‌كرد، كه‌ ده‌وڵه‌تی تورك هه‌موو جۆره‌ چه‌ك و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ك له‌ دژی ئه‌وان به‌كارده‌هێنێت و وتی، "هێزی ئاسمانی، هه‌لیكۆپته‌ر به‌رده‌م به‌كارده‌هێنن. ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ كاریگه‌ری بكه‌نه‌ سه‌ر ئێمه‌ ئه‌و هه‌مووه‌ ته‌كنه‌لۆژیایه‌ به‌كارده‌هێن. به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن كاریگه‌ری بكه‌نه‌ سه‌ر گه‌ریلا. هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان پوچه‌ڵن، بێ كه‌ڵكن".

گه‌ریلای هه‌په‌گه‌ جه‌لال فه‌داكار له‌ كۆتاییدا ئه‌م په‌یامه‌ی راگه‌یاند، "سڵاو بۆ هه‌موو هه‌ڤاڵان ده‌نێرین ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ ده‌ناسن یان نامانناسن. هه‌ڤاڵان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان به‌ دڵ و گیان سڵاو ده‌كه‌ین. ئێمه‌ سه‌رده‌كه‌وین، خۆی له‌ خۆیدا سه‌ركه‌وتن هه‌ر بۆ ئێمه‌یه‌. ئێمه‌ لێره‌ دوژمن تێكده‌شكێنین و تێكیده‌ده‌ین. با هه‌ڤالانمان بزانن كه‌ ئێمه‌ هه‌رگیز ده‌ست لێره‌ هه‌ڵناگرین. هه‌ندێكی ماوه‌ كه‌ دوژمن تێكبده‌ین".

*له‌ئه‌نجامی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی سوپای توركدا گه‌ریلای هه‌په‌گه‌ جه‌لال فه‌داكار (بێستون به‌كر) له‌ ٢٦ی ئه‌یلولی ٢٠٢١، عادڵ گابار (یه‌عقوب كزڵئاسڵان)یش ١٠ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١ شه‌هیدبوون.

هـ . ب