کەژار: بەیەکگرتوویی ژنان کۆتایی بە سیاسەتی قڕکردن لەسەر ژنان دێنین

کەژار رایگەیاند، ئەمساڵ بە بەرخۆدانی ژنان بۆ ئازادی، لە هەشتی ئازاری ٢٠٢١دا پێشوازی لە هەڵمەتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن و بە دروشمی “بەیەکگرتووی ژنان کۆتایی بە سیاسەتی قڕکردن لەسەر ژنان دێنین” پێشوازی لە هەشتی ئازار دەکەن.

بە بۆنەی هاتنی ڕۆژی هەشتی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، پێداگری لەسەر بە لووتکە گەیاندنی خەباتی خۆیان دەکەنەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا.

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا کەژار داوای لە ژنانی جیهان کردووە کە لە چالاکی و خۆبەڕێکخستندا، یەکێتی و تێکۆشانی خۆیان گەورە بکەن و ئاماژە بەوە کراوە کە لە هەشتی ئازاری ئەمساڵ بە دروشمی “بە یەکێتی ژنان کۆتایی بە سیاسەتی قڕکردن بەسەر ژنان دێنین” ئەوان وەکو ژنان بەشداری لە پیرۆزبایی هەشتی ئازاردا دەکەن.

هەروەها ڕایگەیاندووە کە “ڕژێمی داگیرکەری دەوڵەتی ئێران، بە عەقڵیەتی پیاو دەسەڵات و بە پەنابردنە بەر دەستدرێژی و هەموو چەشنە ڕێبازێکی توندوتیژی ڕێگەی لەبەردەم قڕ کردن و پاکتاوکردنی ژنان کردووەتەوە، هەر بۆیە تەڤگەری ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە دژی ئەم سیاسەتانەی ڕژێمی ئێران گەلێک شەهیدی داوە و هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش لە بەربەرەکانێدادیە لە دژی ئەم سیاسەتانە”.

لەسەر بەرخۆدان و تێکۆشانی تەڤگەری ژنانی باکوری کوردستانیش لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “سڵاو لە تێکۆشان و خەباتی ژنانی باکوری کوردستان دەکەین و تێکۆشانی ئەوان بووەتە سەرچاوەی هیوا و بزوێنەری خەباتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کورستان”.

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە بەمەبەستی تێکشاندنی ئیرادەی ئازادی ژنان و گەلی کورد ٢٣ ساڵە ئەشکەنجەیەکی قورس لە سەر ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، لەدژی ئەم سیاسەتە لە هەشتی ئازاری ٢٠٢١دا ئەوان پێشوازی لە هەڵمەتی ئازادی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن.

هاوکات کەژار داوای لە سەرجەم ڕێکخستنەکانی ژنان کردووە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بە یەکگرتووی لەگەڵ ژنانی جیهاندا هەشتی ئازاری ئەمساڵدا پەیامی ئازادی بەرز بکەنەوە و پێویستە هێزی بەرگریی جەوهەری ژنان پەرە پێبدەن.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵات جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەدەی ٢١ بووەتە سەدەی ژنان و لەو پێناوەشدا لە دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری تێکۆشان دەکەن و کۆتایی بە داگیرکاریی و فاشیزم دێنن.

ف.ق