لە ٩٨ ساڵەیدا هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنی لۆزان

لەسەرەتای سەدەی بیستەم و دوای كۆتای هاتنی شەڕی جیهانی یەكەم، لەلایەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارچە و دابەشكرا، لەلایەكیتریش لەشوێنی وێرانەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، چەندین دەوڵەت – نەتەوە دامەزران.

لەسەرەتای سەدەی بیستەم و دوای كۆتای هاتنی شەڕی جیهانی یەكەم، لەلایەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارچە و دابەشكرا، لەلایەكیتریش لەشوێنی وێرانەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، چەندین دەوڵەت – نەتەوە دامەزران. گەلی كورد و ئەرمەن و ئاشووری ئەو سێ نەتەوەیە بوون كە رووبەڕووی كۆمەڵكوژی و لەناوبردن بوونەوە. نەتەوەی ئەرمەن بە كۆمەڵكوژی ملیۆن و نیوی رووبەڕووی گەورەترین ژینۆسایدی سەدەی بیستم بوویەوە، هەروەها ئاشووریەكانیش رووبەڕووی بڵاوبوونەوه و لەناوبردن‌ كرانەوە. گەلی كوردیش لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵكوژ كرا، هەمانكات خاك و وڵاتەكەشی پارچەكرا، دواتریش لە رێكەوتنی لۆزان كە لە 24\تەمووزی\1923 لەوڵاتی سویسرا  بەسترا لەنێوان " ئینگلتەڕا، فەڕەنسا و توركیا"، بەهیچ شێوەیەك ناوی نەتەوەی كورد و وڵاتی كوردستان نەهات.

لە رێكەوتنی سایكس - بیكۆ كوردستان پارچە كرا، لە رێكەوتنی سیڤەر هەرێمێكیان دیاری كرد لەنێوان رۆحا تا ئامەد وەك هەرێمێكی خۆسەر بۆ كوردان، بەڵام لە رێكەوتنی لۆزان بەهیچ شێوەیەك ناوی كورد و كوردستان نەهات. ئەمەش بە گەورەترین تاوان ئەنجامدەدرێت لەبەرامبەر نەتەوەیەكی رەسەنی وەك كورد كە بەدرێژای تەمەنی مرۆڤایەتی لەسەر ئەم خاك و ئاوە ژیاوە، هەمانكات دایكایەتی بۆ تەواوی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی كردووە.

لە ماوەی 98 ساڵی رابردوودا، گەلی كورد بەهیچ شێوەیەك، دانی بەم رێكەوتنانەدا نەناوە. بۆیەش ئەگەر سەیر بكەین، سەرجەم داواكاری بەرخودان و سەرهەڵدانەكانی كوردان لە چوار پارچەی كوردستان، بۆ ئەوە بووە كە كورد وەكو نەتەوە بناسرێت و كوردستانیش وەك وڵات. لەبەرامبەردا دەوڵەت – نەتەوەی تورك و عەرەب و فارس، بۆ ئەوەی كورد و كوردستان وەكو نەتەوەو وڵات نەناسرێن، بەردەوام سەركەوتی هەموو جۆرە ناڕەزایەتیەكی كوردانیان كردووە‌.

هێزە نێودەوڵەتیەكان، لەسەروویاندا بەریتانیا و فەڕەنسا، دواتریش ئەمریكا و ئەڵمانیا و رووسیا، بەهیچ شێوەیەك و لەهیچ سەردەمێكدا پشتگیری داواكاریەكانی كوردانیان نەكردووە. پێچەوانە بۆ ئەوەی داگیركردن و پارچە كردن و لەناوبردنی كوردان نەبێتە رۆژەڤ، نەیان هێشتووە دەنگ و سەدای كوردان بگاتە رای گشتی جیهان. واتا لەسەر پرسی داگیركردن و لەناوبردن و كۆمەڵكوژ كردنی سەر كوردستان، لەماوەی 98 ساڵی رابردوودا، داگیركەرانی سەركوردستان بەهاوبەشی لەگەڵ زلهێزە جیهانیەكان، ئەو زوڵمەیان لەسەر كوردان بەڕێوەبردووە. بەواتایەكیتر تا رۆژی ئەمڕۆ هیچ دەوڵەتێكی  هەرێمی و جیهانی، نەبۆتە دۆست و پشتیوانی كوردان. كاتێك گەلان و هێزە دیموكراتخوازە جیهانیەكانیش بوونەتە هاوسۆز لەگەڵ دۆزی كوردان، ئەوا سەركوتیان كردوون.

لەگەڵ دەركەوتنی پەكەكە، وەك هێزێكی كوردستانی سەرتاسەری و بە هزر و بیری نەتەوەی و بڵاوبوونەوەی لە چواربەشی كوردستان و لە ناو كوردانی دەرەوەی وڵات، رێكەوتنی لۆزانی هەژاند. پەكەكە لەگەڵ یەكەم دەركەوتنیدا گووتی كورد نەتەوەیە و كوردستانیش وڵاتە، بۆیە پێویستە نەتەوەی كورد لەسەر ئاو و خاكی خۆی بە ئازادی بژی. لەو پێناوەشدا كەسایەتیەكی نوێی ئافراند كە لەلایەك بتوانێ بەرگەی ئەو سیاسەت و شەڕەی دەوڵەتە داگیركەرەكان بگرێ، لەلایەكیتریش بەرگەی ئەو شەڕە تایبەت و پشتیوانیەیی زلهێزە جیهانیەكان بۆ داگیركەران بگرێ كە لەسەر كوردستان بەڕێوەی دەبن. بۆیە پەكەكە ئەو شێوازەی لە هزر و بیركردنەوە تێپەڕاند كە لەلایەن جووڵانەوە چەكداریەكانی تر بەڕێوەدەچوو، هەمانكات شێوازی تیكۆشانی چەكداریانەی خۆشی گۆڕی. بۆیە دەتوانین بڵێین؛ پەكەكە لەو رۆژەی كە دەركەوتووە تا رۆژی ئەمڕۆ بەهەموو شێوەیەك لە ئاستێكی هەرە بەرز بەشێوەو شێوازێكی نوێ بیردەكاتەوەو بەڕێوە دەچێت. بۆیەش داگیركەران و زلهێزە جیهانیەكان بەهاوبەشی و بەپیلانگێڕی نێودەوڵەتی رووبەڕووی دەبنەوە. نمونەی هەرە بەرچاویش سەرەڕای چوونی رێبەر ئاپۆش بۆ چارەسەری دۆزی كورد لە ئەوروپا، بەڵام دیسان بە پیلانگێڕی رووبەڕووی بوونەوەو دەستگیریان كرد و رادەستی دەوڵەتی داگیركەری توركیان كردەوە، ئەوا ماوەی 23 ساڵە لە زیندانی ئیمرالی دەستبەسەر كراوە، وەكو دەگوترێ رێبەر ئاپۆ بارمتەی زلهێزە جیهانیەكانە.

هێشتا زۆرێك لە هێزە سیاسیە كوردیە كلاسیكیەكان لەوە تێناگەن و دەڵێن؛ پەكەكە لە باشوور چی دەكات، یان بۆچی لە رۆژئاواو رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە، چونكە تائێستا تێنەگەیشتوون ئەو رێكەوتنانەی لەسەر كوردستان بەڕێوەچوونە نمونەی، سایكس-بیكۆ و لۆزان چۆن هەڵدەوەشێنەوه، چونكە ئەگەر تیكۆشانی ئازادی كوردستان سەرەتا لە بیر و هزریدا و پاشانیش لە شێوازی تێكۆشانیدا ئەو رێكەوتنانە هەڵنەوەشێنێتەوه ئەوا ئازادی كوردستان دەبێتە مەحاڵ‌. پەكەكە ئەو رێكەوتن و پیلانگێڕیانەی سەر كوردستانی نەك تەنیا هەڵوەشاندۆتەوە، بەڵكو گەلی كوردی كردۆتە خاوەن ئایدیۆلۆژیا و رێبازی تێكۆشان و هێزی پاراستن و ژیانێكی نوێ. بۆیەش ئەمڕۆ شۆڕشگێڕان و گەریلاكانی ئازادی لە هەر بستە خاكێكی كوردستان وەكو فیدای زۆر خۆ نەویستانە تێكۆشان دەكەن كە نمونەیان لە مێژووی كوردستاندا نەبینراوە.

لە شەڕی جیهانی یەكەم و دووەمدا گەلی كورد و جووڵانەوە سیاسی و چەكداریەكەی نەیانتوانی دەسكەوت بەدەست بخەن، ئەویش لەبەر ئەو پیلانگێڕیەیی كە لەلایەن داگیركەران و دەوڵەتە ئیمپریالیستیەكان لەسەریان بەڕێوەچوو‌. ئێستا دوای بەردەوام بوونی سی ساڵ لە شەڕی جیهانی سێیەم گەلی كورد توانیویەتی هەندێك دەسكەوت بەدەست بخات، بەڵام بە كۆتای هاتنی ئەم خولەش لە شەڕی جیهانی، جارێكیتریش دەیانەوێت گەلی كورد بەدەستی بەتاڵ دەرچێت. بۆ ئەمەش داگیركەران و زلهێزە جیهانیەكان پێكەوە بەهاوبەشی جموجۆڵ دەكەن‌.

دەوڵەتی داگیركەری توركیا كە لە رۆژی ئەمڕۆدا بەهەموو هێزیەوە دوژمنایەتی گەلی كورد و تێكۆشانە ئازادیخوازیەكەی دەكات، پێچەوانەی ئەوەی كە گەلی كورد بتوانێت رێكەوتنی لۆزان هەڵوەشێنێتەوە، لە ئێستادا توركیای داگیركەر لە دوو ئاستدا كار لەسەر رێكەوتنی لۆزان دەكات.

1-     لە ژێرناوی پرۆژەی عوسمانی نوێ و خۆگەیاندنەوە بە سنورەكانی میساقی میللی، واتا لە سنوری ئیدلب و حەلەبەوە لە سوریا، تاكو سنوری خانەقین و سنە لە باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان.

2-     ئەگەر ئەو پرۆژەشیان بۆ مەیسەر نەبوو، ئەوا رێكەوتنی لۆزان وەك خۆی بەردەوام بكات، واتا لە هەردوو رووەكەیەوە دەیانەوێت سەد ساڵی تریش كورد وەكو نەتەوە، كوردستانیش وەك وڵات نەبێت. بۆیە دەڵێن؛ رژێمی ئەكەپە و مەهەپە دەیانەوێت پرۆژەی سەد ساڵی داهاتوو دیاری بكەن.

بۆ ئەوەی ئەو دوو پرۆژەیان جێبەجێ ببێ، داگیركەری توركیا چوار پیلانیتریان بەگەڕخست:

یەكەم: پرۆژە پیلانی بەناوی ئەژنۆ شكاندن و ئۆپەراسیۆنی وێنەی لەناو بردنی پڵنگەكانی تامیل لە مانگی تشرینی یەكەمی 2014، كە دواتر بەشەڕی خۆسەری لەباكوور ناسرایەوە.

دووەم: هێرشی هەمەلایەنی سوپای توركیایە لە 24ی تەمووزی 2015 بۆ سەر هەرێمەكانی پاراستنی میدیا و سەرجەم هەرێمەكانی گەریلا.

سێیەم: داگیركردنی عەفرین و سەرێكانی و گرێ سپی بوو لە 2018.

چوارەم: نوێكردنەوەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە 06\11\2018، ئەویش بە خستنس سێ هەڤاڵی سەركردەی پەكەكە بۆ لیستی داواكراوان.

ئەو هێرش و داگیركەریەیی كە لەماوەی دوو ساڵی رابردوو زۆر چڕ بۆتەوه بۆ سەر هەرێمەكانی پاراستنی میدیا لە بادینان و برادۆست پەیوەستە بەو خاڵانەی سەرەوە.

تێكۆشانی ئازادیخوازی گەلی كوردستان لە باشوور و رۆژئاوا بۆتە خاوەن قەوارەیەكی دیاری كراو و لە باكووریش هێزی سەرەكی گۆڕانكاری و چارەسەری دیموكراتیانەیە. لە رۆژهەڵاتیش لەگەڵ لاوازیەكانیش، بەڵام گەلی كورد خاوەن ئیرادەیەكی سیاسیە. واتا داگیركەر و زلهیزە جیهانیەكان ئەستەمە گەلی كورد و هێزە ئازادیخوازەكەی بگەڕێنەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و بتوانن رێكەوتنی لۆزان دووبارە بكەنەوە. ئەگەر هێزێكی بەكرێگیراوی وەك پەدەكە و هاوكارەكانی نەبوونایە، تائێستا دەمێك بوو رێكەوتنی لۆزان هەڵوەشابووەوەو. سەرەڕای ئەو بەكرێگیراوەتیەیی پەدەكە بۆ داگیركەرانیش دەكات، بەڵام ئەمڕۆ ئیرادەی سیاسی نەتەوەیی كورد گەیشتۆتە ئاستێك ئیتر لەدەرەوەی تێكشكاندنی داگیركەران و چارەسەری دیموكراتیانەی دۆزی كورد، بۆیەش یەكێتی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەكان لە ئەمڕۆدا گرنتی هەڵوەشانەوەی رێكەوتنی لۆزانە

ف.ق