لە باکوری کوردستان لە مانگی ئازاردا ٦ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون

دەفەگە رایگەیاند، لە مانگی ئازاردا رۆژنامەنووسێک لە باکوری کوردستان کوژراوە و ٦ رۆژنامەنووسیش دەستگیرکراون. بە گشتی سزا بەسەر ١١ رۆژنامەنووسدا سەپێنراوە.

کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات (دەفەگە)، راپۆرتی خۆی لەبارەی 'پێشێلکاریەکانی بەرانبەر رۆژنامەنووسان' ئاشکرا کرد. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە مانگی ئازاردا پێشێلکردنی مافی رۆژنامەنووسان زیادی کردووە و وتی، "ئامانجی سەرەکی بەئامانج گرتنی رۆژنامەنووسان، داخستنی چاو و گوێی گەلە. دەسەڵات دەیەوێت، چاو و گوێی راستەقینەی کۆمەڵگا دابخات. سەرچاوەی فشارەکانی سەر رۆژنامەنووسان داواکاری دەسەڵاتە."

پێویستە رۆژنامەنووسان ئازاد بکرێن

لە بەردەوامی راپۆرتەکەدا داوای ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنووسانەکرا کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەبارەی هەڵدانەخوارەوەی ژمارەیەک هاوڵاتی لە هەلیکۆپتەرەوە دەستگیرکرابوون. هەروەها باسی ئەوەکرا کە پێویستە هەموو رۆژنامەنووسان ئازاد بکرێن و فشاری سەر رۆژنامەنووسن کۆتایی پێبهێنرێت. بەپێی راپۆرتەکە، لە مانگی ئازاردا رۆژنامەنووسێک کوژراوە و ٦ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون. هەروەها ١١ رۆژنامەنووس سزادراون و دادگاییکردنی ١٠٦ رۆژنامەنووسیش بەردەوامە.

لە راپۆرتەکەدا بەم جۆرە باسی پێشێلکاریەکان کراوە:

*٦ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون.

* هێرش لەبەرانبەر رۆژنامەنووسێک ئەنجامدراوە.

*رۆژنامەنووسێک کوژراوە.

*٣ رووداوی رێگریکردن لە رۆماڵکردنی رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە.

ف.ق