لە ژیانی هەر گەریلایەکی ژن دا راستیی جوانی دەئافرێنرێت. ئەو راستییە هەندێکجار لە هەلومەرجی زۆر دژواری شەڕدا و هەندێکجاریش لە سەر بەردە سەختەکان و هەندێکجاریش لەسەر چەم و رووبارەکاندا لە ئاوی ژیان سەوز دەبێت، بەڵام ئەمجارە لە ساڵی ٢٠١٤دا کە من روومکردبووە سەنگەرەکانی گەریلا لە کەرکوک رۆیشتم بۆ سەنگەری ژنانی گەریلا، کە بۆ وڵاتە تاڵانکراوەکەی گۆرانیی دەوت. خاوەنی ئەو دەنگە رەسەن و جوانەم لە سەنگەرەکانی شەڕی دژ بە داعش ناسی. لە دەنگی گەریلا زۆزان رۆحی ئازادی هەبوو. گەریلا زۆزان بە دەنگی خۆی دڵی مرۆڤی مەست دەکرد لە خاکی کوردستاندا چووە ریزی کاروانی نەمرانەوە.
گەریلای یەژاستار زۆزان پەلشین (شیرین باشکورت) ساڵی ٢٠١٢ بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو. پێش گەریلا زۆزان براکەى بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو بوو. زۆزان پەلیشنیش بۆ ئەوەى ببێتە گەریلایەکی ئازای وڵاتەکەى خۆی رووی لە چیاکانی کوردستان کرد. گەریلا زۆزان هەم بە دەنگی خۆی و هەم بە ژیانی پاک و بێگەردی، هەم بە هەڵوێست و فیداکارییەکانى شوێنی لە دڵی هاوڕێکانیدا کردبووە. گەریلا زۆزان کاتێک دەگەیشتە لای هاوڕێکانی بە دەنگە جوان و رەسەنەکەى ئەستێرەکانی دەڕزاندنەوە. دەنگی زۆزان پەلشین رۆحی ژنانی کورد، کە سەرلەنوێ لە دایکبوو بوون بە رۆحی ئاپۆییەوە دەچڕی. ئەو دەنگە ئیدی لە چیا و لە دەشتەکان بەرز دەبوویەوە و تاریکیی داعشی لەبەر یەک هەڵدەوەشاند.
لە مەخمور تاوەکو کەرکوک بۆ چەند ساڵێک لە دژی داعش شەڕی کرد
یەکێک لەو شوێنانە کە لە ساڵی ٢٠١٤دا داعش هێرشی کردە سەر شاری دێرینی کەرکوک بوو. ئەو شارە کۆن و دێرینە لانکەی چەندین ئایین، کولتور، گەل، نەتەوە و ئایینزای جیاجیایە. ئەو تایبەتمەندییەی ئەو شارە بۆ چەتەکان مەترسیدار بوو. بۆ ئەوەش دەبوایە ئەو شارەی کوردستان لەلایەن گەریلاکانی کوردستانەوە بپارێزرایە. گەریلاکانی کوردستان دوای هێرشی چەتەکانی داعش لە چیا ئازادەکانەوە روویان لە دەشتەکان و شارەکان و شەقامەکان کرد و لە دژی مەترسیدارترین هێزی جیهان سەنگەری شەڕیان دروستکرد و داستانی قارەمانییان تۆمار کرد.
گەیلا زۆزانیش یەکێک لەو قارەمانانە بوو، کە داستانی قارەمانی و ئەفسانەیی تۆمار دەکرد. گەریلا زۆزان بە ژیانی تێروپڕ و لێوانلێو لە تێکۆشان لە مەخموورەوە تاوەکو کەرکوک بۆ چەند ساڵ لە دژی چەتەکانی داعش شەڕی بۆ مرۆڤایەتی کرد. گەریلا زۆزان دوای ئەوەى مەترسی لەسەر کەرکوک و ناوچەکە کۆتایی پێهات جارێکیتر رووی لە چیاکانی کوردستان کردەوە.
زۆزان پەلشین لە درێژەی کاروانی تێکۆشانەکەیدا لە بۆتان گەریلایەتی دەکرد. لە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیدا لە دژی دەوڵەتی تورک بە رۆڵی پێشەنگایەتی هەستا. لە حوزەیرانی ٢٠١٨دا لە شرنەخ بەشداری کاروانی نەمران بوو. گەریلا زۆزان پەلشین بە دەنگە رەسەن و پاراوەکەى هەموو کات لە دڵی گەریلادا دەمێنێتەوە. دەنگی زۆزان ساڵی ٢٠١٤ لە کەرکوک تۆمار کرا. ئەو گەریلایەی کە دەنگی زۆزان پەلشینی تۆمار کردووە وتی، "دەنگی هەڤاڵ زۆزان تاوەکو دوا هەناسەمان لە دڵ و رۆحی ئێمەدا دەمێنێتەوە".
ژ.ت