سەرەڕای ئەوەی نزیکەی دوو هەفتەیە بەغدا زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دینار پارەی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات رەوانەی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە پاساوی ئەوەی ئەو پارەیە بەشی سەرجەم مووچەخۆران ناکات، دەستیان بە دابەشکردنی مووچە نەکردووە.
هەرچی رەخنەگرانیشن ئاماژە بەوەدەکەن کە بەرپرسانی حکومەت و بەتایبەتی پەدەکە سەرباری ئەوەی بە داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوت لە ناوخۆ دەتوانن مووچە دابەشبکەن، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان رێگری لە دابەشکردنی مووچە دەکەن.
لە کۆی سێ مووچەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ و سێ مووچەی سەرەتای ئەمساڵ تائێستا مووچەخۆران تەنیا یەک مووچەیان وەرگرتووە و دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە جارێکی دیکە ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی لێکەوەتەوە.
لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەشێک لە مامۆستایان رژانە سەر شەقام و هەوڵیاندا بەرەو دەباشان رێپێوان بکەن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگرییان لێکرا، هاوکات ئەمرۆش هاوشێوەی رۆژانی رابردوو فەرمانبەران و چەند فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەک لە سنووری سلێمانی بەردەوامبوون لە بایکۆت ونەچوونە سەر کارەکانیان.
تیمی یەنەکە لە حکومەتی هەرێم، پێشتر لە روونکردنەوەیەکدا پەدەکەی بە رێگریکردن لە دابەشکردنی مووچە تۆمەتبارکردبوو.
هـ . ب