لە ڕحا دەیان هەزار کەس کۆبوونەوە: بێ سەرۆک ژیان نابێ

جۆشی نەورۆز لە ڕحا دەیان هەزار کەسی کۆکردەوە، لە ئاهەنگەکە دووپاتکرایەوە "گەل ڕێبەری خۆی دەوێت، بە بەرخۆدان گۆشەگیری دەشکێنین".

ئاهەنگی نەورۆز لە ڕحا بە درووشمی "ڕاپەڕە کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" لە یاریگای ١١ ی نیسان ئەنجامدرا، هەزاران کەس بەشداربوون. هاوڵاتیان بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای سەوز و سور و زەردەوە گەیشتنە گۆڕەپانی نەورۆز.

هاوڵاتیان گۆرانیان چڕی، درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی نەورۆز" و "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرزکردەوە. هەروەها پانکارتی "ڕاپەڕە، کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" و "نەورۆز پیرۆز بێت"یان هەڵواسی.

برای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، محەمەد ئۆجالان و ئەندامانی مەجلیسی دایکانی ئاشتی ڕحا، عایشە چیچەک، خوشکی یەک لە سیمبولەکانی بەرخۆدانی ڕۆژووی مەزنی مردنی ١٤ ی تەمموز عەلی چیچەک، بەشداری ئاهەنگەکە بوون.

لەسەر ناوی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) ساڵیحە ئایاتا ڕایگەیاند ژنانی کورد بە ئایدۆلۆژیای خۆیان بوونە پێشەنگ و نموونە، گوتی: "ئەم ئایدۆلۆژیایە گۆشەگیری ئیمراڵی دەشکێنێت، بەتایبەت نەورۆزی ژنانی کورد لە زیندان پیرۆز بێت. ئەم قەیومانە دەنێرینەوە و بە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی شارەکانمان بەڕێودەبەین. ئەم سەدەیە دەبێتە سەدەی ژنانی بەرخۆدەر".

پاشان پەرلەمانتاری دەم پارتی ڕحا، عومەر ئۆجالان گوتی: "نەورۆزی ڕێزدار ئۆجالان پیرۆز بێت. گەلی ڕحا لێرەیە. لە ڕێگەی ڕاست دەڕۆین. ڕۆحی سەید ڕەزا و شێخ سەعید و قازی محەمەد شاد بێت. لە چوار پارچەی کوردستان شەڕ هەیە. ڕێگەی ئیمراڵی بکەنەوە و با ڕێزدار ئۆجالان قسە بکات و چارەسەر بێتەدی. گەلی دەیەوێت ڕێگەی ئاشتی بکاتەوە. دەمانەوێت لەسەر خاکی کوردستان بەشێوەیەکی ئازاد و خوشک و برایەتی بژین. بۆ ئەوەش موخاتەب ئیمراڵییە. موخاتەب بەڕێز ئۆجالانە".

پەرلەمانتاری دەم پارتی ئیستەنبوڵ، سیری سورەیا ئۆندەر بەهۆی ڕەوشی تەندروستییەوە بەشداری نەکرد و لەڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە نەورۆزی پیرۆز کرد.

هەروەها سیاسەتمەداری کورد، عوسمان بایدەمیر پەیامێکی ڤیدیۆیی نارد و نەورۆزی لە هەمووان پیرۆز کرد.

ئاهەنگەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ بەردەوامە.