لە بەردەم دەرگای مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، تاوەكو ناو حەوشەی مۆنۆمێنتەكە، دەستەی دەستپێشخەریی خەڵكی هەرێمی كوردستانی دژی داگیركاریی ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و دروشمەکانی “فاشیست ئەردۆغان” و “شەهید نامرێت”یان دەوتەوە.
دكتۆر حەكیم عەبدولكەریم، ئەندامی دەستەی دەستپێشخەریی خەڵكی هەرێمی كوردستان دژی داگیركاریی بەیاننامەی چالاکییەکەی خوێندەوە، کە ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان کردبوو و تێیدا هاتبوو:”نزیكەی حەوت مانگە دەوڵەتی توركیا بەبڕیاری ئەرۆدغان، هەموو یاساكانی جەنگ و پێوانە ئەخلاقییەكانی پێشیلكردووە، دەیان جۆر چەكی كیمایی و بۆمبی ئەتۆمی و فسفۆڕی بەكارهێناوە، بەپێی یاسا هەمووی قەدەغەكراوە، بە بەڵگە هەمووی دەخەینە بەردەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان”.
ئاماژە بە شەهیدبوونی ١٧ گەریلا کرا، کە بەمدواییانە لە هێرشی کیمیایی دەوڵەتی تورکدا لە ناوچەکانی بەرخۆدان شەهدیبوون و هاتووە:”لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ١٧ گەریلای ئازادیی كوردستان بە كاریگەری ئەو چەكە شەهیدبوون، یەكێك لە شەهیدەكان بەناوی پەیام عەبدوڵاڤ خەڵكی سلێمانی بوو، ئەوەش جینۆسایدێكی ئاشكرایە و پاکتاوکردنی گەلەكەمان و ژینگەكەمانە”.
باس لەوەشکراوە:”ئەم هێرشانە تەنها هێرشی سەر نەیارەكانی توركیا نییە، بەڵكو هێرشە بۆ سەر تەواوی زیندەوەران و تێكچوونی ژینگە و سروشتی ناوچەكە، وەك دیاریشە هاوڵاتیانی هەڵەبجە ٣٥ ساڵە بە دەستكاریگەرییەكانی چەكی كمییاییەوە دەناڵێن، ئەم هێرشە دڕندانەی دەوڵەتی تورك هەناسەی نەوەكانی داهاتوومان ژەهراویی دەكات، سەرمان سووڕدەمێنێت لە بێدەنگیی ڕێكخراوەكانی بەناو مافی مرۆڤی جیهانیی، لەكاتێكدا دەوڵەتی تورك بەئاشكرا تیرۆر بەڕێوەدەبات و دەست بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دەبات”.
ئاماژە بە ڕێگرییەکانی پەدەکە کراوە، کە نەیانهێشتووە تیمی لێکۆڵینەوە بچنە ئەو ناوچانەی دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی تێدا بەکارهێناوە و هاتووە:”هەندێك هێزی كوردیی بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هاوكاریی بەكارهێنانی چەكی كیمیایین، بەجۆرێك دەستدەگرن بەسەر ماسكی چەكی كیمیاییدا، لەلایەكی دیكەوە دەبنەڕێگڕ لەبەردەم تیمی پزیشكی نێودەوڵەتیی بۆ لێكۆڵینەوە و ئاشكراكردنی تاوانەكانی دەوڵەتی تورك”.
لە کۆتاییدا داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ڕایگشتیی جیهان کراوە، “بەرامبەر بەم تاوانانەی دەوڵەتی تورك بێدەنگ نەبن ڕێگە بە توركیا نەدەن چەکی قەدەغەکراو بەكاربهێنێت”.
ف.ق