لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ٦ مانگدا، ٦٢ رۆژنامەنووس رووبەرووی پێشێلکاری بوونەتەوە

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایگەیاند، لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا ٢٢ حالەتی پێشلکاری تۆمارکراوە، کە بەرامبەر بە ٦٢ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، كە زۆربەیان لە شاری هەولێر بووە.

لە شاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا، لیژنەی داکۆیکردن لە ڕۆژنامەنووسان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ئاماری شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی پێشێلكارییەكانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان ڕاگەیاند.

ئاماری شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا ٢٢ حالەتی پێشلکاری  تۆمارکراوە، کە بەرامبەر بە ٦٢ ڕۆژنامەنووس پێشلکاری کراوە، کە ٥٨ لە رەگەزی نێر و ٤ ڕۆژنامەنووس لە ڕەگەزی مێ بووە.

دکتۆرە نەزاکەت حەسەن، سکرتێری لیژنەی داکۆیکردن لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاپۆرتی ژمارە ٢٩ی لیژنەكەیانی خوێندەوە و وتی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسان و سڕینەوەی میمۆری ڕۆژنامەنووسان، دیارترین پێشلکاری بوون.

سکرتێری داکۆیکردن لە ڕۆژنامەنووسان وتیشی: کۆی گشتی ٢٢ حاڵەتی پێشلکاری بەرامبەر بە ٦٢ ڕۆژنامەنووس کراوە، لەو ژمارەیەشدا دوو حاڵەتی دەستگیرکردن تۆمار کراوە، هەشت حاڵەتی ڕێگەنەدان بە ڕووماڵ و جیاکاری نێوان کەناڵەکان هەبووە، لەگەڵ چوار حاڵەتی سووکایەتی بە ڕۆژنامەنووسان و سێ حاڵەتی شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و دەست بەسەرداگرتن، یەک حاڵەتی هەڕەشەکردن و هێرش کردنە سەر دەزگا ڕاگەیاندن، هەروەها دوو حاڵەتی دەرکردن لە کار هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ژمارەی ٢٩ی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی پێشێلکاریەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان، پێشێلکاری بەرامبەر بەڕۆژنامەنووسان لە شاری هەولێر زۆرترین بووە، كە بە نۆ حاڵەت پێشەنگی پارێزگاکانی کوردستانە، دوای ئەوە پارێزگای سلێمانی بە پێنج حاڵەت، هەریەک لە شارەکانی دهۆک و کەرکوک بە سێ حاڵەت لە پلەی سێیەم دێن.

ف.ق