لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و چالاكوانانی شاری هەولێر كەمپەینەكەیان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەكرد، كە كەمپەینەكە بۆماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت.
ئەوەشیان وت: هاوڵاتیان بە پێی توانای خۆیان دەتوانن هاوكاری كەمپەینەكە بكەن و ڕوونیان كردەوە، كە هاوكارییەكان لە ڕێگەی هەدەپە و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاواوە دەگەیەنن بە زیانلێكەوتووان.
ئەوەشیان ئاشكرا كرد، دەوڵەتی تورك ڕێگەی نەداوە هاوكاری بگات بە زیانلێكەوتووان لەكاتێكدا هاوڵاتی ئەو ناوچانەی بومەلەرزەكە تێیدا ڕوویداوە پێویستی زۆریان بە هاوكارییە.
هەدەپە لە بارەگای خۆی لە پشت میگامۆڵ لە شاری هەولێر كەمپەینەكەی كردووەتەوە و لە سبەینێ لە كاتژمێر ٩ى بەیانی بۆ ٥ى ئێوارە هاوكارییەكان وەردەگیرێت و بۆ ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت.
هـ . ب