لە خەلفەتی بەرخۆدان بەردەوامە: ناتوانن ئێمە لەناوببەن!
لە خەلفەتی نوێنەری پارتە سیاسییەکان لە چالاکی دژی کودەتای قەیوم قسەیان کرد، پەیامی بەرخۆدانی هاوبەشیان دا و دووپاتیان کردەوە کە بەرخۆدان سەردەکەوێت.
لە خەلفەتی نوێنەری پارتە سیاسییەکان لە چالاکی دژی کودەتای قەیوم قسەیان کرد، پەیامی بەرخۆدانی هاوبەشیان دا و دووپاتیان کردەوە کە بەرخۆدان سەردەکەوێت.
لە ناوچەی خەلفەتی ڕحا شەرمەزارکردنی دانانی قەیوم لە ڕۆژی سێیەمدا بەردەوامە، زۆرێک لە پارت و ڕێکخراو و سەندیکاکان هاتنە ناوچەکە و لەبەردەم شارەوانی ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، تا بەردەم شارەوانی ڕێپێوان کرا و درووشم بەرزکرایەوە.
هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) مەرال دەنیش بەشتاش تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی گەلی خەلفەتی و گوتی: "ئێرە زێدی بەڕێز ئۆجالانە، لەلایەک بانگەواز دەکەن، لەلایەک سزا بەسەر بەڕێز ئۆجالان دەسەپێنن، ئێمە بانگەوازمان ناوێت، هەنگاو بنێن. هەلومەرجی ئازادی ئەو (ڕێبەر ئاپۆ) بئافرێنن. بە گۆشەگیری و هێرشی سەر سیاسەتی دیموکراتیک ناگەن بە هیچ. ئێوە کودەتاچیین. تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین".
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان ڕایگەیاند کورد دادپەروەری دەوێت، ئەوەی دیالۆگی ناوێت دەسەڵاتە، ئەوان قەیوم لە خەلفەتی و ئێلح و مێردین دادەنێن، گوتی: "کورد، دیموکراسی و یەکسانی و ئازادییان دەوێت. ئەمە تاقیکردنەوەیە بۆ ئێوە. ئەگەر باس لە چارەسەر دەکەن، کورد لێرەیە، ئیمراڵی لەوێیە. ئەگەر ئاشتیتان دەوێت دەستهەڵبگرن لە دانانی قەیوم.
پەرلەمانتارەکەمان لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان کۆبووەوە، بەڕێز ئۆجالان تیشکی خستەسەر گرنگی خەلفەتی. تا ئەم بڕیارە نەکشێنرێتەوە، بەرخۆدان دەکەین".
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند قەیوم کودەتای سیاسییە، بەدەستی کۆشک ئەنجامدراوە، هەرکەس ئاشتی بخوازێت قەیوم دانانێت، گوتی: "ئێمە لە زێدی بەڕێز ئۆجالانەوە بانگەواز دەکەین، ئێوە دەتوانن گۆشەگیری هەڵبگرن. ئێمە دژی ئێوە و گۆشەگیرییەکەتان بەرخۆدان دەکەین. دەستبەجێ گۆشەگیری هەڵبگرن".
هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئوچار ڕایگەیاند گەلی کورد دەست لە ئیرادە و تێکۆشانی خۆی هەڵناگرێت، گوتی: "ساڵانێکە بەڕێز ئۆجالان بۆ نەهێشتنی جەنگ تێدەکۆشێت. سەرەتا گۆشەگیری هەڵبگرن، دواتر قسە بکەن. لەبری هەڵگرتنی گۆشەگیری، قەیوم دەنێرن بۆ سەر ئیرادەی گەل".
هاوسەرۆکی شارەوانی خەلفەتی، سانیە بایرام ڕایگەیاند با قەیوم دەست لەسەر خەلفەتی و کوردستان هەڵبگرێت، دەوڵەت هەموو دەرفەتێکی خۆی بەکارهێنا لە دژمان بەڵام نەیتوانی ئێمە لەناوببات.
بەشێک لە پارت و ڕێکخراوەکانی دیکەش وتەی خۆیان پێشکەش کرد. دواتر شاندەکە و هاوڵاتیان تا بینای دەم پارتی ڕێپێوانیان کرد.