بە دیمەن

لە کۆڕێکدا لە کەرکوک باس لە گرنگی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کرا

لە کەرکوک، لە کۆڕێکدا بەناونیشانی "عێراقی نوێ و رۆڵی پێکهاتەکان" باس لە گرنگی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کرا بۆ چارەسەری پرسی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق.

لە هۆڵی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتیی ڕۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، چالاکوان و مێژووناس، لەژێر ناونیشانی "عێراقی نوێ و رۆڵی پێکهاتەکان" کۆڕێک بۆ چالاکوانی سیاسی نەورۆز سەراج ڕێکخرا، کە تێیدا باس لە گرنگی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کرا کە باشترین چارەسەرە بۆ پرسەکانی گەلانی عێراق کە دەتوانێت ئاڵۆزی سیاسی، کەلتوری و فەرهەنگی، مێژووی و ئابووری نەهێڵێت و چارسەری کێشەکان بکات و خەڵکی بهێنێتە سەر ئاڕاستەیەک کە کۆمەڵگا خۆی بتوانێت چارەسەری پرسەکانی بکات.

"سیاسەتی دەوڵەت و دەسەڵات وای کردووە پێکهاتەکان ڕۆڵیان نەبێت"

سەبارەت بە کۆڕەکە، نەورۆز سەراج، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) فوتی: "وەکو هەستکردن بە بەرپرسیارێتی درکم بەوە کرد کە عێراق لە قۆناغێکی زۆر مەترسیداردایە، مێژووی عێراق گرنگی خۆی هەیە کە بتوانین قسەی لەسەر بکەم، بۆیە کۆڕێکم بە ناونیشانی "عێراقی نوێ و ڕۆڵی پێکهاتەکان لە عێراقدا" هەڵبژارد، تا بتوانم قسە بکەم لەسەر ئەو بابەتەی کە عێراق چۆن دامەزراوە، کاری دامەزراندنەکەی چی بووە، چۆن بەرەوپێش چووە، چۆن عێراقێکی خوێناوی هاتەکایەوە، هەروەها تاکو ئێستا بۆچی پێکهاتەکان نەیانتوانیوە وەکوو پێکهاتەیەک لەناو کۆمەڵگەی عێراقیدا ڕۆڵێکی سەرەکی و ستراتیژی ببینن، دیارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی دەوڵەت و دەسەڵات و سیستەم لە کۆمەڵگەی عێراقیدا بۆیە ئەمەم بە گرنگ بینی کە بتوانین لەو تەوەرەدا قسە بکەین".

"لە سیستەمی خۆبەڕێوبەری دیموکراتیک ئاشتەوایی دێتەوە ناو گەلانی عێراق"

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆڕەکەی، نەورۆز سەراج وتیشی:"هەر لەدرێژەی کۆرەکەدا توانیمان باسی عێراق بکەین وەکو مێژوو و ڕۆڵی پێکهاتەکان و جینۆساید و لێدان و پارچەکردنی پێکهاتەکان لەناو عێراقدا، دواجاریش بگەڕێین بۆئەوەی کە بزانین چارەسەری چییە یان چۆن بتوانین فەلسەفەیەکی جێگیرکراو یان ئامادەکراو لە چوارچێوەی سیستەمێکی بەڕێوبەریدا وەڵام بێت بۆئەوەی کە عێراقییەکان بتوانن لەژێر ئەو سیستەمە بەڕێوبەرییەدا خۆیان بەڕێوەببەن و ئاشتەوایی و پێکەوە ژیانی جارێکی تر بێنێتەوە ناو گەلانی عێراق".

"ئەم فکرە پێویستە بۆ شارێکی فرە پێکهاتەی وەکو کەرکوک"

لە کۆتایی قسەکانیدا، نەورۆز سەراج بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی شارێکی فرە نەتەوە و فرە بیروباوەڕی وەکو کەرکوکی کرد بۆ پێشکەش کردنی کۆڕەکەی و ڕایگەیاند: "بۆ ئەم کۆڕە شاری کەرکووکم پێ گرنگ بوو لەبەرئەوەی کەرکوک بە درێژایی مێژوو، شارێکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێ نەتەوە و ئایین و مەزهەبی جیاواز کە بەڕاستی لێرەدا گرنگە کە ئێمە بتوانین لە سەنتێزی فکری کۆمەڵگای کەرکوکی بتوانین لەناو پێکهاتە جیاوازەکانی ناو کەرکوکدا ئەم گفتوگۆیە بجوڵێنین و بتوانین چارەسەرییەکە بگاتە ئاستێکی پێویست لە ئاست ئەم پرسەدا کە ئێمە ئەمڕۆ بۆی هاتووینە شارەکە".