لە کەلار سیمیناری 'پیلانگێڕی نێونەتەوەی و قەیرانی سیستم' بەڕێوەچوو

لە قەزای کەلار سیمیناری "پیلانگێڕیی نێونەتەوەی و قەیرانی سیستم" بەڕێوەچوو. لە سیمینارەکەدا ڕایگەیاندرا، سیستمی سەرمایەداریی جیهانی بە چەندین پڕۆژەی جیاواز هەوڵی لەناوبردنی کوردی داوە.

لە قەزای کەلار لە گەرمیان بە پێشەنگایەتیی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان سیمینارێک لەسەر 'پیلانگێڕیی نێونەتەوەی و قەیرانی سیستم' لە هۆڵی سوڵتان بەڕێوەچوو.

لە سیمینارەکەدا ڕۆژنامەنووس حەسەن جودی ڕایگەیاند، سیستمی سەرمایەداریی جیهانی لە ڕێگەی هەر چوار دەوڵەتی عێراق، ئێران، تورکیا و سوریاوە ژمارەیەک پرۆژەی دژ بە گەلی کورد ئەنجام داوە و وتی، "یەکێکیان نکۆڵیکردن بوو لە گەلی کورد، ئەوی تریان پاکتاوکردن و سڕینەوەى گەلی کورد بوو لە رێگەى کۆمەڵکوژکردنی کوردەوە".

جودی ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی ئەم پرۆژانە لە گەیشتن بە ئامانجەکەیاندا سەرکەوتوو نەبوون، رێگای پرۆسەی ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوەی گەلی کوردیان گرتەبەر و وتی: "هەوڵیاندا زمان و کولتوری کوردی لەناوببەن. پرۆسەیەکی تر سیستمی دابەشکردنی خاک و نەتەوەیی کورد بوو، کە لە رێککەوتنی لۆزاندا کوردستانیان بەسەر چەند بەش دا دابەش کرد. هەروەها پرۆژەیەکی تریان  کۆچپێکردن و دورخستنەوەی کورد بوو لە نیشتمانی خۆی و بەو هۆیەوە ئێستا نیوەی کورد لە دەرەوەی کوردستان دەژین".

ژ.ت