بە دیمەن

لە کەرکوک کۆڕی "پرۆژەی ئینسكلۆپیدیای گوندەکانی كەركوک" سازکرا

لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "پرۆژەی ئینسكلۆپیدیای گوند و لادێیەكانی پارێزگای كەركوک" کۆڕێک بۆ نووسەر و مێژوونووس سمكۆ بەهرۆز سازکرا.

کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كتێبخانەی كارێز لە شاری کەرکوکی باشووری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتیی ڕۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، هونەرمەند، چالاکوان و مێژووناس، لەژێر ناونیشانی "پرۆژەی ئینسكلۆپیدیای گوند و لادێیەكانی پارێزگای كەركوك" کۆڕێک بۆ نووسەر و مێژوونووس سمكۆ بەهرۆز سازکرا.

مامۆستا سمكۆ لەوەتەی دەستی پێنووسی گرتووە و خەریكی نووسینە، تەواوی هەوڵ و توانای خۆی بۆ خزمەت كردنی هەمەجۆر لایەن و بواری مێژووی كەركوک تەرخان كردووە، چەندین كتێبی دانسقەی لەم بوارەدا نووسیوە و چاپی كردوون، گەورەترین كاری لەم بوارەدا "ئینسایكلۆپیدیای كەركوک"ـە لە دە بەرگدا، كە ساڵی ٢٠٢٣ چاپ كرا.

جێگای ئاماژەیە، مامۆستا سمكۆ بەهرۆز ساڵانێكە خەریكی پرۆژەی ئینسكلۆپیدیای گوندەكانی پارێزگای كەركوكە، لەم ڕووەوە كاری زۆری كردووە، و لە کۆڕەکەدا بە وردی باسی پرۆژەكەی کرد و داوای لە هەمووانیش کرد هاوکاربن لە بەجێ گەیاندنی ئەم پرۆژە كولتووری و مێژووییە گرنگەی كەركوكدا.

"خەریکە مێژووی ئەو گوند و لادێیانە بەرەو نەمان دەچێت"

سەبارەت بە کۆڕەکە و " پرۆژەی ئینسكلۆپیدیای گوند و لادێیەكانی پارێزگای كەركوک"، نووسەر و مێژوونووس سمکۆر بەهرۆز بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) گوتی: " ئەم کۆڕە درێژە پێدەری پرۆژەی ئینسایکڵۆپیدیای کەرکوکە کە لە پێشوودا لە دە بەرگدا بەدەستەجەمعی بەرهەممان هێناوە، دەتوانین بڵێین ئەمە قۆناغێکی گرنگە لەو قۆناغەی بۆ بەرەو پێشبردنی بەرگی دووەمی ئینسایکلۆپیدیەکان کە ئەوەش تایبەتە بە گوند و لادێ و ئاواییەکانی پارێزگای کەرکوک، چونکە خەریکە مێژووی ئەو گوند و لادێ و ئاواییانە بەرەو نەمان دەچێت بەشێکی زۆری بەهۆی ئەوەی ئەو کەسانەی کە زانیاری و لێکۆڵینەوەیان هەبوو سەبارەت بە مێژووی گوندەکانیان، بە تایبەتی لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا بەشێکی زۆریان گیانیان لەدەستدا و زانیارییەکان لەناوچوون".

"هەنگاوێکی گرنگە بتوانین ئەو مێژووە وونە بنووسینەوە"

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ئەو نووسەر و مێژوونووسە گوتیشی: "ئەم پرۆژەیە بۆ ئێمەی کوردی کەرکوک هەنگاوێکی گرنگە تا بتوانین ئەو مێژووە وونەی دەربارەی دروستبوونی گوند و لادێیەکانی پارێزگای کەرکوک بنووسینەوە، کە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ گوندە، دەتوانن بڵێین ئینسکلۆپیدیاکە خۆی لە ٤٠ بەرگی قەبارەی ئەیفۆردا دەبینێتەوە".

"پێویستە نووسەران و رۆشنبیران هاوکاربن لە ناساندنی مێژووی گوندەکانیان"

لە کۆتایی قسەکانیدا سمکۆر بەهرۆز گوتی: "ئامانج لەم کۆڕە بۆ ناساندن و ئاسانکردنی نووسینەوەی مێژووی گوند و لادێیەکانی کەرکوکە بۆئەوەی کە بە دەستەجەمعی نووسەران و ڕۆشنبیران هەریەکە لەلای خۆیەوە کە ئاشنایە بەو زانیاریانەی کە دەربارەی گوندەکەی خۆی هەیەتی بتوانن بەشداری تێدا بکەن بۆئەوەی بە دەستەجەمعی بێت لە هەموو لایەکەوە بتوانین سەرکەوتنی پرۆژەکە بەدەست بێنین".

جێگای ئاماژەیە، سەدان گوندی كورد لە ساڵانی ١٩٦٣، ١٩٧٤، ١٩٨٧، ١٩٨٨ و ساڵانی دیكە، خاپوور و كاولكران و خاكەكەیان لە لایەن عەرەبی هاوردەوە داگیر و زەوت كراون.