لە ناو بنەماڵەیەکی جەردەوانەوە بەشداری ریزەکانی گەریلا بووە

گەریلا میتان گەڤەر لە بنەماڵەیەکی جەردەوانی گەڤەرەوە بەشداری ریزەکانی گەریلا بووە و لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەریلایەتی دەکات و داوای لە جەردەوانەکان کرد، کە نابێت خوێنی خوشک و براکانی خۆیان بڕێژن.

میتان گەڤەری ساڵی ٢٠٠٠ لە گەڤەر لەناو بنەماڵەیەکی جەردەواندا لە دایکبووە. کاتێک گوندەکەیان بە ناوی گەلیی دۆزکی لەلایەن دوژمنەوە دەسوتێنرێت کۆچ دەکەن بۆ گەڤەر. گەریلا میتان لە ناو بنەماڵەیەکدا گەورە بووە، کە جەردەوانی دەکەن.

"لە شوێنێکدا سەرهەڵدان هەبێت دەوڵەت لەگەل دەترسێت"

گەریلا میتان بەمشێوەیە باسی بنەماڵە و گەڕانەکانی خۆی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و وتی، "لە ناو عەشیرەتی دۆزکی دا جەردەوانی زۆر پێشخراوە. دەوڵەت دەستێکی زۆری لە ناویاندا هەیە. من لە ناو سیستمێکدا کە جەردەوانیی زۆری تیادایە گەورە بووم. ئەگەر لە شوێنێکی کوردستاندا وڵاتپارێزی بەهێز بێت، گەل پەیوەست و پێبەندی کولتور و رۆشنبیریی خۆی بێت، بە زمانی خۆی قسە بکات، لە دژی دەوڵەت سەر بەرز بکاتەوە، ئەو کاتە دەوڵەت لەو گەلە دەترسێت. بۆ ئەوەى رێگری لە کولتور و رۆشنبیریی وڵاتپارێزی بکرێت، دەوڵەت هەموو شتێک دەکات. سیخوڕی پێشدەخات. ئێمە لە شوێنێکی وەهادا گەورە بووین.

 گەڤەر ئەو شوێنە بوو، کە وڵاتپارێزیی زۆری تیادا بوو، دەوڵەت لەوە دەترسا و بۆ ئەوەى ئیرادەی ئەو گەلە بشکێنێت هەموو جۆرە شێوە و رێبازێکی بەکاردەهێنا. جەردەوانیش یەکێک لەو شێوازانە بوو. بنەماڵەکەمان کەتبووە داوی ئەو سیاسەتەى دەوڵەت و تووشی توانەوە و ئاسیمیلاسیۆن و لە خۆنامۆبوون کرابوو. کوردبوونی خۆیان لە بیرکردبوو. دەوڵەت ئەوانی خستبووە دۆخێکەوە، کە موحتاج و ناچاری دەوڵەت بن.

هەر، کە کات تێدەپەڕی سەیری ئەو دۆخەم دەکرد، کە ئێمە تیایدا دەژیان و دەمخواست لێی تێبگەم. من وەک کوردێک بۆ بە کولتوری خۆمەوە گەورە و پەروەردە ناکرێم؟ چۆن هەوڵیانداوە مێژووی من بسڕنەوە، بۆ بەها و نرخەکانی ئێمە لەلایەن دوژمنەوە پێشێل دەکرێت، ئەو دۆخە بۆ هەیە و بۆ ئەو کارانە دەکەن؟ من هێدی هێدی لە هەموو ئەوانە تێدەگەیشتم. ناکۆکی و چەخماخە لە مێشکمدا دروستبوون. هەر کە ناکۆکی زیاتر دەبوو، گەڕان و لێکۆڵینەوەى منیش زیاتر دەبوو. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانمدا بڕیارم دا، کە بەشداری ریزەکانی گەریلا ببم".

"پێویستە خوشک و برای خۆیان نەکوژن"

گەریلا میتان گەڤەر لە بەردەوامیی وتەکانیدا بانگەوازی بۆ جەردەوانەکان هەبوو و وتی، "پێویستە گەلەکەمان لەوە تێبگات، کە بۆ جەردەوانی و سیخوڕی لەلایەن دەوڵەتەوە پێشدەخرێت. پێویستە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە بکەن. دەوڵەت چەند برسیبوون و هەژاریش بەسەر گەلدا بسەپێنێت، بەڵام پێویستە هەر جەردەوانی قبوڵ نەکرێت. پێویستە لە دژی خوشک و براکانی خۆیان چەک هەڵنەگرن. دەوڵەت سەرەتا گەل برسی دەکات و دواتر بۆ ئەوەى بەشداری ئۆپراسیۆن ببن، گوشار لەسەر گەل دروست دەکات. ئەوانیش لەو دۆخەدا سەر بۆ ئەو سیاسەتەى دەوڵەت دادەنەوێنن. بەشداری لە ئۆپراسیۆن دا دەکەن و دواتریش دەکوژرێن. پێویستە جەردەوانەکان ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن، 'ئێمە بۆ لە بەرەی پێشەوەی شەڕدا لە دژی خوشک و براکانی خۆمان شەڕ دەکەین؟'، دەوڵەت بۆ سەربازەکانی خۆی ناخاتە ریز و بەرەی پێشەوە؟' ئەو دۆخە دۆخی کوشتنی برایە بە دەستی برا. پێویستە جەردەوانەکان بە باشی لەوە تێبگەن. دەبێت بزانن، کە لە دژی کێ شەڕ دەکەن".

"دەبێت گەنجان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی رژێمی ئێران هەستیار بن"

میتان، کە لە چیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گەریلایی دەکات لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەژارن. رژێمی ئێرانیش ئەو هەژارییەوە بۆ خۆی دەقۆزێتەوە. دوژمنەکەمان لێرە درۆ دەکات و کوشتاریش ئەنجام دەدات و گەلیش دەگرێت و زیندانیان دەکات. بەڵام سەرباری ئەوەش هەندێک لەگەڵ دوژمندا و لە هەمان بەرەدا لە دژی بەها و نرخەکانی خۆی شەڕ دەکات و ئەوەش گەورەترین خیانەتە. گەلەکەمان نابێت بە یارییەکانی دوژمن بڕوا بکات و فریو بدرێت، بۆ داوایان لێدەکەم هۆشیار بن. بە تایبەتی پێویستە گەنجان لە دژی ئەو سیاسەتانە بێنە دەنگ و دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە. سیخوڕەکان لە ناو خۆیاندا دەرپەڕێنن. کات کاتی ئێمەیە. کەممان ماوە بە ئازادی بگەین".

ژ.ت