پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، پانێلێک لە هۆڵی کۆنفرانسی شێخ قادر، کە لە لایەن بەشی کارگێڕی کاری پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی ڕێکخرابوو، بە بەشداری هەریەک لە سۆران عومەر ، دارا سێکانیان و یادگار محموود، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.
لە پانێلەکەدا هەر یەک پانێلێستەکان سەبارەت بە کێشەکانی ماوەی ڕابردووی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران کە تا چەند خراوەتە نێوان ململانێی سیاسی، گفتوگۆیانکرد، بەشێکیان پێیان وابوو، بڕیاری ڕادەستکردنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم بە حکومەتی ناوەندی عێراقی، کارێکە کە چارەسەری کێشەی موچە دەکات و لە بەرژەوەندی موچەخۆرانی هەرێمدایە.
سەرەتای پانێڵەکە، بە بەخێرهاتنی ئامادەبووان و گفتوگۆی نێوان پانێڵیستەکان دەستیپێکرد.
یادگار مەحموود ئەندامی نوێنەران باسی لەوەکرد: وەک نوێنەران ئەو کەرەستانەی کە بە دەستمانەوەیە بۆ هێنانەوەی ئەو مافانەیە کە لە دەستوردایە، ئێمە دەبێت هەمیشە بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، دەتوانم بڵێم؛ مافەکانی هەرێم و مافەکانی کورد لە دەستووردا ئاماژەی پێدراوە.
هەروەها سۆران عومەریش، پرسی موچەخۆرانی هەرێم و دابەشکردنی موچەی لەلایەن حوکمەتی عێراقییەوە بە چارەسەر زانی و وتیشی: هەرێم پابەند نەبووە، بۆیە تا ئێستا کێشەی موچە بە تەواوی چارەسەر نەکراوە.
لە ناو پانێڵەکەدا یادگار مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، سەر بە پەدەکە، ڕای لە تەواوی پانێڵیستەکانی تر جیاواز بوو، پێیوابوو کە ڕادەستکردنی موچە کێشەکانی هەرێم و موچە چارەسەر ناکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی فەرمانڕەوایەتی پەدەکەدا لە هەرێم، موچەخۆرانی هەرێم بە خراپترین دۆخدا تێپەڕیوون و بێبەشکراون لە شایستە داراییەکانی خۆیان.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، ئامادەبووان چەندین پرسیاریان لە بارەی پرسی موچە ئاڕاستەی پانێڵیستەکان کرد و وەڵامیان درایەوە.
هـ . ب