چەندین ساڵە شاری وان لەژێر گەمارۆی ئابوری دەوڵەتی تورکدایە، بەڵم لەگەڵ قەیرانی ئابوری، دۆخەکە زیاتر خراپ بووە و ڕێژەی بێکاری لەو شارە زۆر بەرزبووەتەوە.
ئایدن تورکمەن کە هاوڵاتیەکی شاری وانە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) رایگەیاند، لەم چەند ساڵەی رابردوودا بەهۆی قەیرانی ئابوری، ژیان زۆر سەختتر بووە و وتی، " لەم ساڵەی دواییدا، هەرچی پاشکەوتی ساڵی رابردوو بوو، ئەمساڵ هەمووییم خەرج کرد. نزیکەی ٨ مانگە هیچ کارێک ناکەم. چ پارەیەکم لە دەستدابوو، هەمووی رووی. لەبەرئەوەی تاوەکو ساڵی ڕابردووش، خانەوادەیەک بە ٤٠٠ لیرە دەژیا، بەڵام ئەمساڵ ٤٠٠ لیرە بەشی ٣ رۆژی خانەوادەیەک دەکات. ئەمڕۆ خەرجی خانەوادەیەک، لەنێوان ٣ بۆ ٤ هەزار لیرەیە. ساڵی رابردوو، پسوڵەی غازی سروشتی ١٥٠ بۆ ٢٥٠ بوو لە مانگێکدا، بەڵام ئەمساڵ بووەتە ٤٥٠ بۆ ٧٥٠ لیرە. هەروەها پسوڵەی ئاو لەنیوان ٧٠ بۆ ١٠٠ لیرە بوو، ئەمساڵ بووەتە ٣٥٠ بۆ ٥٠٠ لیرە. ئەمە بە تەنها چەند شتێکە. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێت، ژیان بەڕێوەناچێت و پەکی دەکەویت."
دوو ساڵە نەمانتوانیوە جل بکڕێن و گۆشتیش ئەگەر لە خەودا ببینین
شەنگول مەیدانیش کە هاوڵاتیەکی شاری وانە بۆ ئاژانسەکەمان ئاماژەی بەوەدا کە خانەوادەیەکی ٧ کەسین و بە تەنها ئەو کار دەکات. هاوسەرەکەی بێکارە و ئەویش لە جێگەیەک بە ٢ هەزار و ٨٠٠ لیرە کار دەکات و وتی، " باشە بەم موچەیە چۆن بژین؟ موچەکەم بەشی خەرجی ماڵ و منداڵ و پسوڵەکان ناکات. هەموو مانگێک پێویستە قەرز بکەین. من و هاوسەرەکەم نزیکەی ٢ ساڵە هیچ جلێک و پێڵاوێکمان نەکڕێوە. ئەوە گۆشتی سور هەر باسی مەکە، ئەگەر لە خەودا بیبینین. ئێدی ژیان بەڕیووە ناچێت. هیچ خۆشیەکمان لەم ژیانەدا نەماوە. دەستمان لە خۆمان هەڵگرتووە، بیر لە منداڵەکانمان دەکەینەوە. بۆ ئەوان لەم ژیانەدا هەوڵ دەدەین."
ف.ق