لە شەنگال پانێڵك لەسەری کۆمەڵکوژیی ٣ ئاب بەڕێوە چوو

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئیزدخان لە پانێلێکدا یادی کۆمەڵکوژیی ٣ ئاب-یان لە شەنگال کردەوە.

لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ دا چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و کۆمەڵگاکانی نێشتەجێبوونی دەوربەری و کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان ئەنجامدا. سەری هەزاران پیاویان لە جەستەیان جیاکردەوە و هەزاران کچ و ژنی ئیزدیان فڕاند و لە بازارەکانی جیهان فرۆشتنیان. لەو ساڵە بە دواوە تا ئێستا هەموو ساڵیک یادی ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن ژنانی ئێزدییەوە دەکرێتەوە، کە بە فەرمانی ٧٣ ی ئیزدیان ناوی دەبەن.

 لەگەڵ نزیکبوونەوە لە یادی ئەو ڕۆژە تەڤگەری ژنانی ئیزدی دەستی بە چالاکیی جۆراوجۆر بۆ یادکردنەوەی ئەو فەرمانە و هۆشیارکردنەوەی ژنانی ئیزدی بۆ خۆپاراستن و پێشخستنی تواناکانیان. لەو چوارچێوەیەدا تەڤگەری ژنان بە پانێلک فەرمانیان خستە بەر باس و لە هۆکارەکانیان کۆڵییەوە.

سەبیحە سەبری یەکێک لە پانیڵیستەکان ئاماژەی بەوەکرد، ئامانج لە پانێڵەکە گفتوگۆکردنە لەسەر دۆخی کچانی ئیزدی لە پێش فەرمان و دوای فەرمان و ئەو کچانە تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە و وتی : "ڕەخنەمان لە حکومەتی عێراق و هەرێم هەیە، کە تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان نەکردوە لەو کەسانەی کە شەنگالیان ڕادەستی داعش کرد و گەلی ئیزدیان بی پاراستن هێشت".

هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا حکومەت لە ئاستی چارەنووسی گەلی ئیزدی و ئەو کچانەی کە بزرن، بێ باکن و هیچ کارێک ناکەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کچانە و گەڕانەوەیان بۆ شەنگال.

لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی، بانگەوازمان ئەوەیە، کە دەبێت گەلی ئیزدی ڕۆڵی گەریلاکانی ئازادی لە بیر نەکەن لە قۆناغێکی هەرە زۆر و زەحمەت دا، کە بە هاواری کۆمەڵگای  ئیزدییەوە هاتن و ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵگایان لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کرد.

ژ.ت