لە شەنگال یادی فەرماندەی یەژاستار مەدیا عەگید بەرزڕاگیرا
بە مەراسیمێکی جەماوەری لە شەنگال یادی فەرماندەی یەژاستار مەدیا عەگید بەرزڕاگیرا.
بە مەراسیمێکی جەماوەری لە شەنگال یادی فەرماندەی یەژاستار مەدیا عەگید بەرزڕاگیرا.
فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیی یەژاستار دوێنێ رایگەیاند، کە یەک لە فەرماندەکانی یەژاستار مەدیا عەگید لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە هەڕێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهید بووە. شەهید مەدیا عەگید لە شەڕی دژ بە داعش لە کەرکوک و لە قۆناغی دواتریشدا لە شەنگال فەرماندەیی هێزەکانی گەریلا و شەڕڤانانی لە ئەستۆ بوو.
بۆ یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی یادی شەهید مەدیا عەگید لەلایەن دەزگای بنەماڵەی شەهیدانی شەنگال لە مەزارگەی شەهیدانی شەهید دڵگەش و بەرخودان لە شەنگال مەراسیمێک سازکرا.
مەراسیمەکە بە خولەکێک رێزلێنان لە سەرجەم شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و شەنگال دەستیپێکرد و دواتریش مۆم داگیرسێندرا.
دواتریش لە سەر ناوی دەزگای بنەماڵەی شەهیدان پەیمان شەنگالی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید مەدیا عەگید و سەرجەم گەلی کورد کرد و وتی، "لە کاتی فەرماندا ژمارەیەکی زۆر هەڤاڵی بەنرخ روویان کردە شەنگال. بەشێکیان شەهیدبوون و بەشێکیشیان هێشتا لە ژیاندا ماون. ئەو هەڤاڵانە لە پێناو رێکخستنی کۆمەڵگەکەمان رەنجی زۆریان کێشا. لە سایەی رەنجی هەڤاڵانی وەک هەڤاڵ مەدیایە کە گەلەکەمان دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. هەموو ئەوانەی لەسەر خاکی ئێمە رەنجیان کێشاوە و شەهیدبوون، شەهیدی ئێمەن و لە سەر رێبازی ئەوان بەردەوام دەبین".
لای خۆشیەوە ئاخین ئینتقام بە نوێنەرایەتی یەژەشە لە مەراسیمەکەدا وتەی پێشکەش کرد و باسی لەوەکرد، کە شەهید مەدیا لەو فەرماندانە بووە کە لە تێکشکاندنی داعشدا رۆڵ و هەوڵی زۆری هەبووە و لە هەموو شوێنێکی وڵاتەکەمان لە پێناو پاراستنی گەلەکەماندا لە سەنگەرەکانی پێشی پێشەوە بووە. شەهید مەدیا بە رۆحی ئاپۆییەوە لە کەرکوکەوە تا مەخمور و شەنگال لە دژی دڕندەیی داعش وەستایەوە و تا کۆتا ساتی ژیانی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەجێگەیاند. هەروەها لە دامەزراندنی یەبەشە و یەژەشەدا رۆلی گەورەی گێڕا".
بە نوێنەرایەتی لە بزوتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) دایە شەمۆش وتی، هەموو ئەوانەی لەپێناو رێکخستنی کۆمەڵگەکەمان رۆڵیان هەبووە، هەرگیز لەیادیان ناکەین. ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە خاوەنداری لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکەین. بە مسۆگەرکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری خەونی سەرجەم هەڤاڵانی شەهید بەدیدەهێنین.
دوای وتارەکان لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید عەگید بەڵگەفیلمێک نمایش کرا و مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمی 'شەهید نامرن' کۆتاییهات.