لە سلێمانی مەراسیمی پرسەی گەریلای هەپەگە شەهید باران چیا بەڕێوەچوو
ئێوارەی ئەمڕۆ لە کامپی باریکەی عەربەتی شاری سلێمانی بۆ گەریلای هەپەگە شەهید باران چیا، کە لە هەرێمی زاپ شەهید بوو، بە شێوەیەکی جەماوەری مەراسیمی پرسە بەڕێوەچوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە کامپی باریکەی عەربەتی شاری سلێمانی بۆ گەریلای هەپەگە شەهید باران چیا، کە لە هەرێمی زاپ شەهید بوو، بە شێوەیەکی جەماوەری مەراسیمی پرسە بەڕێوەچوو.
هەپەگە، ئەمڕۆ ناسنامەی گەریلایەکی شەهیدی بە ناوی ئالان عەلی، لەدایکبووی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند، کە ساڵی ٢٠١٥ لە پاش ئاوارەبوونی خێزانەکەی بۆ باشووری کوردستان بەشداری ڕیزی گەریلاکانی ئازادی کوردستان بووە و لە ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٥ لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا شەهید بوو.
بەو بۆنەوە ئەمڕۆ لە کامپی باریکەی عەربەتی شاری سلێمانی، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتپارێزان و بنەماڵەی شەهیدان و کەسوکاری شەهید مەڕاسیمێکی شکۆدار بەڕێوەچوو، سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی شۆڕش دەستی پێکرد.
دواتر وەهاب ئەحمەد لەسەر ناوی کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدان لە باشووری کوردستان لێدوانێکی پێشکەش کرد وتی: "بەبێ شەهیدان هیچ تێکۆشانێک بە ئامانج ناگات ئەم مەڕاسیمە لەکاتێکدایە کە تەواوی گەلەکەمان لە چاوەڕوانی ئاشتیدایە، ئەمەش بە واتای ئەوەدێت کە ئاشتی بەبێ شەهیدان بەدی نایەت، لەکاتێکدا گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە چاویان لە سەرکەوتنی پڕۆسەکەیە تا بەئاشتی بژین."
وتیشی: "شەهید باران لە تەمەنێکی کەمەوە دەستی بە تێکۆشان کرد بۆ ئازادی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە تا چیا ئازادەکان، بەرانبەر شەهیدان بەرپرسیاریمان لەسەرە درێژەپێدەری ڕێگای تێکۆشانیان بین، لەکەسایەتی شەهید باران سەرجەم شەهیدانی ڕێی ئازادی کوردستان بەبیر دێنینەوە و سەری ڕێزو نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید و گەلی کورد دەکەین."
دواتر شەرڤین دەلیل نوێنەری پەیەدە لە سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "لەسەرەتادا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهید باران و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی، گەلی کورد و ڕێبەر ئاپۆ دەکەین. وەک دەزانن ئێمە گەلێکین ئاشتیمان دەوێت بەڵام دوژمنی گەلی کورد دڕندەیە و درێژە بە هێرشەکانی دەدات، هەڤاڵ باران نە شەهیدی یەکەمە و نە شەهیدی کۆتاییە، گەلی ئێمە لەپێناوی ئاشتی و دیموکراسیدا بە هەزاران شەهیدی داوە، بە خوێنی ئەو شەهیدانەیە وا ئێستا گەلی کورد لە ئاستی جیهان کاریگەری دروست کردووە، تورکیا و ئەردۆغان دەیانویست گەلی کورد لەناوبەرن بەڵام گەلی کورد بە شەهیدەکانیەوە وڵامی داگیرکەرانی لە هەرچوار بەشی کوردستان داوەتەوە."
هەروەها محیەدین یوسف حەسەن لەسەرناوی دەستەی بەڕێوەبەری کامپی باریکە ڕایگەیاند، شەهید باران تەمەنی خۆی بۆ شۆڕش و مافی گەلەکەی تەرخان کرد و لە سایەی شەهید باران و سەرجەم شەهیدانی ئازادییەوە ئێستا گەلی کورد لە هەموو جیهانەوە دەناسرێت و هەموو کەس پشتیوانی گەلی کورد دەکات، ئێمە وەک کامپی باریکە خۆمان بە قەرزداری شەهید باران دەزانین.
مەراسیمەکە بەوتنەوەی درووشمی 'شەهید نامرێ' کۆتاییهات، وابڕیارە پرسەی شەهید دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.