لە شاری سلێمانی باشوری کوردستان، بە دەستپێشخەری نوێنەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی لە باشوری کوردستان، رۆشنبیران و نوێنەری پارتە کوردستانیەکان، هەڵسەنگاندنیان بۆ هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و باشوری کوردستان کرا.
پەیامەکە بە پێشەنگایەتی ئاسیا عەبدوڵلا هاوسەرۆکی پەیەدە و مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی و پەیامی پەیەدە دوور لە چاوی کامێراکان دەستی پێکرد.
جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە، ئەنجامننامەی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند وتی: ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نوێنەری زۆربەی پارت و لایەنە کوردیەکانی باشوری کوردستان و چالاکوانانی سیاسی کۆبووینەوە و گفتوگۆیەکی کراوەمان ئەنجامدا، بە مەبەستی دروستکردنی یەک دەنگی و یەکڕیزی دژی داگیرکاری.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا ئاسیا عەبدوڵا، هاوسەرۆکی پەیەدە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی قەسەدە، پەیامی خۆیان ئاراستەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ کردبوو، جەختیان لە سەر یەک هەڵوێستی گەلی کورد کردەوە.
ڕونیشیکردەوە کە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆیاندا، گەیشتون بە چەند خاڵێکی گرنگ، لەوانەش دروستکردنی کۆمیتەیەک بۆ بەردەوامیدان بەو جۆرە گفتوگۆیانە و دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکی دروست بۆ ئەوەی یەک هەڵوێست بن لە دژی داگیرکاری.
نوێنەری پەیەدە وتیشی: ئەو کۆمیتەیە میکانیزمێکی باش دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی دیکە بەشداری بکەن و لە داهاتوویەکی نزیکدا بەیاننامەیەک دەردەکات، پێکەوە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەرمەزار دەکەن.
ئەوەشی خستەڕوو: داوا دەکەین لە کۆمەڵگەی نێودەوەڵەتی سنورێک بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دابنێت، هەمانکات هێرشەکانی ئێرانیش بۆ سەر باشووری کوردسان، شەرمەزار دەکەین.
ئاشکراشیکرد کۆمیتە هاوبەشەکەی ئەمڕۆ دروستکراوە، سەرجەم تاوانەکانی دەوڵەتی تورک ئەرشیف دەکات و بەرزی دەکاتەوە بۆ دادگا نێودەوڵەتیەکان.
ف.ق