لە سلێمانی ساڵیادی شۆڕشی ١٢ی ئازار بەشێوەی پانێڵێک بەڕێوەچوو

لەشاری سلێمانی پانێڵێک بۆ ساڵیادی شۆڕشی ١٢ی ئازار بەڕێوەچوو، تیایدا باس لە هۆکارەکانی دروستتبوونی شۆڕشەکە و کاریگەرییەکانی کرا.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەهۆڵی تەوار لەلایەن جوڵانەوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، پانێڵێک بۆ ساڵیادی شۆڕشی ١٢ی ئازار بەڕێوەچوو

سەرەتای پانێڵەکە بە خولەکێک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد  لەلایەن ئامادەبووانەوە.

دواتر باسێکی کورت سەبارەت بە شۆڕشی ١٢ی ئازاری ٢٠٠٤، بۆ ئامادەبوان باسکرا، سەرەتای شۆڕشەکە لەیارییەکی تۆپی پێ لەشاری قامیشلۆ، کە یارییەکە لەنێوان دێرەزوور و قامیشلۆدا بوو.

پاش کۆتاییهاتنی یارییەکە شەڕ و ئاژاوە ڕوویدا، بوو بەهۆی درووستبوونی شۆڕشی ١٢ی ئازار .

پاشان لەلایەن فەتحوڵا  حوسێنی، ئەندامی پارتی چەپی کوردی سوریا باس لە قۆناغی پێش سەرهەڵدانی شۆڕشەکەی بۆ ئامادەبوان کرا، وتی حکومەتی ئەوکاتی سوریا ویستی بوونی نەتەوەکانی دیکە بسڕێتەوە لەسوریا ڕێگەی بە زمانی جگە لە زمانی عەرەبی نەدەدا قسەی پێبکرێت، گەر کەسێک بەزمانی کوردی قسە کردبایە لەخوێندنگا و زانکۆ و پەیمانگا دووردەخرایەوە.

ئەو ئەندامەی ئەوەشی باسکرد کە کوردەکانی ڕۆژئاوا لەماڵەکانی خۆیاندا خۆیان فێری زمانی کوردی و نوسین و خوێندنەوە کرد بەبێ بوونی کتێبی تایبەت و خوێندنگەی تایبەت بە خوێندن.

پاشان زەهیا ئەلڕاشی، باسی لەقۆناغی درووست بوونی شۆڕشی ١٢ی ئازار کرد، وتی: "شۆڕشەکە لە یارییەکی تۆپی پێوە درووست بوو کە لەنێوان هەردوو تیپی جیهاد لەشاری قامیشلۆ و فتوە لەشاری دێرەزوور، چارەکێک پێش دەستپێکردنی یارییەکە لەلایەن هاندەرانی یانەی فتوە بە بەرد هێرشیان کردە سەر یاریزانانی یانەی جیهاد."

هەروەها وێنەی سەدام حسێنیان بەرزکردبوەوە و وتەی نەشیاویان بەرامبەر بە یاریزانان و هاندەرانی تیپی جیهاد بەکار دەهێنا، پارێزگاری ئەو کاتەی شاری حەسەکە ویستی ڕوداوەکە گەورەتر نەبێتەوە، بەڵام دواتر بەهۆکاری بەکارهێنانی چەک، نۆ کەس شەهید بوون و سەدان کەسیش بریندار بوون، ڕێگە نەدەدرا بریندارەکان ببردرێنە نەخۆشخانەکان.

لەڕۆژی ١٣ی مانگ بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزیەکان ٢٤ کەس شەهیدبوون و چەندین کەس برینداربوون، پاشان لەلایەن عەرەبی شۆڤینیەوە خەڵکیان دەناردە سەر ماڵە کوردەکان بۆ تاڵانکردنی ماڵ و دووکانەکانیان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پاش هەفتەیەک حکومەتی سوریا هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی کوردی دەستپێکرد، بەشێوەیەکی بەربڵاو هاوڵاتیانیان دەستگیر دەکرد، و جۆرەها ئەشکەنجەی ئەوکەسانەی دەدا، چەندین کەس تا ئێستەش بەدەست ئازاری ئەشکەنجەی حکومەتی سوریاوە دەناڵێنن".

دواتر جاویدان کەمال باسی لەقۆناغی نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١١ کرد، گوتی: لەدوای ساڵی ٢٠٠٤ حکومەتی بەعسی سوریا ویستی گەلی کورد لەخاکی سوریادا نەهێڵێت، گەلی کوردیش بەردەوام هەوڵی دەدا کە بەڕێوبەرایەتیەکی خۆسەری دابمەزرێنێت، حکومەتی سوریا چەندین جۆر دژایەتی کوردی جێبەجێ دەکرد، وەک کوشتن و دەستگیر کردن و دەرکردنی خوێندکارانی کورد لەخوێندنگا و زانکۆکان.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: لەدوای ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی لەڕۆژئاوای کوردستان شۆڕش بەردەوام بوو، تا کانتۆنەکانی عەفرین ڕزگارکران، و حکومەتێکی خۆ بەڕێوبەری درووست بوو.

ئەوەی جێگەی داخە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە دژایەتی خۆی بۆ شۆڕشەکە نەشاردەوە، دوای درووستبوونی حکومەتی خۆ بەڕێوبەری ڕۆژئاوا بەبەردەوامی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش دەکاتە سەر کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا و هەوڵی سڕینەوە و لاواز کردنیان دەدات.

کۆتایی پانێڵەکەش ئامادەبووان بەپرسیارەکانیان پانێڵەکەیان دەوڵەمەندتر کرد، لەلایەن پانێڵستەکانەوە وەڵامی پرسیارەکانیان درایەوە.