لە ئێلیح بەرخۆدان بەردەوامە: ناونیشانی چارەسەری ڕێبەر ئاپۆیە

کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی دەبەپە لە ئێلح لە چالاکی ئیدانەکردندا دژ بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان قسەی کرد و داوای بەشداری لە گردبوونەوەی ١٧ی تشرینی دووەمی کرد. بایندر وتی: "چارەسەری تەنیا بە ڕێبەر ئاپۆ پێکدێت."

ماوەی ١٠ ڕۆژە خۆپیشاندان دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی ئێلیح بەردەوامە. گەل لە پارکی یڵماز گونەی کۆبوونەوە و بەرەو مەیدانی باسەنێ ڕێپێوانیان کرد. هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندریش بەشداری ڕێپێوانەکە بوو.

هەروەها هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ئێلح سۆنگول کۆرکماز لە چالاکییەکەدا ڕایگەیاند، بەرخۆدان بەردەوامە. هاوکات ئۆزنور بارتن پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی جۆلەمێرگ وتی: "ئەدیپ سۆلماز لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرا. کوژرا. ئێستا لەڕێگەی قەیومەکانەوە هێرش دەکەنە سەر ئیرادەی گەل. ئەم گەلە بە بەرخۆدانی خۆیان ڕێگە بەم تاڵانکارییە نادەن."

هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندر لە چالاکییەکەدا وتی: "ئێمە لە دژی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەمان دەستمان بە بەرخۆدان کرد، با کەس هەوڵی ئەوە نەدات ئەم بەرخۆدانە بە تاوان بزانێت. ئەوانەی بەشداری ئەم بەرخۆدان نابن، پێویستە کەرامەت نیشان بدەن. نزیکبوونەوەی تورکیا بەرامبەر بە کورد هەمان نزیکبوونەوەیە کە لە ئێلیح ڕوو دەدات. کۆمەڵکوژی، دەربەدەری، دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە هەمووی لێرە لەم شارە کراوە. گرنگی بە بەرخۆدان ئێلیح بدەن. ئەم گەلە قەد پاشەکشە ناکات.

بایندر باسی لەوەشکرد، سیاسەتەکانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دووڕوویانەیە و وتی: "ئەوانەی باسی ئاشتی دەکەن لەلایەک، لەلایەکی تر موخاتەبی ئاشتی گۆشەگیر دەکەن، ئێوە موخاتەبی ئاشتی و ئازادی و خوشک و برایەتی گەلی کورد و تورک گۆشەگیر دەکەن، ئەگەر دەتانەوێت پرسەکە چارەسەر بکرێت، موخاتەب تەنیا بەڕێز ئۆجالانە، جیا لەوە ڕێگای ئێمە تێکۆشان و بەرخۆدانە. سەرۆک کۆمار دەڵێت؛ "رێگای سیاسەتی دیموکراتیک کراوەیە، لەکوردستان ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیک بۆ گەلی کورد و سیاسەتمەدارەکانی گیراوە. پێمان دەڵێن، سەر بەرز مەکەنەوە، لەگەلەکەمان دەپرسن بۆچی ناڕەزایەتی نیشان دەدەن؟ ڕوونە گەلی کورد لە دژی ستەم و پێشێل کاری بەرخۆدان دەکات.

بایندر ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ڕۆژی ١٧ی مانگ گردبوونەوەیەکی گەورە بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجالان و چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد بەڕێوەدەچێت، داوا لە گەلەکەمان دەکەین بەشداری ئەم بەرخۆدانە مەزنە بن. ئەم گردبوونەوەیە بۆ پێشەوەچوونی سیاسەتی دیموکراتیکە."