لە زیندانی ورمێ گوشار و زۆرداری لە دژی زیندانیانی ژن زیادیکردووە

لە زیندانی ورمێ گوشار و زۆرداری لە دژی زیندانیانی ژن زیادیکردووە و زیندانیانی ژن ڕایانگەیاند، جارێکیتر و سەرلەنوێ دەست بە چالاکییە ناڕەزایەتییەکانیان دەکەنەوە.

زیندانیانی ژن لە زیندانی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای مانگرتنەکەیان لە مانگی تشرینی یەکەم دا، لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە بەڵێنیان پێدرابو، کە کۆتایی بە سیاسەتی گوشار و زۆرداری دەهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی دەوڵەت بەڵێنەکەی خۆیان  جێبەجێ نەکردووە و تا ئێستا ١٠ ڕۆژ بەسەر ئەو بەڵێندا تێنەپەڕیوە، کە دەستیان بە ئەشکەنجەدانی زیندانیان کردووەتەوە.

لە بەرامبەریشدا زیندانیانی ژن ڕایانگەیاندووە، ئەگەر دەوڵەتی ئێران واز لەو سیاسەتانە نەهێنێت دەست بە چالاکییەکانیان دەکەنەوە.

داواکارییەکانی زیندانیان قبوڵ کرا

ئەو ژنانەی لە زیندانی ورمێ دەستبەسەرکراون، لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە دژی گوشارەکانی بەرپرسانی زیندان و سەپاندنی ئەوەى، کە دەبێت زیندانیان بە زۆر بەشداری لە کۆرسەکانی رژێم دا بکەن، دەستیان بە مانگرتن کردبوو. رژێم بۆ ئەوەى زیندانیان ناچار بە بەشداریکردن لە خولەکاندا بکات، پەیوەندیی تەلەفونیی زیندانیانی لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا راگرت و رێگای بە زیندانییەکان نەدەدا هەواگۆڕکێ بکەن و رۆیشتنە حەوشەى زیندانەکەی بۆ زیندانیان کەمکردەوە بۆ تەنها یەک کاتژمێر.

ژنانی زیندانی ئیدانەی ئەو گوشارەیان کرد و سەرەتا بەتانییەکانیان سوتاند و دوای ئەوە راپەڕین. بەڕێوبەرایەتیی زیندانەکە زیندانییە راپەڕیوەکانی بۆ سزادان کردە ژووری تاکە کەسی و هەڕەشەى ئەشکەنجە و کوشتنی لێکردن. دوای بڵاوکردنەوە ئەو هەواڵانە، لە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، بەڕێوبەرایەتیی زیندانەکە لەگەڵ زیندانیانی سیاسی کۆبوونەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر کۆتایی بە بەرخۆدانی خۆیان بهێنن، هەموو مەرجەکانی زیندانییەکان قبوڵ دەکەن و لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ زیندانیانی سیاسی ڕایانگەیاند، کۆتایی بە ڕاپەڕینەکەیان دەهێنن.

هێشتا مانگێک بەسەر بەڵێنەکەیاندا تێنەپەڕیبوو دەستیان بە پێشێلکارییەکانیان کردەوە

دوای کۆتاییهاتنی ئەو ڕاپەڕینە، هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا دەستیان بە زوڵم و زۆرداری کردووەتەوە و زۆرداری و ئەشکەنجە و گوشار و کاری خراپ بەرامبەر زیندانیانی ژن ئەنجام دەدەن. رۆیشتنی زیندانیان بۆ حەوشەی زیندانەکە بە تەواوی قەدەغە کراوە. زۆربەی زیندانییە ژنەکان خراونەتە ناو کۆتخانە و قاوش. پێشتر ژمارەی زیندانییەکان لە هەر کۆتخانە و قاوشێکدا ٢٠ کەس بوو، بەڵام لە هەفتەی ڕابردووە ژمارەیان کراوە بە ٤٠ کەس.

زیندانیانی ژن: جارێکی تر دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەینەوە

ژنانی زیندانی ڕایانگەیاند، لە کاتی پەتای کۆرۆنادا بە ئەنقەست بە شێوەی بە کۆمەڵ لەگەڵ یەکتر رایانگرتوون و ئەگەر ئەو پێشێلکاری و سزادانانە بەردەوام بێت، جارێکی تر دەست بە مانگرتن لە خواردن و چالاکییەکانیان دەکەنەوە.

ژ.ت