لاهۆر شێخ جەنگی: پەدەکە بڕیاریداوە ئەم گەلە بکاتە قوربانی خۆی

لاهۆر شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەنەکە لەبارەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورک کە پێکەوە کۆبونەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، " پەدەکە ئەم گەلەی کردووەتە قوربانی خۆی."

لاهۆر شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەنەکە لەبارەی کۆبونەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورک راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و باسی ئەوەی کرد کە گەل لەلای بەرپرسانی هەرێم گرنگ نییە و وتی، " دەسەڵاتی ئەم هەرێمە بە ئەندازەی ئەوەی کە وڵاتانی دراوسێ رازی بکەن، ئەوەندە لە خزمەتی گەلەکەیاندا نین، ئەگەر نیوەی ئەوەندە لەگەڵ ئێش و ئازاری گەلەکەیان بوونایە، گەل ئەوانی لەسەر سەری خۆیان دادەنا."

لاهۆر شێخ جەنگی باسی ئەوەی کرد کە کلیلی چارەسەری کێشەکانی گەلەکەمان بە تەنها لە بەغدایە و وتی، " دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان سەردانی پایتەختی وڵاتانی دراوسێ دەکەن. بەڵام یەکجاریش ئامادە نین سەردانی بەغدا بکەن کە باش دەزانن چارەسەری بە تەنها لەوێیە."

هاوسەرۆکی پێشووی یەنەکە پەدەکەی رەخنە کرد و وتی، " ماوەیەکی وازم لە برادەرانی پەدەکە هێناوە، لەبەرئەوەی زوو بڕیاریانداوە ، ئەوان ئەم گەلەکە دەکەنە قوربانی پارتەکەی خۆیان."

هەروەها داواشی لە پارتەکەی (یەنەکە) و بزوتنەوەی گۆڕان کرد کە هاوبەشی دەسەڵاتین و وتی، " من نازانم ئێوە هیچ کاتێک بیر لە تاقیکردنەوەی گەل ناکەن؟ ئێستا ئێوە لەژێر تاقیکردنەوەیەکی گەورەدان. ئەگەر ئێوەش وەک پەدەکە چارەنوسی غازی سروشتی وەک نەوت لێبکەن، باش بزانن کە یەکەم کەس کە دژایەتیتان دەکات منم."

دەقی راگەیەنراوی لاهۆر شێخ جەنگی بەم شێوەیەیە:

" مرۆڤ کە سیاسەتی کرد حەق وایە بە ڕەوشتەوە سیاسەت بکات، حەق وایە بیر بکاتەوە کە سیاسەتکردنیش ماوەیەکی دیاریکراوە و ڕۆژێک دێت کە خانەنشین دەبێت لە کارە سیاسییەکەی. من خۆم بەردەوام بیردەکەمەوە کە خانەنشینی سیاسی دەبم، هەموو کردار و گوفتار و ڕەفتارەکانی ئێستا دەیکەم لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ڕۆژێک دێت خانەنشین دەبم لە سیاسەتکردندا، بیردەکەمەوە کە چۆن بتوانم بە سەربەرزی لە تاقیکردنەوەی گەلەکەم دەربچم، بەڵام بە داخێکی زۆرەوە هەندێک لە سیاسەتمەدار و کاربەدەستانی حکومەتەکەی خۆمان ئەوەی لایان گرنگ نەبێت تاقیکردنەوەی گەلە، ئەوەندەی خەریکی ڕازیکردنی دەوروبەر و دەرو دراوسێ و دووژمنانی گەلەکەمانن، نیو ئەوەندە بە دەم ئێش و ئازاری گەلەکەی خۆماندا بان، ئەوا دڵنیام گەل بۆ هەمیشە لە ئامێزی دەگرتن و  لەسەر سەری دادەنان.

 لە ئێستاشدا کە هەموومان دەزانین کە کلیلی دەربازکردنی گەلەکەمان لەم هەموو گیروگرفتەی کە ڕووبەڕوومان کردوونەتەوە تەنیا بەغدایە و بەس، کەچی دەبینین حکومڕانانی ئەم هەرێمە پەیتا پەیتا سەردانی پایتەختی دەرودراوسێ دەکەن، بەڵام بۆ یەکجاریش ئامادەنین سەردانی بەغدا بکەن کە باشیش دەزانن کە چارەسەر تەنیا لەوێیە، جا من بۆ خۆم دەمێکە وازم لە برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان هێناوە، چونکە ئەوان ڕاستگۆیانە سیاسەت دەکەن، ئەوان هەر زوو بڕیاریان داوە ئەم گەلە بە قوربانی حزبەکەیان بکەن، بەڵام لێرەوە ڕووی دەمم دەکەمە حزبەکەی خۆم، هەروەها بزوتنەوەی گۆڕان بەو پێیەی هەردووکیان شەریکن لەم حکومڕانییە، پێیان دەڵێم ئایا ئێوە هەرگیز بیرتان لە تاقیکردنەوەی گەل کردووەتەوە، چونکە لە ئێستادا ئێوە لە ژێر تاقیکردنەوەیەکی قوورسدان، ئەگەر دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و نامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێم ئێوەش هەر وەک پارتی سووربن لەسەر ئەوەی کە غازەکەش بە دەردی نەوتەکە بەرن، ئەوە دڵنیابن کە من یەکەم کەس دەبم ڕووبەڕووتان دەوەستمەوە، هەرگیز ڕێگە نادەم دوا بۆڕیی هەناسەی گەلەکەم بە ناوی ئابووریی سەربەخۆوە تەسلیم بە دووژمنانی گەلەکەم بکەن."

ف.ق