له‌ كه‌مپی چه‌مشكۆ ئاگركه‌وتنه‌وه‌: گه‌نجێكی ئێزدی ژیانی له‌ده‌ستدا

له‌ كه‌مپێكی ئاواره‌كان له‌ پارێزگای دهۆك، خێمه‌كان ئاگریان گرت. له‌ ئه‌نجامدا گه‌نجێكی ئێزدی ژیانی له‌ده‌ستدا.

له‌ كه‌مپی چه‌مشكۆی ناوچه‌ی زاخۆی دهۆك، دوێنی ئاگر له‌ خێمه‌كان كه‌وت.

له‌و كه‌مپه‌دا كه‌ له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستان (په‌ده‌كه‌)وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، به‌هۆی ئاگره‌وه‌ ژماره‌یه‌ك خێمه‌ سوتان.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌وه‌ ده‌ستخراون، له‌ ئه‌نجامدا گه‌نجی ئێزدی سه‌لاح جردۆ كه‌ سه‌ر به‌ عه‌شیره‌تی بلكایه‌، ژیانی له‌ده‌ستدا.

له‌باره‌ی هۆكاری ئه‌و ئاگركه‌وتنه‌وه‌وه‌ زانیاری به‌ده‌ستنه‌هێنراوه‌.

به‌ڵام ئه‌و كه‌مپه‌ كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی ئه‌و ئێزدیانه‌ن كه‌ له‌ كاتی فه‌رمانه‌كه‌دا له‌ شه‌نگال كۆچیان كردووه‌، زۆر جار به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ تیایدا ده‌بێته‌ رۆژه‌ڤ.

١٧ی شوباتی ٢٠٢١یش ئاگر له‌ خێمه‌كانی كه‌مپه‌كه‌ كه‌وتبوه‌وه‌ و سێ شه‌نگالی گیانیان له‌ده‌ستدابوو.

هـ. ب