لەسەر سنووری رۆژئاوا چالاکی ئێشکگریی لە دژی داگیرکەری لە سێهەم رۆژیدا بەردەوامە

لە دژی هێرشە قڕکاری و داگیرکەرییەکان، چالاکی ئێشکگریی لەسەر سنووری نێوان نسێبین-قامیشلۆ دەستیپێکردووە و لە رۆژی سێهەمدا بە وتنەوەی گۆرانی خۆڕاگریی بەردەوامە.

لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر رۆژئاوا، چالاکی ئێشکگریی کە لە ناوچەی نسێبینی مێردین لەسەر سنوری رۆژئاوا دەستیپێکردووە و لە سێهەم رۆژیدا بەردەوامە. ئەندامانی دایکانی ئاشتی، کەسوکاری زیندانیان، سیاسەتمەداران و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان لە سەرلەبەیانییەوە لە سەر هێڵی سنوور کۆبوونەوە. لە چالاکییەکەدا بەردەوام دروشمەکانی 'بژی بەرخودانی رۆژئاوا'، 'بێدەنگی مردنە، بەرخودانە ژیانە'، ' خەڵکی رۆژئاوا بەتەنیا نین' و 'ژن، ژیان، ئازادی' دەوترێنەوە. دایکان و گەنجان زۆرینەی بەشداربووانی چالاکییەکە پێکدەهێنن.

'ئێمە درێژە بە ئێشکگریی دەدەین'

دایکی ئاشتی غوربەت تەکین باسی لە چالاکییەکە کرد و داوای کرد ستەمی سەر کوردان کۆتایی پێبهێندرێت. تەکین ئاماژەی بە کۆمەڵکوژییەکان کرد و وتی، رۆژانە ژنان، منداڵان و گەنجان دەکوژرێن. داواکارین کۆتایی بە شەڕ بهێندرێت. دەمانەوێت لە کوردستان و سەرتاسەری جیهان کۆتایی بە شەڕ بهێندرێت. هۆکاری سەرەکی هەموو کێشەکان گۆشەگیری سەر رێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالانە. هونەرمەندان، زانایان و ریشسپییەکانی کۆمەڵگە لەو بابەتەدا دەبێت ئەرکی خۆیان بە جێبگەیەنن. لە رێگەی ئازادی ئۆجالانەوە کۆتایی بە شەڕ دێت. تا بەدەستهێنانی ئەنجام بەردەوام دەبین لە ئێشکگری".