نوسەر و ڕوناکبیر مامۆستا لەتیف فاتیح فەرەج، سەبارەت بە هێرش و دایگرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئاماژەی بەوەدا کە داگیرکاری لەسەر کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی هەرێمییەوە هەمیشە بەردەوام بووە، بە تایبەت لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کە ئەم هێرشانەی درێژکراوەیی سەردەمی عوسمانییەکانە.
'هێرش و هەڕەشەی دەڵەتی تورک بەرامبەر هەموو کوردێکە'
مامۆستا لەتیف لە سەرەتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە مێژووی داگیرکارییەکان لەسەر خاک و گەلانی کوردستان کرد، باسی لەوەکرد نەک بەتەنها داگیرکاری تورک هەبووە، هاوکات گەلی باشووری کورستان لەسەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕوخاویشدا لە ژێر سیاسەتی هەڕەشە و تەعریبدا بووە و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا: "لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تورک هەمیشە ویستوویەتی گەلی کورد بسڕێتەوە، تا ئێستاش بەردەوامن، بەتەنیا لەلایەن تورکیاوە هەوڵ بۆ داگیرکردنی کوردستان نەدراوە، بەڵکو سیاسەتی تەعریبیش لەسەر گەلی کورد بەڕێوەچووە. من پێموایە هەر کوردێکی بە ئاکار و خاوەن وێژدان پێویستە دژی ئەم داگیرکارییانە بوەستێتەوە، لە چاوی دەوڵەتی تورکدا کورد هەمووی دوژمنە، ئەگەر ئەمڕۆ سەرەی کوردانی بەهەڵوێستی باشووری کوردستانبێت، ئەوا سبەینێ نۆرەی ئەو کوردانەش دێت کە خۆیان بە یار و چاوساغی دەوڵەتی تورکە، ئەمە حەقیقەتێکە و مێژوو پێمان دەڵێت؛ چونکە کورد لە هەرشوێنێکی دونیا بێت، لە ڕانگە و یادگەی تورکەوە هەر دووژمنە."
'گەریلا پارێزەری هاوڵاتییانی باشووری کوردستانە'
نوسەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ڕۆڵی دلێرانەی بەرخۆدانەکانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان کرد لە خاکی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا هەر کوردێکی بە وێژدان پێویستە پشتگری گەرلا بێت و بەم شێوەیە بەردەوامی دا بە قسەکانی: "گەریلاکانی ئازادی کوردستان پشتگیری و پارێزگاری خاک و گەلمانە. بەرامبەر سوپایەکی گەورەی وەک دەوڵەتی تورکیا وەستاونەتەوە و دەبینین کە چۆن درۆنەکانیان دەخەنە خوارەوە. خەڵکی باشووری کوردستان بەڕاستی دەبوو پشتگیرییان لێبکەن لە هەموو گۆڕەپانێکی ژیانیدا، هەروەها هێزە و لایەنە سایاسییەکانیش رۆڵی بەرخۆدێرانەی گەریلایان ببینایە لە هەموو ئەو هێرشانەی دەکران و دەکرێنە سەر باشووری کوردستان، نەک ئەوەی بچن هەموو کەسانی ئازادیخواز دەسگیرکەرن کە پشتگیری دەدەنە بەرخۆدانی گەریلا. دەبوو لە ناوچەکانی ئامێدی، ئاکرێ و پارێزگای دهۆک بۆ پارێزگاری لە مافی خۆیان و خەڵکی گوندەکان، بهاتنایەتە سەر جادە و خۆپیشاندانییان بکردایە و ناڕەزاییەتییان دەربڕیایە، چونکە دەوڵەتی تورک خەریکە تیرۆر ئەکات، ئێستا هێزی سیاسی دەنگی خەڵکە و دەوڵەت خەریکی تیرۆرکردنە."
تورک خەونی زیندووکردنەوەی میساقی میللیە
مامۆستا لەتیف لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە مەرام و ئامانجی سیاسەیانی دەوڵەتی تورکی دگیرکەر کرد سەبارەت بە باشووری کوردستان و ئاماژەی بەوەدا ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی پارێزگاکانی باشووری کوردستانە و وتیشی: "تورکیا ئێستەش وادەزانێت عەفرین و موسڵ و کەرکوک، ویلایەتی هەشتا و دوو هەشتاو سێ و هەشتاو چواری تورکیایە، خەونی ئەو داگیرکردن و پڕۆژەی سڕینەوەی گەلی ئەم ناوچەیەیە، کە خەونەکانی میساقی میللیە، دەیەوێت دەست بەسەر بیرە نەوتەکاندا بگرێ و ڕێکەوتنەکانیش پێشێل بکات و خۆی ببێتە خاوەنیان. بەڕاستی ئەمە ترسناکە، پێموایە حکومەتی ناوەندیش بەپێی پێویست ڕووبەڕووی تورکیا نەبووەتەوە، تورکیا تەنیا بەباشووری کوردستانەوە ناوەستێ، پلانی بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانیش هەیە و چەندین جار هەوڵی دانوستانی لەگەڵ بەشار ئەسەد داوە و ئەویش کەمێک نەرمی نواندووە، ئەویش لەبەرامبەر ئەوەی ٣٠٠٠ ئاوارەی سوریی بڕۆنەوە خاکی خۆیان و ناوچەکەیان ئارامبێتەوە، بەڵام تا ئێستا بە تەواوی ڕێکنەکەوتوون، ئەگەر تورکیا بەم ئامانجانەی خۆی بگات، ئاوا کارەساتێکی ترسناک ئەخوڵقێ."
لە کۆتایی قسەکانیدا مامۆستا لەتیف سەبارەت بە هەڵوێستی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان وتی: "بەڕاستی هەڵوێستەکان بەپێی پێویست نەبووە، دەبوو هەموو نوسەر، ڕۆشنبیر، چالاکوان، ڕۆژنامەنوس و لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستی جدییان هەبێ، بەڵام بەپێی پێویست نەیانبووە، گەل هەرچەندە بەپێی پێویست هەڵوێستی دەرنەبڕیووە، بەڵام بێدەنگ نەبووە و قسەی خۆی هەر کردووە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان زۆر بێدەنگ و بێهەڵوێستن."