مانگی رابردوو ٤٢ کەس لە رۆژهەڵات دەستبەسەرکراون و ٧٧ کۆڵبەریش بوونە قوربانی

بەگوێرەی ئاماڕێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان مانگی رابردوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان ٤٢ کەس دەستبەسەرکراون، ٤ کەس لەسێدارەدراون و ٧٧ کۆڵبەریش کوژراون و بریندار بوون، هەروەها ١٥ ژنیش خۆیان کوشتووە یان کوژراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئاماری پێشێلکارییەکانی مانگی ئاداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و بە گوێرەی ئەو ئامارە لەماوەی ئەو یەک مانگەدا ٤ زیندانی کورد لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارەدراون.

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، کە لە مانگی ئاداردا ٤٢ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی دەستبەسەرکراون و ١٢ دەستبەسەرکراویش سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

پێشێلکارییەکی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کردنەئامانجی کۆڵبەرانە، کە بە هۆی نەبوونی هەلی کار و خراپی دۆخی گوزەرانیان، ناچارن بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان و بنەماڵەکانیان رووبکەنە ناوچە سەختە سنووریەکان.

وەک لە ئامارەکەدا هاتووە، مانگی رابردوو ١٣ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژلراون و ٦٤ کۆڵبەر وکاسبکاریش برینداربوون، کە زۆرینەیان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کراونەتە ئامانج.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بەردەوامی سیاسەتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستان٢ کەس لە خەڵکی مەدەنی تەقەیان لێکراو گیانیان لە دەستدا، هاوڵاتییەک لە ژێر ئەشکەنجەی توندی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا،  یەک هاووڵاتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، لە زڕگوێز لە نزیک شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لە مانگی ئاداردا ١١ ژن و ٩ پیاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کوشتووە، هەروەها ٤ ژن و ١٠ پیاویش کوژراون.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باس لەوەکرا لەماوەی مانگی ئاداردا بە هۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەکانی شەڕ ٣ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.

هـ . ب