مەسعود عەبدولخالق نووسەر و چاودێری سیاسی و بەرپرس و ڕاوێژکاری دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن، کە ناوەندێکی تایبەتە بە ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر پرسە ستراتیجی و سیاسییەکان لە کوردستان و ناوچەکە، ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە پرسی بڕینی مووچەو قوتی خەڵکی باشوری کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراق، نا ڕاستگۆیی سەرکردایەتی کورد لە باشور لەگەڵ گەلەکەی، هەروەها خستنە مەترسی دەستکەوتەکانی گەلەی کورد بەهۆی ناشارەزایی و خوێندنەوەی هەڵەی سەرکردەکانی باشوور بۆ ڕووداوەکان و چەند پرسێکی گرێدراوی ئەو بابەتە، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
'سزاکانی حکومەتی عێراق بۆسەر هەرێم خراپتر دەبن'
مەسعود عەبدولخالق، سەبارەت بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە بە بیانووی ڕادەستنەکردنەوەی داهاتەکانی هەرێم بۆ حکومەتی ناوەندی و پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو ڕێکەوتنانەی لەگەڵ بەغدا کردوویەتی، گووتی: "بە گشتی ئەو کارانەی کە هەیە حزب و سەرکردەی حزب دەیکات کاری ئەوان نیە بەڵکو کاری حکومەت و دامەرزراوە فەرییەکانی تایبەت بەو پرسانەیە، نابێت لەسەر هەندێ شتی وەکو ڕێکەوتنی قاچاغی ئێمە ئەو دەستکەوتە گەورانەی ئەمڕۆ لە باشوری کوردستان بەدەستمان هێناوە بیخەینە مەترسییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی ئەوەی هەیە کە مووچەی هاووڵاتیانی بدات، بۆیە باشترین ڕێگا بۆ وەڵامدانەوەی بڕیارەکانی بەغدا ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بلێن "کە لە داهاتی خۆمان مووچەی مووچەخورانی هەرێمی کوردستان دەدەین و منەتمان بە حکومەتی بەغدا نیە"، کاتێک حکومەتی هەرێم مووچەی پێ نادرێت و هەمووی تەخشان و پەخشان دەکات، بێگومان تووشی هەموو جۆر سزایەک دەبێت، وە سزاکانی داهاتوو زۆر زۆر خراپترن لەوەی ئێستا".
'سەرکردایەتی کوردی خوێندنەوەی هەڵەی هەیە بۆ ڕووداوەکان'
هەروەها ئەو چاودیرە سیاسییە گووتیشی: "خوێندنەوەی سەرکردایەتی کوردی لە هەرێمی کوردستان خوێندنەوەیەکی هەڵەو سەقەتی بۆ ڕووداوەکان هەیە، واتا کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق هەر ڕێکەوتنێک واژوو دەکات پێویستە جێبەجێ بکات، ئەگەر پیان ناکرێت واژوو لەسەر ڕێکەوتننامەکان نەکەن باشترە، چونکە ناکرێت تەنها بەشێکی ڕێکەوتنەکان جێبەجێ بکەن، کاتێک کە ڕازی دەبن بە ڕادەستکردنەوەی داهاتەکان و مافی خۆیان لە مووچە وەردەگرن دەبێت پابەند بن بە ڕێکەوتنەکان، بەداخەوە کەس نازانێت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو داهاتەکانی باشوری کوردستان چی لێدەهات و بۆ کوێ دەچوو کاتێک کە ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی بەغدادیش نەبوو بۆ مووچە حکومەتی هەرێمی هەر مووچەی نەدەدا، بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میللەتەکەشی ڕاستگۆ نیە".
'سەرکردایەتی باشور لەگەڵ گەلەکەی ڕاستگۆ نیە بۆیە لاوازن'
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا، مەسعود عەبدولخالق، باسی لەوەش کرد کە ناڕاستگۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میللەتەکەی وایکردوو دەسەڵاتی کوردی و سەرکردایەتییەکەی لەبەرامبەر پیلانگێرییەکانی نەیرانی کورد لاوازبن چونکە خەڵکی متمانەی پیان نەماوە و پشتگیرییان ناکات، و ڕایگەیاند: "ئەگەر سەرکردایەتی کورد لە باشوری کوردستان لەگەڵ میللەتەکەی خۆیان ڕاستگۆ بوونایە ئەوە میللەتی کورد پشتگیری هەموو هەنگاوەکانی سەرکردایەتی کوردیان دەکرد دژ بە بەغداد، تاران، ئەنقەرە و هەموو نەیارانی کورد، بەو شێوەیە پێگەی کورد بەهێزتر و باشتر دەبوو".
'بە ناشارەزایی و قسەی هەندێک دەوڵەت سەرکردایەتی باشور هەوڵی لەدەستدانی دەستکەوتەکانی کورد دەدات'
لە کۆتایی قسەکانیدا، مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی و بیرمەندی کورد، جەختی لەوەکردەوە کە سەکردایەتی کوردی لە هەرێمی کوردستان، پێویستە گوێڕایەڵی ئامۆژگاری و هۆشیارییەکانی دۆستەکانی کورد بن تاوەکو دەستکەوتەکانی کورد نەخەنە مەترسییەوە و وتی: "هەموو جیهان ئامۆژگاری ئێمەی کورد لە هەرێمی کوردستان دەکەن کە ئێوەی کورد پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و پشکتان لەدەسەڵاتەکانی عێراق و فیدرالیتان هەیە و هەروەها مافتان لە دەستور و دامودەزگاکان هەیە، بۆیە ئەوە دەستکەوتانە لە خۆتان تێکمەدەن، بەڕاستی سەرکردایەتی کورد ئێستا بە نەشارەزایی بە قسەی هەندێک دەوڵەت دێت ئەو دەستکەوتە گەورانەی گەلی کورد لە باشوری کوردستان دەخاتەمەترسییەوە، کە لە هەر چوار بەشی کوردستانەوە هەرێمی کوردستان بە دەستی هێناوە، حەق وانیە سەرکردایەتی کورد لە باشوری کوردستان بە ناشارازەیی ئەو دەستکەوتانە تێکبدات".