بەپێی راپۆرتی ئەم هەفتەیەى کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی هەدەپە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە حیزبەکەیان و هاوڕێکانیاندا، ١٤ هەزار و ٥٣٠ کەس دەستگیرکراون و سزای زیندانیکردن بەسەر ٦ هەزار کەسیاندا سەپێنراوە. وان یەکێک لەو شارانەیە، کە بە بەردەوامی و بێ پسانەوە ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی تیادا بەڕێوەدەچێت.
موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری هەدەپەى وان لەوبارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) راگەیاند، هۆکاری سەرەکیی ئۆپراسیۆن و هێرشەکان و ئەو قەدەغەکارییە لە شارەکاندا سەپاندویانە بۆ رێگریکردن لە خەباتی هەدەپە دەگەڕێتەوە، کە خەباتێکە ئاوێتەى گەل بووە.
ئۆرهان رایگەیاند، "هەموو رۆژێک بەڕێوەبەرانی حیزبەکەمان و ئەندامانی حیزبەکەمان دەستگیر دەکرێن. هێرشمان دەکەنە سەر بۆ ئەوەى بە تەواوی کۆتایی بە خەباتی حیزبەکەمان بهێنن. لەبەر ئەو سیاسەتە هەڵوەشاوەیەیان، هیچ وەڵامێکیان نییە، کە بە گەلی بدەنەوە.
لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا ئەو سیاسەتە تێکچووە، قەیرانی ئابووری رۆژ لە دوای رۆژ قوڵتر دەبێتەوە. لەو دۆخەدا ئاکەپە تەنانەت نەیتوانی بەهۆی بڵابوونەوەى پەتای کۆرۆناوە دۆخی گەل لەبەرچاو بگرێت، ئەوەى بۆ بەرژەوەندی خۆی و رانت و بەرتیلخۆری بەکارهێنا و ئەوەش بۆ هەموان ئاشکرا بوو، لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە رزیوەدا هیچ وەڵامێکیان نییە، کە بە گەلی بدەنەوە".
ئۆرهان سەرنجی خستە هێرشەکان و وتی، "تەنها شتێک کە لە دەستیاندا ماوە، ئەوەیە هێرش بکەنە سەر هەدەپە. بە بەکارهێنانی وتەى "تیرۆر" هەستی نەژادپەرەستەکان دەوروژێنن و دنەى هەستیان دەدەن. بۆ ئەوەش هێرش دەکەنە سەر هەدەپە. هەڵدەکوتێتە سەر بارەگاکانی هەدەپە. دەیانەوێت خەباتی سیاسیی هەدەپە رابوەستێنن. دەیانوت، 'ئێمە لە ناویان دەبەین'، بۆیە تاوەکو کۆتایی پێنەهێنن دەست لە هێرشەکانیان هەڵناگرن.
یەکێک لە هۆکارەکانی کۆتاینەهێنان بە قەدەغەکارییەکان بۆ رێگریکردن لە خەباتی هەدەپە دەگەڕێتەوە، ئەوەش بۆ رێگریکردنە لە ئێمە کە تێکەڵ بە کۆمەڵگە نەبین، بەڵام ئێمە ئاوێتەى کۆمەڵگە بووین. زیاتر لە ساڵێکە بۆ قەدەغەکارییەکانیان لە شارەکاندا پەتای کۆرۆنا دەکەنە بیانو، بەوە ترسێکی زۆریان لەسەر کۆمەڵگە دروستکرد و دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر حیزبەکەمان.
خەڵکی وان بە بەردەوامی لە دژی ئەو سەپاندنانە وەستاونەتەوە و بەرەنگاری دەکەن. ئەو سەپاندنانە لە شارەکاندا بە دەستی قەیومە داسەپاوەکان بەڕێوەدەچێت. پارێزگاریش پشتیوانی لەو قەدەغەکاری و سەپاندنانە دەکات. وەزیر و وەزارەتەکانیش پشتیوانیان لێدەکەن. بۆیە لە وان دۆخێکی تایبەت هەیە. دەبێت بەو شێوەیە لێکدانەوەى بۆ بکرێت. بەڵام سەرباری هەموو ئەوانەش سەر نەکەوتون، هەموو رۆژێک بەڕێوەبەران و ئەندامانی حیزبەکەمان دەستگیر و زیندانی دەکەن، هێرش لە دژمان ئەنجام دەدەن تاوەکو بە تەواویی کۆتایی بە خەباتی حیزبەکەمان بهێنن، لەبەر ئەوەش بۆ ئەو سیاسەتە هەڵوەشاوەیەیان هیچ وەڵامێکیان نییە، کە بە گەلی بدەنەوە".
ژ.ت