نەورۆز جەژنی یاخیبوون لە دژی ستەم و چەوساندنەوە و گەشتنە بە ئازادیی، وەک ئەوەی کاوەی ئاسنگەر زوڵم و زۆرداریی قەبوڵ نەکرد و بوو بە ڕێگر لە بەردەم ڕژانی خوێنی منداڵان، پاشانیش بە پێشەنگایەتی پەکەکە واتای نوێی پێ بەخشرا و لە هەناوی فاشیزمەوە گڕ بە ئاگری مەشخەڵی نەکوژاوە درا و بووبە هێمای خۆڕاگریی و بەرخۆدان.
نەورۆز، بە واتای ڕۆژێکی نوێ، یەکەم ڕۆژی سەرەتای ساڵی کوردییە و سەرهەڵدانی بەهارە بەسەر شەختە و کڕێوە و سەهۆڵبەندانی زستاندا، بووژانەوەی سرووشت و شین بوونەوەی دار و درەختە.
ئەفسانەی کاوە و لە دایکبوونی نەورۆز
سەرکەوتنی ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەر بەسەر زوحاکی خوێنمژدا، کە بەشێوەی زارەکی لە مێژووەوە تا ئێستا گواستراوەتەوە و مێژووی نەورۆز کە هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە بەم شێوەیە ڕوون دەکرێتەوە:
لە سەردەمی کۆندا، کە هێشتا کەس لەسەر زەوی نەبوو، خوداوەند زەرڤان دوو کوڕی هەبوو، یەکێکیان ناوی هورموزە، کە بە بەخشندە و ڕووناکی دەدرەوشێتەوە، ئەوەی دیکەیان ئەهریمەنە، کە خراپە و برسێتی بڵاودەکاتەوە، دوای ئەوەی لەلایەن ئاهورا-مەزدا بەرەکەت بەو خاکە دەدرێت کە هەردوو ڕووباڕی دیجلە و فوراتی پێدا تێدەپەڕێت و ژیان دەستپێدەکات، هورموز دەبێت بە گەشەپیدەری چاکە و ئەهریمەنیش بە دوژمنی.
دوای ئەوەی هورموز، زەردەشت دەنیرێتە سەر زەوی و خۆشەویستی دەڕژێنێتە دڵیەوە، زەردەشت کوڕ و کچەکانی دەبەخشێتە هورموز، ئەهریمەنیش ئیرەیی بەم دۆخە دەبات و ساڵانێک لەگەڵ کوڕە باشەکان شەڕ دەکات، ژیانی مرۆڤە باشەکان و جوگرافیای میزۆپۆتامیا ژەهراوی دەکات، لە کۆتاییدا ژەهری ڕق و خراپەی خۆی دەڕژێنێتە ناو مێشکی زوحاکی دڕندە، وەک بەڵایەک بەسەر ئاشوور و مەدیاکاندا بەڕەڵای دەکات.
ئەمەش وا دەکات زوحاک خوێنی گەلەکەی بمژێت و تووشی نەخۆشییەکی کوشندەی دەکات، پزیشکانی ئەو سەردەمە پێشنیاری بۆ دەکەن مێشکی گەنجان و منداڵان لە برینەکەی بدات بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە و ساڕێژبوونەوەی برینەکەی، بەم شێوەیە کۆمەڵکوژیی دەستپێدەکات و ڕۆژانە سەری دوو کەس دەبڕدرێن و مێشکیان وەک مەڵهەمێک لە برینەکەی زوحاک دەدرێت، بەمەش بارودۆخی دیجلە و فورات و میزۆپۆتامیا بە تەواوی تێکدەچێت.
ڕۆژێک، دەبێت سەری کوڕە بچووکەکەی ئاسنگەرێک بەناوی کاوە ببڕدرێت، لە کاتێکدا پێشتر ١٧ کوڕی بەومەبەستەوە کوژراون، بۆیە لە شەوی نێوان ٢٠ لەسەر ٢١ـی ئاداردا، کاوە بیر دەکاتەوە چۆن کۆتایی بە زوڵمەکانی زوحاک بهێنیت، نوێنەری چاکە لە حەوت تەبەقەی ئاسمانەوە هێز بە مەچەک و ڕووناکی بە مێشکی دەدات، بۆیە لە بەرەبەیانی ٢١ـی ئاداردا کوڕەکەی دەبات و دەچێتە ناو قەڵای دڕندەیی و خراپەکارییەوە و بەدەستی خۆی دەیبات بۆ زوحاک، لەو کاتەدا چەکوشەکەی دەکێشێت بەسەر زوحاکدا و بڵێسەی خراپەکاری لە نەینەوادا دەکوژێتەوە.
لە ماوەیەکی کورتدا، هەموو خەڵکی ناوچەکە یاخی دەبن و بە بەرزکردنەوەی ئاگر بەرەو قەڵاکە دەڕۆن و مەشخەڵی ئاگری ئازادیی دەست بە دەست دەگوازنەوە و لە لوتکەی هەموو چیاکاندا دایدەگیرسێننەوە، هەروەها کاوە ئەو جلە زەرد و سوور و سەوزەی لە کاتی کارکردن لە کورەی ئاسنییدا لەبەری دەکرد، دەیکات بە ئاڵای یاخیبوون، ئەو خەڵکەی لە دەستی زوحاکی دڕندە ڕزگاریان بوو، ٢١ـی ئادار وەک جەژنی ئازادیی و ڕزگاریی گەلان پیرۆز دەکەن، کاوە وەک پاڵەوانی یاخیبوون و نەورۆزیش وەک ڕۆژی بەرخۆدان و یاخیبوون دەچێتە مێژووەوە.
ئاگری نەورۆز ٢٦٣٥ ساڵە گەشە
ئاگری نەورۆزیی کاوەی ئاسنگەر بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٦١٢ پێش زایین هەڵگیرسا، هۆکاری تایبەتی داگیرساندنی ئاگر لە شاخەکان لە نەورۆزدا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە چەمکی ئەفسانەیی ئاگر، لەلایەن باپیرانی کوردەوە پەرەی پێدراوە، لە ئایینی زەردەشتییدا جێگەیەکی زۆر گرنگی هەیە، لە ئەفسانەی کوردیدا باس لەوە دەکرێت کە ئاگر هەڵگری مانایەکی وەک "ئاگر ویژدانە، مژدەدەری سەرکەوتنە، سووتەمەنی ژیانە، قیبلەیە، پارێزەری چاکەیە و سەربەخۆییە"
هەروەها ٢١ـی ئادار بە سەرەتای ساڵی نوێ دادەنرێت، ئەمڕۆ گەلانی ناوچەکە بە گشتی نەورۆز وەک بە ئاگاهاتنەوەی سرووشت و فێستیڤاڵی بەهار دەگێڕن، جەژنی نەورۆز لە لایەن خەڵكی ئاسیای ناوەڕاستەوە، لە ژێر کاریگەریی زەردەشتیی و دراوسێ نزیکەکانیان وەک کات بەسەربردنێک و ڕێگەیەکی گەنجان بۆ ناسینی هاوژینی داهاتوویان لەکاتی بازدان بەسەر ئاگردا بەڕێوەدەچوو، لەلای کوردانیش وەک جەژنێکی نەتەوەیی پیرۆز دەکرێت، بە پێی لێکۆڵینەوە مێژووییەکانیش هیچ گەلێکی دیکە هێندەی کورد و پەکەکە نەورۆزی نەپاراستووە و ئاهەنگی بۆ نەگیڕاوە.
نەورۆز لەمڕۆدا
ئەمڕۆ، کە باسی نەورۆز دەکرێت، یەکەم شت کە دێتە پێش چاومان، بەرخۆدانی گەلی کوردە لە دژی فاشیزم و ستەمکاریی، لە سەدەی بیستەمدا گەلی کورد بە داگیرساندنی ئاگری نەورۆز بەسەرکردایەتی "کاوەی هاوچەرخ واتا مەزڵوم دۆغان، یەکێک لە پێشەنگەکانی پەکەکە" جەوهەری خۆی دۆزییەوە، بەم شێوەیە گەشتە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی، بەو پێیەی لە بنەڕەتیشدا بە مانای یەکگرتوویی و خەبات دێت، گەلی کورد بە تێکۆشان و بەرخۆدان لە چیاکاندا بەرگریی لە بوونی خۆی دەکات.
لەگەڵ پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی خەباتی گەریلا لە دژی داگیرکەران لەناو گەلی کورددا، نەورۆز گۆڕا بۆ ڕاپەڕین، بە تایبەت لە باکووری وڵات، لەگەڵ هاتنی نەورۆز، هەموو ساڵێک گەلی کورد هەموو گۆڕەپانەکانی کردە مەیدانی بەرخۆدان و بە خۆڕاگرییەوە پێشوازییان لە نەورۆز کرد، ئەمڕۆش بە زیندووکردنەوەی مانای نەورۆز خواستی خۆیان دەردەبڕن، بۆیە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گەلی کوردی بە گەلی نەورۆز پێناسەکردووە.
لەمساڵدا بە ملیۆنان کەس لە سەدان ناوچەی جیهانەوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادیی بۆ بەڕێز ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن.
هـ. ب