نەورۆزی ئاکدەنیز: بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشان مەزن دەکەین

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، چیدەم کلیچگون ئوچار لە نەورۆزی ئاکدەنیز گوتی: "بۆ ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشان مەزن دەکەین".

خەڵکی مێرسین بە درووشـمی "ڕاپەڕە، کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی نەورۆز ڕوویانکردە گۆڕەپانی گردبوونەوەکە لە ناوچەی ئاکدەنیز، لە ٧ تا ٧٠ ساڵی هەزاران کەس بەشداری ئاهەنگەکە بوون، بەشداری بەرچاوی ژنان و گەنجان سەرنجڕاکێش بوو.

بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" جەماوەری گەل گەیشتنە گۆڕەپانی ئاهەنگەکە، دایکانی ئاشتی و خزمی زیندانیان لە ئێشکگری دادپەروەریش بەشداربوون، لەڕێگەی درووشمەکانەوە داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.

پاش کردنەوەی ئاگری نەورۆز، پەرلەمانتاری دەم پارتی مێرسین، عەلی بۆزان پەیامی نەورۆزەکانی پێشووی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی خوێندەوە.

هاووتەبێژی هەدەکە، ئەسەنگوڵ دەمیر گوتی: "کاتی شکاندنی گۆشەگیری ئیمراڵییە، کاتی چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کوردە. کاتی مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالانە، کاتی ئازادییە".

هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتیکی هەرێمەکان (دەبەپە) چیدەم کلچگون ئوچار سڵاوی لە گەل کرد و نەورۆزی پیرۆز کرد.

ئوچار ڕایگەیاند دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە هیچ چارەسەری بۆ پرسی کورد پێ نییە.

ئاهەنگەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.