نوێترین ئاماری پێشلێکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە

بەگوێرەی ئاماری مانگانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی رەشەمێدا کوژران و برینداربوونی ٥٥ کۆڵبەر وکاسبکاری کورد تۆمارکراوە، ٤ کەس لەسێدارەدراون و ٢٢چالاکوانیش دەستبەسەرکراون و لەو مانگەدا ٣ ژنیش کوژراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتێکدا ئاماری پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی رەشەمێ (٢١ی شوبات تا ٢٢ی ئادار) بڵاوکردەوە.

کوژراون و برینداربوونی ٥٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد

بەپێی ئەو ئامارە لەو مانگەدا ٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنووریەکانی ئێران کوژراون، کە زۆرینەیان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران گیانیان لەدەستداوە، هەرلەو ماوەیەدا ٤٧ کۆڵبەرش بە تەقەی هێزەکانی ئێران، کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، رووداوی هاتووچۆ، تەقینەوەی مین، لێدان و ئەشکەنجە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەت برینداربوون.

٤ کەسی دیکە لەسێدارەدران

ماوەی نزیکەی دوو ساڵە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و وەک لە راپۆرتەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیشدا ئامەژی پێکراوە لە مانگی رەشەمێدا ٤ زیندانی لە زیندانەکانی مەهاباد و ئیلام لەسێدارەدراون. ئەوەشخراوەتەڕوو، کە یەکێک لەو کەسانە، دوای ٣٢ ساڵ مانەوەی لە زیندان سزاکەی جێبەجێ کراوە.

هاوکات رێکخراوەکە تیرۆری پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە بە ناوی شوعەیب زارعی لە گوندی زڕگوێزی سلێمانی وەک لەسێدارەدان لە دەرەوەی سیستمی دادوەری پۆلێن کردووە و رایگەیاندووە، ئەو چالاکوانە سیاسیە لەلایەن کەسێکی سەر بە دەوڵەتی ئێرانەوە تیرۆر کراوە و ئەنجامدەری تاوانەکەش لەکاتی هەڵاتنی لە پێنجوێن لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراوە.

کوشتنی ژنان بەردەوامە

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە لە مانگی رەشەمێدا لانیکەم ٣ ژن لە پارێزگاکانی ورمێ و کرماشان لە لایەن پیاوانەوە کوژراون.

٢٢چالاکوان دەستگیرکراون

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ماوەی ئەو مانگەدا ٢٢ چالاکوان بە تۆمەتی کاری سیاسی و مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ، کرماشان، ئیلام و خۆراسانی رەزەوی دەستگیرکراون و هەر لەو ماوەدا سزای زیندان و پێبژاردنیش بەسەر سێ هونەرمەند و چالاکوانی مەدەنیدا سەپێندراوە.

تەقینەوەی مین ٤ قوربانی لێکەوەتەوە

مین و تەقەمەنیەکانی پاشماوەی شەری هەشت ساڵەی ئێران و عێراق تائێستاش بەردەوام دانیشتوانی ناوچە سنووریەکان دەکەنە قوربانی و لە مانگی رەشەمێدا دوو هاوڵاتی لەناوچەی مێهرانی ئیلام و دوو کۆڵبەریش لەناوچەی سنووری نەوسود بە هۆی تەقینەوەی مینەوە برینداربوون.

گوشار بۆ سەر زیندانیان

کامەران قاسمی زیندانی سیاسی کورد، کە لە زیندانی ورمێ لە دژی رەتکردنەوەی داواکری مۆڵەت و ئازادی مەرجدار، لە ١٥ی رەشەمێوە تا ٢٣ ی ئەو مانگە مانی لەخواردن گرتبوو، دوابەدوای بەڵێنی بەرپرسانی زیندان کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

پێشتر و هەر لە ٧ی ئەو مانگەدا شاهین گەلەدار زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ لە دژی رەتکردنەوەی داواکارییەکەی بۆ مۆڵەت و ئازادبوونی مەرجدار کۆتایی بە ژیانی هێنابوو.

دوابەدوای بڵآوبوونەوەی هەواڵی خۆکوشتنی ئەو زیندانیە سیاسیە، بە فەرمانی پەیمان خانزادە بەڕێوەبەری زیندان هێزەکانی پاسەوانی زیندان هێرشیان کردە سەر بەشی زیندانیانی سیاسی و ئایینی و دەستیان بە ئەشکەنجەدانی زیندانیان کرد، لە دژی ئەو هێرشە دوو زیندانی بە ناوەکانی حەسەن عومەرپور و ئەشکان عوسمان نەژاد ئاگریان لە جەستەیان بەردەوا و بەهۆیەوە لە قاچیانەوە تووشی سوتاوی بوون.

لە ١٣ی رەشەمێشدا دوو زیندان بە ناوەکانی تەوحید غەزنەوی و سەجاد خوداجو لە زیندانی ورمێ ئەشکەنجەدران. هاوکات جارێکی دیکە هێزەکانی پاسەوانی زیندان هێرشیان کردە سەر زیندانیان و کەلوپەلی تایبەتی زیندانیان تێکشکاند.

لە سەرەتا مانگی رەشەمێدا ٨٠٠ زیندانی لە زیندانی ورمێ لە نامەیەکی کراوەدا داوای دەستلەکارکێشانەوەی پەیمان خانزادە بەڕێوەبەری زیندانەکەیان کرد، لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیەوە گوشارەکان بۆ سەر زیندانیان زیادی کردووە.

لە زیندانی قزلحیساریش سامان یاسین، هونەرمەندی کورد کە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستگیرکرابوو، دوای ئەوەی لە دژی دۆخی ناڕوونی خۆی لە زیندان و یەکلانەکردنەوەی دۆسیەکە نامەیەکی کراوەی ئاراستەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران کردبوو، جارێکی دیکە وەک سزادان گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرونی ئەمین ئاباد لە نزیک تاران.

ئەو زیندانیە پێشتریش بەهۆی ئاشکراکردنی ئەو ئەشکەنجانەی لە کاتی دەستبەسەربوونیدا بەرامبەر ئەنجامدرابوون، رەوانەی نەخۆشخانەی دەرونی کرابوو.

دەرکردن لە کار

محەمەد مورادی نەساری، نوسەری خەڵکی ئیلام و خوێندکاری قۆناغی دوکتۆرای زانکۆی سنە کە سەرەتای وەرزی خوێندنی ئەمساڵ وەک مامۆستای دواناوەندی لە یەکێک لە خوێندنگەکانی سنە دامەزرابوو، لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان لە کار دەرکرا.

هـ . ب