ڕۆنووس: نابێت دادگاکان بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی بەکاربهێنرێن

فیدراسیۆنی ڕۆنووس بڕیاری سزادانی ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەدی شەرمەزار کرد و گوتی: " ڕێگە نەدرێت دادگاکان و سیستەمی دادوەری لە کوردستان بەگوێرەی خواستی شەخسی و حزبی بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی بەکاربهێنرێن".

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس) دژی بڕیاری سەپاندنی سێ ساڵ سزای زیندانی لەسەر ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بڕیارەکەی شەرمەزار کرد، دەڵێت: "ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس)، بە توندی سەرکۆنەی بڕیاری سزادانی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دەکەین، کە لە ژێر سێبەری دادگا و بە ناوی دادگاوە، سیاسییەکان پیلان و بەرنامەیان بۆ داڕشتووە".

ڕۆنووس ئاماژە بەوە دەکات تۆمەتەکە بێ بەڵگەیە و بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراوە، هاوشێوەی ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەیە پێشتر بۆ ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی تر داتاشراون، دەڵێت: "ئەمە مۆرێکی دیکەی شەرمەزارییە بە نێوچاوانی دەسەڵاتی سیاسیی لە ناوچەکە و سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان".

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەواز لە ڕێکخراو و سەندیکا و ئازادیخوازان و ڕۆژنامەوانان و نووسەران دەکات و دەڵێت: "هەڵمەتێک ڕێکبخەن بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا، بۆ ئەوەی چیدی ڕێگە نەدرێت دادگاکان و سیستەمی دادوەری لە کوردستان بەگوێرەی خواستی شەخسی و حزبی بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی بەکاربهێنرێن".

هەروەها داوا لە کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییەکان لە کوردستان و عێراق دەکات بۆ پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگای دهۆک هەوڵی جدی بدەن.