نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانیەکان بە ڕۆژەڤی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە برۆکسلی پایتەختی بەلژیکا کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لەسەر داوای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئەوروپا بەڕێوەچوو و زۆرێک لە کەسایەتییەکان، ڕۆشنبیران، سیاسەتمەداران و نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانیەکان لە بارەگای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە برۆکسل کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە ناوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریەوە بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد و لەبارەی بارودۆخی ئەم دواییەی ناوچەکە هەڵسەنگاندنی کرد و جەختی لە گرنگی یەکێتی پارت و ڕێکخراوە کوردستانیەکان کردەوە.
'پێویستە بەرژەوەندی کەسی و تایبەت بەلاوە بنرێت و جەخت لەسەر داهاتووی گەلەکەمان بکەینەوە'
ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند: "هەموو هەوڵەکانمان لەسەر بنەمای پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستا و گەلەکەمانە لە هەرێمەکە و هەروەها بەهێزکردنی ئەو دەستکەوتانەیە، پێویستە هەموو بەرژەوەندییە شەخسیەکانمان کە هیچ سوودێک بە چارەنووسی گەلەکەمان ناگەیەنێت، بەلاوە بنرێن و جەخت لەسەر داهاتووی گەلەکەمان بکەینەوە، ئەمە بۆ ئێمە خاڵێکی سەرەکییە."
ئیلهام ئەحمەد ئەوشی خستەڕوو، ناوچەکە بەگشتی ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی گەورەیە، کاتی ئەوەیە ئێمە بە یەکێتی چارەنووسی گەلەکەیان ڕوون بکەینەوە و وتی: "پێویستە یەکێتی ناوخۆییمان بنیات بنێین و لە داهاتوودا حکومەتێک کە لە دیمەشق دادەمەزرێت، کوردیش خاوەن ڕۆڵێکی باش بن. چونکە ئێمەش بەشێکین لەم پرۆسەیە، هەرچەندە گوشار لەسەر تورکیاهەیە، ئەویش ئەوەندە گوشارە دەخاتە سەر دیمەشق، وەکوو ئەوەی ئەوان ئەم شۆڕشەیان کردبێت خۆیان نیشان دەدەن کە سوریایان لە دەستی ڕژێمی بەعس ڕزگار کردووە. بەڵام وەک دیارە دوو ڕۆژ پێش ڕووخانی ڕژێمی سوریا، هەموو ڕۆژێک هەوڵیان دەدا لەگەڵ بەشارئەسەد کۆببنەوە. دواتر بەڵام دوای ڕووخان بەردەوام سەردانی دیمشق دەکەن و دەڵێن: "کورد نابێت لە دەوڵەتی نوێدا خاوەن پێگە بێت، پێویستە لەناوببرێت". واتە چەمکی جینۆسایدی کورد پەیڕەو دەکات. ئێمە لەهەوڵدانداین لە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان و بەردەوام کراوەین بۆ گفتوگۆ. هەموو دانوستانەکانمان لەسەر بنیاتنانی سوریایەکە، کە هەموو مرۆڤەکان، لایەنەکان، کەمینە و ئایینەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە بتوانن بە شێوەیەکی ئازاد خۆیان لە سیستەمی داهاتوودا ببیننەوە. تا ئێستا ئەو قسە دەکرێن تەنها لەسەر بنەمای ئەوەی 'کورد هاوپەیمانی ئێمەیە، شەڕی داعشیان کرد'، بەڵام بۆ پاڵپشتی کورد و ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی کوردان یان پشتیوانی لە مافەکانی کورد، هیچ بڕیار و هەوڵدانێک دیار نیە. بێگومان هەوڵ و ئامادەکاری زۆرمان بۆ داهاتووی گەلەکەمان لە هەرێمەکە هەیە. بۆ هەر بارودۆخ و ئەگەرێک، پێویستە کورد بە شێوەیەکی یەکگرتوو ئامادە بێت و لە داخوازییەکانی پاشەکشە نەکات. چونکە ئێستا سەردەمی بەرخۆدان و سەردەمی یەکێتی ناو ماڵی کوردە."
'لە سوریای داهاتوودا دەبێت کورد، خاوەن ماف و قسەی خۆی بێت'
ئیلهام ئەحمەد لەکۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "ئێمە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان کراوەین و ئامادەین لە هەموو بوارێکەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەمەلایەنەکانی سوریا لەسەر بنەمای قبوڵکردنی ڕاستییەکان گفتوگۆ بکەین."
دوای هەڵسەنگاندنی بەرفراوان، بە مەبەستی پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەرێمەکە، لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکراتیکدا، بۆچوونی هاوبەش ئەوە بوو کە؛ ئەگەر لە داهاتوودا شاندێک یان نوێنەرایەتییەک بە ناوی کوردەوە بچێتە دیمەشق، پێویستە بە یەکێتی کوردەوە بکرێت و هەموو کوردانی هەرێمەکە بەشێوەیەکی هاوبەش لە شاندەکەدا بەشدار بن. پێویستە مافی هەموو کەمینە و پێکهاتەکانی هەرێمەکە لە داهاتووی سوریادا دەست نیشان بکرێت.
کۆبوونەوەکە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند و دواتر ٨ خاڵی سەرەکی کەوتنە ڕوو و بڵاو کرانەوە.
ئەنجامەکەی بەم شێوەیە بوو:
ئەنجامەکە لە ٨ خاڵدا ڕاگەیەندرا
لەسەر بنەمای ئەم گفتوگۆیانە، کۆبوونەوەکە لەم خاڵانەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە:
١- لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە کورد، عەرەب، ئاشووری-سووری-کلدانی، ئەرمەنی و سەرجەم نەتەوە و ئاینیەکانی (موسڵمان، سوننە، عەلەوی، مەسیحی، ئێزیدی) لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێکەوە ئیرادەی خۆیان پاراستووە. وپێکەوە ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەرییان پێکهێناوە. لەم بەشەدا نەک هەر نەتەوە و بیروباوەڕەکان، بەڵکو ژنانیش بە ئیرادەی خۆیان لە هەموو ڕێکخراو و لایەنەکان بەشدارن. هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئازاد و دیموکرات و سەربەست ترن لە هەرێمەکانی دیکە. بەوبۆنەوە لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە و تا ئێستاش ئەم هەرێمانە لەلایەن هێزە داگیرکەر و سەلەفیەکانەوە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە. ئەم ڕاستی و جیاوازییە لەئەمڕۆدا زیاتر لە هەموو کاتێک ئاشکرایە و دیارە. جگە لە هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ئێستادا هەموو ناوچەکانی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی هێزە ئیسلامییە توندڕەو و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکدان. دەبێت بە هەر شێوازێک بێت ئەم ناوچانە بپارێزرێت.
٢- دەوڵەتی تورک دوژمنی سەرەکی گەلی کوردە، هێرش دەکاتە سەر هەموو کوردستان و سەرکردایەتی وڵاتانی داگیرکەری ناوچەکە دەکات و دژی گەلی کورد لە هەموو جیهاندا گوشارەکانی بەردەوام دەکات. لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە تورکیا دوژمنایەتی کورد و دەستکەوتەکانی پەرە پێداوە. سەرەتا لە ڕێگەی داعش و هێزەکانی سەر بە داعشەوە هێرشی دەست پێکرد. کاتێک بە ئەنجام نەگەیشت، دەستی بە هێرش و داگیرکاری ناوچەکە کرد و بەردەوامی هەیە. لە هێرشەکانیدا هەموو پێوەرە مرۆیی و یاساییەکان پێشێل دەکات. دەوڵەتی تورک بە گشتی ژێرخانی ڕۆژئاوا و شوێنە مەدەنیەکانی ژیانی (ئاوی خواردنەوە، وێستگەی کارەبا، بیر و مەخزەن نەوت و گاز، کۆگاکانی گەنم و کارگەی ئارد و نانەواخانەکان، نەخۆشخانە و شوێنەکانی دیکە) کردووتە ئامانج و زیانێکی زۆی بە گەل گەیاندووە. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، دەوڵەتی تورک هەموو هێزە سەلەفییەکانی کۆکردەوە و هێرشی کردە سەر شەهبا و منبج. کوردانی لەو ناوچانە ئاوارە کرد و دەستی بەسەر ماڵ و خاکی گەلدا گرتووە و بەتەواوی دیمۆگرافیای ئەو شوێنانەی گۆڕیوە. ئەم کۆبوونەوەیە بە توندی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی شەرمەزار دەکات و شانبەشان لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دژی ئەم هێرشانە دەبێتەوە.
٣. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین. ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆخە دەکەین و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەخەینە بەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان. کۆبوونەوەکە بڕیاری بەستنی دادگای میللی نێونەتەوەیی (دادگای مەدەنی) لەسەرکردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ئەرکێکی سەرەکی ئەم قۆناغە دەزانێت و لەم ئەرکەدا جێگەی خۆی دەگرێت.
٤. ڕژێمی بەعس ڕووخا و ئێستا ئیدارەیەکی نوێ لە دیمەشق دادەمەزرێت. هەوڵ دەدرێت هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریا ئاوەدان بکرێنەوە و دەستورێکی نوێ بنووسرێت. کورد نەتەوەیەکی کۆنی ئەو خاکەیە. پێویستەکورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریا لە بنیاتنانی دەوڵەتی نوێدا جێگەی خۆیان بگرن و مافەکانیان لە دەستووردا زامن بکرێت. بۆیە پێویستە دیدار و دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا بکرێت. پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان نابێ بە تەنیا بچنە دیمەشق. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە سەرجەم پارت و ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرا، شاندێکی هاوبەش پێکبهێنن و بە یەک دەنگ لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق وتووێژ بکەن.
٥. پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان، پاراستنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پاراستنی هەموو کوردستان. پێویستە هەموو هێز و پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان پشتیوانیی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکەن. دەبێ هێرشەکان ڕابگیرێن و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بپارێزرێن. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هەموو لایەن و ڕێکخراو و هێزەکوردستانییەکان و سەرجەم گەلی کورد و دۆستانی کورد کرا لەم کاتەدا بەبێ دوودڵی پشتوانی بەڕوەبەرێتی باکوورو رۆژهەڵاتی سووریا بن و دژی هێرشەکان بێدەنگ نەبن.
٦. رۆژئاوای کوردستان لەژێر هێرشی دەوڵەتی تورک و هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکاندایە و دەیانەوێت بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تێکبدەن و هەموو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە لەناوببەن. لەبەرامبەر ئەو پیلان و هێرشانەدا پێویستە ڕۆژئاوا و هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بپارێزرێن و چەترێکی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژئاوا دابنرێت. باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئازادترین و دیموکراسیترین ناوچەکانی سووریان. لەم ناوچەیەدا دەیان هەزار دیل و پاشماوەی داعش هەن. شکستی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێگا بۆ داعش و هێزە هاوشیوەکانیان دەکاتەوە و مەترسی بۆ هەموو جیهان درووست دەکات. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو هێزە پەیوەندیدارەکان و ڕای گشتی جیهان کرا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانی ڕابگرن و خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بپارێزن و بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکرات هاوکار بن.
٧. لە ئێستادا ئاوارەکانی عەفرین و شەهبا و حەڵەب و منبج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زۆرن و پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە. خەڵکی کوردستان و دەرەوەی وڵات هاوکارییان بۆ کۆدەکەنەوە. هەروەها ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت هاوکاری بکەن. بەڵام دەرگای سێمالکا و تلکۆچەر داخراون. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە دەسەڵاتداریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرا ئەو دەرگایانە بکەنەوە و هاوکاری ئاوارە و لێقەوماوان بکەن. جگە لەوەش لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و دۆستانی کورد و جیهانی دیموکرات و مرۆڤدۆست کرا کە هەڵمەتی هاوکاری بەهێزتر بکەن و باشتر ئاگاداری ئاوارە و لێقەوماوان بن.
٨. ئەو شەڕەی کە زیاتر لە ساڵێکە لە فەلەستین بەردەوامە، ئێستا پەڕیوەتەوە بۆ لوبنان و سوریا و هەندێک جاریش دەپەڕێتەوە بۆ یەمەن و ئێران و عێراق. ئەم شەڕە بەرفراوانتر دەبێت و جەنگێکی جیهانی لێدەکەوێتەوە. زۆرێک لە زلهێزەکان ئەم دۆخە بە جەنگی جیهانی سێیەم ناودەبەن. داگیرکەرانی کوردستان هەموویان لایەنی ئەم شەڕەن. بە واتایەکی تر شەڕ دەچێتە کوردستان، لەبەرئەوە لەم دۆخەدا یەکڕیزیی ناوخۆیی کورد، یەکێتی نەتەوەیی زۆر گرنگە. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هەموو خەڵک و لایەن و ڕێکخراو و هێزەکانی کوردستان کرا لە کۆنفرانسێکی نەتەوەیی و نیشتمانیدا کۆببنەوە و کۆدەنگی و یەکڕیزییەکی پتەو دروست بکەن.
پاراستنی ڕۆژئاوا پاراستنی هەموو کوردستانە!
ژن، ژیان، ئازادی
کۆبوونەوەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان لە بروکسل