پارتی ڕێگە نادات ٥ زیندانیی شیلادزێ کە بڕیاری ئازادکردنیان هەیە ئازاد بکرێن
ڕێکخراوی سی پی تی ڕایگەیاند، هەرچەندە دادگا فەرمانی ئازادکردنی ٥ زیندانسی شیلادزێ دەرکردووە، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراون.
ڕێکخراوی سی پی تی ڕایگەیاند، هەرچەندە دادگا فەرمانی ئازادکردنی ٥ زیندانسی شیلادزێ دەرکردووە، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراون.
ڕێکخراوی تیمەکانی بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵگە ناسراو بە (سی پی تی / CPT)، کە رێکخراوێکی ئەمریکییە پۆستێکی لە فەیسبوکی فەرمیی خۆیدا سەر دۆخی ٥ زیندانیی شیلادزێ بڵاوکردەوە. سی پی تی لە راگەیەندراوەکەیدا تیشکی خستە سەر پێشێلکاریی ئاشکرای بڕیاری دادگا بۆ ئازادکردنی ٥ زیندانیی شیلادزێ و ڕایگەیاند: " بڕیاربوو زیندانیانی شیلادزێ، كۆڤان تاریق، یوسف شەریف، نێچیر بەدیع، مەحمود ناجی و ئەمجەد ڕێكانی لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا بە ئازادكردنی مەرجدار ئازادبكرێن، بەڵام تا ئێستا لە زینداندا ڕاگیراون و ھیچ بەرچاو ڕوونیەكیش نییە لەسەر چارەنوسی ئەو پێنج زیندانییە".
لە ڕاگەیاندراوەکەى تیمی سی پی تی لە كوردستانی عێراق دا هاتووە، "سەركۆنەی ڕاگرتن و ھێشتنەوەی ئەو پێنج چالاكوانە دەكەن، کە لە زینداندا و لە ھەمان كاتدا تیمی سی پی تی نیگەرانە سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی بەشێك لە زیندانیانی شیلادزێ لە زیندانیی چاكسازی گەورانی ھەولێردا".
هەر ٥ چالاکوانەکە نزیکەی ١٩ مانگە لە زینداندان. لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٢ەوە دانیشتنی دادگا لەسەر دۆزەکەیان بەڕێوەچوو. دادگا بە پاساوی "هەوڵ بۆ دروستکردنی گروپی چەکداری، هاوکاریکردنی پەکەکە و ڕێکخستنی خۆپیشاندانی توندوتیژانە" بەپێی ماددەی ١ی لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠١٣ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەو ٥ چالاکوانە گەنجانە بڕییەوە.
هەروەها دادوەر بڕیاریشی دا، کە ئەو چالاکوانە گەنجە زیندانیانە بە مەرجی مانەوەیان لە ژێر چاودێری دادگادا ئازاد بکرێن. بەپێی بڕیارە دەبوایە لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا هەر ٥ زیندانییەکە ئازاد بکرێن، بەڵام تا ئێستا بەهۆی رێگرییەکانی پارتی (پەدەکە)ەوە ئازاد نەکراون.
ژ.ت