ئیدیتۆری ڕۆژنیوز سلێمان ئەحمەد کە ٢٧٩ ڕۆژە لەلایەن پەدەکەوە ڕفێنراوە، ئەمڕۆ هاتەبەردەم دادگا. دادگا لەسەر فەرمانی پەدەکە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەیەدە ٣ ساڵ سزای زیندانی بەسەر سلێمان ئەحمەد سەپاند.
پارێزەر نەریمان ئەحمەد دەربارەی سزاکە بۆ ڕۆژنیوز دوا و گوتی: "دەبوایە بە یاسای ڕۆژنامەگەریی مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بکرایە، بەڵام بە ماددەی ١ـی ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە "پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە" بۆ ماوەی سێ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا. دانیشتنی دادگایەکە بە توندی بەڕێوەچوو، تەنانەت سەرەتا ڕێگە بە پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد نەدرا کە بەشداری دۆسێیەکەی بن، دواجار لە ژێر فشاردا توانیمان بەشداریی بکەین".
هەروەها پارێزەرەکە ڕایگەیاند، لە دانیشتنی دادگاییەکەدا، سلێمان ئەحمەد لە بەردەم دادوەردا ڕەتیکردەوە، کە ئەو لێدوانەی ئامادەکراوە هی ئەو بێت، بەڵکو بە سۆرانی نووسراوە و تەنانەت بۆ ئەو نەخوێندراوەتەوە.
لە درێژەدا نەریمان ئەحمەد گوتی: "لەسەر داوای دادوەر دوو شایەتمان ئامادەکردبوو و جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەو تۆمەتانە دوورن لە ڕاستییەوە و سلێمان ئەحمەد لە ئاژانسی ڕۆژنیوز وەک ڕۆژنامەنووس ماوەی پێنج ساڵە کاری کردووە .پێمان وایە کە ئەو سزایە دادپەروەرانە نییە و بۆیە بڕیارەکە تەمیز دەکەینەوە. ڕێگە بە یۆنامی نەدرا کە ئامادەی دانیشتنی دادگاییەکە ببێت و بڕیار وایە یۆنامی ڕاگەیاندراوێک لەو بارەیەوە بڵاوبکاتەوە".
ئیدیتۆری بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز سلێمان ئەحمەد دوای ئەوەی بۆ بەشداریی کردن لە پرسەی باوکی سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ سەر کارەکەی لە باشووری کوردستان، لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە ڕفێندرا و پاش ٢١١ ڕۆژ چارەنووسی ئاشکرابوو و ڕێگە بە پارێزەرانی درا سەردانی بکەن.