پاسەوانی سنووری عێراق لە هەورامان کۆڵبەرێکی دیکەیان ئەشکەنجەدا

جارێکی دیکە پاسەوانی سنووری عێراق لە سنووری هەورامان لە دیوی باشووری کوردستان، کۆڵبەرێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیان ئەشکەنجەدا.

بە گوێرەی هەواڵێکی کۆڵبەر نیوز هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە هێڵی سنووری شارۆچکەی تەوێڵەی سەر بە هەورامان کۆڵبەرێکیان بە ناوی سیروس مورادی خەڵکی گوندی مرواری کامیاران دەستگیرکردووە و دواتر بە توندی ئەشکەنجەیان داوە.

هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق دوای ئەشکەنجەدان ئەو کۆڵبەرەیان ناچار کردووە بەڵگەنامەیەک واژۆ بکات، کە تیایدا تۆمەتی سەرپێچی و پێشێلکردنی یاسای ئاراستە کراوە.

لە چەند مانگی رابردوودا هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە تایبەتی لە سنووری هەڵەبجە-هەورامان چەندین جار تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و هەروەها چەندین کۆڵبەریشیان ئەشکەنجەداوە و بە تاشینی سەر سوکایەتیان پێکردوون.

هـ . ب