پاژک: بەرخودانی ١٤ی تەممووز مێژووی گەلی کوردە

دەستەى بەڕێوەبەری پاژک رایگەیاند، بەرخودانی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووزی ١٩٨٢ لە زیندانی ئامەد "مێژووی گەلی کوردە".

دەستەى بەڕێوەبەریی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک / PAJK) بە بۆنەى ساڵیادی بەرخودانی ١٤ی تەممووز لەسەر ماڵپەڕکەیان بە ناونیشانی (pajk.org) راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و لە کەسایەتیی پێشەنگەکانی بەرخوداندا کەمال پیر، خەیری دورموش، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشانیان بەرز راگرت.

راگەیاندراوەکەى پاژک:

"بەرخودانی مێژوویی، شۆرشگێڕی، کولتوری و کۆمەڵگەیی بەرخودانی ١٤ی تەممووز لە ٣٩هەمین ساڵدا لە کەسایەتیی پێشەنگ و شەهیدە گەورەکانی ئەو بەرخودانەدا هاوڕێ کەمال، خەیری، عاکیف و عەلی چیچەک دا یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی بە منەت و رێز و خۆشەویستییەوە دەکەینەوە. سڵاو لە بەرخودانی رێبەر ئاپۆ، کە ئەمڕۆ لەسەر بنەمای پەیوەستبوون و پێبەندی بەو شەهیدە گەورانە پێشیدەخات، بەرخودانی هاوڕێیانمان لە زیندانەکاندا، تێکۆشان و شەڕی هەڵمەتی شۆڕشگێڕی، کە گەریلا بەڕێوەی دەبات دەکەین. بەڵێن و بڕیارداربوونمان بۆ بەرزکردنەوە و بڵندکردنی بەرخودان و دڵسۆزی بۆ هێڵی شەهیدان نوێ دەکەینەوە.  

لە مێژوو تاوەکو دامەزراندنی حیزبەکەمان پەکەکە، گەلی کورد بۆ پاراستنی کولتور، هەبوون و خاکی خۆی بەرەنگاریی کردووە. کولتوری بەرەنگاری و بەرخودان لە کوردستان وەرچەرخاوە بۆ شێوازی ژیانی گەلەکەمان، بەڵام زۆر جار بە بێ پێشەنگ، بە بێ بیردۆزی و زانستی بەرخودان کراوە، بۆیە گەلەکەمان ئازاری گەورەی چەشتووە. بەڵام بەرخودانی ١٤ی تەممووز وەک پێکەوەبەستنەوەى و تێهەڵکێشکردنی تەواوی ئەو مێژووە بەرەنگاری و بەرخودانییەی گەلەکەمان بووە شێوازێکی نوێ، کە نمونەى نەبوو. ئەو بەرخودانە بە هۆشیاربوونی فیکری، بڕوا، فەلسەفە، بیردۆزی و شێوازێکی نوێی تێکۆشان بەڕێوەچوو. ئەو شێوازە نوێیەی بەرخودان بە زانستییانە پێشکەوت و بە راستیی رێبەر ئاپۆ بونیاتنرا. لە کوردستان تۆوی ئەو بەرخودانە چێندرا و بە تێپەڕبوونی کات وەرچەرخا بۆ تێکۆشانی گەلی شۆڕشگێڕی. لە بەرامبەر فەلسەفەى دەوڵەتى تورکی کودەتاچی، فاشیست، داگیرکەر و پاکتاوکەر بەرخودانی مێژوویی ١٤ی تەممووز بۆ گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەى کوردستان و ژنانی کورد بووە سەرەتای سەردەمێکی نوێی تێکۆشانی خۆبوون. ئیدی گەلی کورد بۆ بونیاتنانی ژیانێکی شکۆمەدانە و بە دەستهێنانی ناسنامەى ئازاد ئەو بەرخودانە مێژوییەی لە ئامێز گرت و پشتیوانی و خاوەنداریی لێکرد و لە پێناو درێژەدان بەو بەرخودانەدا هێژاترین کچان و کوڕان خۆیان کردە قوربانی. بەرخودان بە پێشەنگایەتیی کەمال، خەیری و ساراکان پێشکەوت لە کوردستان بووە بنەمای هەنگاونان بۆ هەڵمەتی ١٥ی تەباخ و چاندنی تۆوی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی. وتەى 'بەرخودان ژیانە' ئیدی لە کوردستان بووە بناغەى فەلسەفەى ژیانی ئازاد.

پێشەنگی بەرخودانی ١٤ی تەممووز هەڤاڵ کەمال پیر لەبارەی ئەو بەرخودانەى پێشیانخست وتی، 'ئێمە ژیانمان بەو رادەیە خۆش دەوێت، کە ئامادەین لە پێناویدا گیانمان بەخت بکەین'. ئەوە واتایەکی گەورەیە، ئەوە لە کوردستان بووە هێڵ، هەڵوێست و بڕیاردان بۆ گەورەکردنی تێکۆشان. هاوڕێ، پێشەنگ و تێکۆشەری گەورە هاوڕێ سارا ئەو بەرخودانە مێژووییە بەمشێوەیە پێناسە دەکات، 'بەرخودانی ١٤ی تەممووز قۆناغێک و پرۆسەیەک نەبوو، کە روویدابێت و کۆتایی پێهاتبێت، بەڵکو ئەو بەرخودانە لە هەموو روویەکەوە نوێنەرایەتی و وێنای مێژووی گەلی کورد دەکات'. بەرخودانی ١٤ی تەممووز بە هۆشیاربوون لەو مێژووە ئەرک و بەرپرسیارییەکانی قۆناغەکەى لە ئامێز گرت. کات و ساتێک، کە تیایدا دەژییان ماناداریان کرد. بەو بەرخودانە عەقڵییەت و سیاسەتی سڕینەوە و پاکتاوکردن، کە بەسەر گەلی کورددا دەسەپێنرا، گەورەترین گورزی لێدرا. لە بەرامبەر عەقڵییەتی پاکتاوکاری خۆبەدەستوەدەر و خیانەتکاریدا، پێشەنگەکانی ١٤ی تەممووز رێگای جەنگاوەری و شۆڕشگێڕیی قورسیان هەڵبژارد و وانەیەکی مێژووییان دایە داگیرکەرانی کوردستان. لەبەر ئەوەش لە تێکۆشانماندا لە هەموو کات و قۆناغێکی مێژوویدا کادێران و جەنگاوەرانی ئاپۆیی بە رۆڵی مێژوییان هەستاون و بوونەتە پێشەنگی سەردەمەکەیان.

لەم کات و سەردەمەی سەختی تێکۆشاندا بەرخودان و رۆحی ١٤ی تەممووز بە هەڵمەتی شۆڕشگێڕی بە پێشەنگایەتیی گەریلاکانی سەردەم لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا بەڕێوەدەچێت. لە رۆژی ئەمڕۆدا دەوڵەتی تورک و یارمەتیدەرەکانی بە عەقڵییەتی کودەتای ١٢ی ئەیلول و بە پلانگێڕیی نوێ هێرش دەکەنە سەر گەلەکەمان و بزووتنەوەکەمان. قێزەونترین و دژوارترین شەڕ لە بەرامبەر رێبەرایەتیمان بەڕێوەدەبات. هەر چۆن لە بەرامبەر فاشیزم و کودەتای ١٢ی ئەیلول بەرخودانی مێژوویی پێشخرا. ئەمڕۆش لە بەرامبەر هێرشە هەمەلایەنەکان، گۆشەگیریی قورس و پلانگێڕیی پاکتاوکارانە بە رۆحی ١٤ی تەممووز بەرخودانێکی هەمەلایەنە بەڕێوەدەچێت. لە بەرامبەر هێرشە پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی، وەک گەل ، گەریلا و هەموو هاوڕێیان لە زیندانەکاندا لە سەر رێگای ئەو بەرخودانە مێژووییە بەرەنگاری دەکەین و شەڕ و تێکۆشانی مان و نەمان بەڕێوەدەبەین. لەسەر راستیی ئەو بەرخودانە مێژووییە، ئەمڕۆ گەریلا بە نەریتی هەمان رۆح، رەنج، فیداکاری، تێکۆشان و بەرخودانی ئەفسانەیی شەڕ دەکات. گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بە هەڵوێستی بەرخودێرانەی کەمال، خەیری، عاکیف و عەلی چیچەک، بە رۆحی راپەڕیوی هاوڕێ سارا لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن. لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا دەوڵەتی تورکی فاشیست، داگیرکەر و هێزە کاپیتالیستەکان، کە بە هەموو توانا و هێزی خۆیانەوە هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکەن، بەڵام لە سیاسەتی سڕینەوە و پاکتاکردنی بزووتنەوەکەماندا سەر ناکەون، ئەوەش لە سایەی رۆحی بەرخودانی ١٤ی تەممووزدایە. لە بەرامبەر هێرشەکان، کە لە ٢٣ی نیسانەوە دەستیان پێکردووە، گەلەکەمان بە هەڵوێست و خۆ یەکخستن لەگەڵ رێبەر ئاپۆ، گەریلا بە بەرخودان نزیکەى ٣ مانگە ئەو پەیامەیان بە دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی، کە 'هێرش و پلانگێڕییەکانتان چەند دژوار بن با ببن، بەڵام هەرگیز سەرناکەون'.

لەسەر ئەو بنەمایە تێکۆشانی گەلەکەمان، بەرخودانی گەریلا و هاوڕێیانمان لە زیندانەکان، لەسەر رێگای کەمال و ساراکان، لە ٣٩هەمین ساڵیادی بەرخودانی ١٤ی تەممووزدا قۆناغێکی نوێی تێکۆشان بەڕێوەدەبەن. بە چوونە ناو ٤٠هەمین ساڵی ئەو بەرخودانە ئەرک و بەرپرسیاریی مێژووی دەکەوێتە ئەستۆمان. ئێمە وەک بزووتنەوە و گەل لە رۆژی ئەمڕۆدا رووبەڕووی هێرشی قورس بووینەتەوە. ئەو هێرشە تەنها بە بەرزکردنەوەى رۆحی بەرخودانی ١٤ی تەممووز تێکدەشکێنرێت. وەک حیزب، کادێر و جەنگاوەرانی رێبەر ئاپۆ و شوێنهەڵگرانی هێڵی بەرخودانی مێژوویی ١٤ی تەممووز، شەرت و مەرجەکان هەر چییەک دەبن با ببن، هێرشەکان چەند دژوار دەبن با ببن، وەک بەرخودێران، کە کاتە سەخت و دژوارەکانیان سەرخست، ئێمە لە بەرامبەر ئەو هێرشە هەمەلایەنانەدا بە رۆحی ١٤ی تەممووز بەرەنگاری و بەرخودان دەکەین و سەردەکەوین.

لەسەر ئەو بیر و باوەڕە، ئێمە جارێکیتر پێشەنگەکانی بەرخودانی ١٤ی تەممووز و لە کەسایەتییاندا، هەموو شەهیدان، کە لە پێناو گەورەکردنی ئەو بەرخودانەدا بە رۆحی فیدایی شەڕ دەکەن و شەهید بوون، بە منەت و رێزەوە یادیان دەکەینەوە و ئەو بەڵێنەى بە شەهیدانمان داوە دووبارەی دەکەینەوە".

ژ.ت