پەدەکە لە پشتەوە خەنجەر لە گەریلا دەدات
گەریلا شەڕی تورکیا دەکات و پەدەکەش لە پشتەوە هێرش دەکات و خەنجەر لە گەریلا دەدات و سەرباری ئەوەش هێرشەکانی خۆیان دەخەنە ئەستۆی پەکەکە.
گەریلا شەڕی تورکیا دەکات و پەدەکەش لە پشتەوە هێرش دەکات و خەنجەر لە گەریلا دەدات و سەرباری ئەوەش هێرشەکانی خۆیان دەخەنە ئەستۆی پەکەکە.
دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە مەبەستی زەمینەن خۆشکردن و دروستکردنی ئاڵۆزی هێزی بەرەو کامپەکانی گەریلا لە مەتینا و ئامێدی جوڵە پێکرد، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ دروستکردنی ئاڵۆزیی زیاتر هێزەکەی پەدەکەی بۆردوومان کرد، بەڵام پەدەکە ئەو هێرشەی خستە ئەستۆی پەکەکە. سەربەست لەزگین ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ ڕاگەیاندنی پارتی دەڵێت: لە بۆسەیەكی پەكەكەدا لە ئامێدی پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و دووانی دیكەش بریندار بوون".
بەڵام عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە ئەژماری خۆی لە فەیسبووك جەختیكردووەتەوە، كە پێشمەرگەكان لە بۆردومانێكی توركیادا بوونەتە قوربانی و نووسیوێتی: " بەھۆی تۆپبارانی سوپای تورکیاوە چوار پێشمەرگە لە چیای مەتینای پارێزگای دھۆک شەھیدبوون".
هاوکات بەشێک میدیاکانی باشووری کوردستان و جگە لە راگەیاندنەکان و راگەیاندنە سێبەرەکانی پەدەکە، هەواڵی ئەوە بڵاوکراوەتەو، کە سوپای تورک پێشمەرگەکانی پەدەکەیان لە مەتینا بۆردومانکردووە.
ئەو لە کاتێکدایە یەکەمجار ڕاگەیاندی پارتی خۆێ ئەو هەواڵە بڵاوکردەوە، کە پێشمەرگەکانیان لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردوومان کراون، بەڵام دواتر هەواڵەکەیان سڕیەوە و لە بریی ئەو هەواڵە، هەواڵی هێرش و بۆردومانەکەیان خستە ئەستۆی پەکەکە.
پارتی هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوی زەمینە بۆ ئەو خیانەتەی خۆی خۆش بکات و لە پشتەوە خەنجەر لە گەریلا بدات، بەڵام کوردەواری دەڵین: "پەتی درۆ کورتە" گەلی باشوری کوردستان هیچ متمانەیەکی بە درۆیەکانی دەزگای شەڕی تایبەت و سەربەست لەزگینەکانی پەدەکە نییە، لە ڕاستیدا ئەوەی هێرشی کردووەتە سەر کەمپی گەریلا و لە پشتەوە خەنجەر دەوشێنن پێشمەرگەکانی پارتین.
بۆیە وتەبێژی فەرمی هێزەکانی پارستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت: "داوا لەو هێزانە دەکەین لە پشتەوە خەنجەر لە هێزەکانمان نەدەن. راشیگەیاند، ئێمە لە شەڕ و بەرەنگاریی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرداین، کە دەیەوێت باشووری کوردستان داگیر بکات".
پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و راگەیاندنەکانی و پەرلەمانتاران و ئەندامەکانی بە بەردەوامی پاساو بۆ داگیرکەری و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و ئەو کوشتوبڕەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەهێننەوە، کە لەسەر خاکی کوردستان لە دژی گەلی کوردستان، خاکی کوردستان و ژینگەی کورستان ئەنجامی دەدات.
پەدەکە لە ماوەى چەند ساڵی رابردوودا نەک تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان باس نەکردووە، بەڵکو تاوان و کاولکاری و شەڕی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە بەرامبەر بە خاک و خەڵکی کوردستان دەخەنە ئەستۆی پەکەکە، کە لە ئێستادا تاکە هێزە لە دژی ئەو داگیرکەرییەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کورستان وەستاوەتەوە و رۆژانە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان گورز لەو هێزە داگیرکەرە دەدەن و بە خوێن و ئیرادە و بڕوای خۆیان کوردستان لە داگیرکەری دەپارێزن.
پەدەکە بەوەوە نەوەستاوە، کە تەنها تاوانەکانی دەوڵەتى تورک بشارێتەوە و کار بۆ سپیکردنەوەیان بکات، بەڵکو هاوکات لەگەڵ دوو دەوڵەتی تورکیا و عێراق دا کار بۆ ئەنجامدانی هێرش و پەلامار دەکات بۆ سەر سنوورەکانی گەریلا. هێزەکانی پەدەکە لە زینی وەرتێ و ناوچەى چەمانێکیی گارە و هەرێمی خواکورک چەندینجار پەلاماری هێزەکانی گەریلای داوە.
پەدەکە بە رادەیەک لە رێڕەوی خۆی دەرچووە، کە جگە لە هێرش و پەلاماری راستەوخۆی بۆ سەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، بەڵکو پەدەکە بە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی و رێکخستنەکانی لە رێگەی سیخوڕیکردن و هەواڵگرییەوە بە بەردەوامی زانیاری بە سوپای تورکی داگیرکەر دەدەن و دەزگای سیخوڕیی میتی تورک دەدەن و ژمارەیەک هێز و پێشمەرگەشیان تەرخانکردووە بۆ پاسەوانیکردنی بنکەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و پاراستنیان و هەموو هەوڵێکیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەى سەربازانی تورک بپارێزن.
ئەمڕۆش لە بەردەوامیی هێرشەکانی بۆ سەر کامپەکانی گەریلا لەگەڵ سوپای عێراق لە عەرزەوە و بە پاڵپشتیی ئاسمانیی سوپای تورکی داگیرکەر هێرشیان کردە سەر کامپەکانی گەریلا لە ناوچەى مەتینا، بەڵام لە کاتی هێرشەکەیاندا بە ئەنقەست و بۆ هەڵگیرساندنی ناکۆکیی زیاتر لە نێوان لایەنەکانی کورددا، لەلایەن سوپای تورکی داگیرکەرەوە بۆردومانکران و بەپێی زانیارییەکان ٥ پێشمەرگەیى پەدەکە لەو بۆردومانەى دەڵەتی تورکی داگیرکەردا کوژراون و دوو پێشمەرگەی تریش بریندار بوون، بەڵام پەدەکە و ئەندامەکان و راگەیاندنەکانی رووقایمانە نەک ئامادە نیین باسی ئەو تاوانەى دەوڵەتى تورک بکەن، بەڵکو بەوپەڕی بێ چاو و رووییەوە شەو هێرشە دەخەنە ئەستۆی پەکەکە، کە لە کاتی بەرەنگاری و بەرخوداندایە بۆ پاراستنی خاک و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان.
هاوکات لەگەڵ ئەوەى پەدەکە بە سەر و ماڵ و هێز و رێکخستن و راگەیاندنەوە خۆی خستووەتە خزمەتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، رێککەوتنی ٥٠ ساڵەی بۆ فرۆشتنی سامانی کورستان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا هەیە و کوردستانی کردووەتە گۆڕەپانی ساخکردنەوەى کاڵا ژەهراوییەکانی دەوڵەتی تورک. ئێستا جگە لەو تاڵانکارییە گەورەییەى لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە دژی خاک و سامانی کوردستان ئەنجامی دەدات، دەستیکردووە بە بڕینەوەى دارەکانی کوردستان و بردنی بۆ تورکیا. پەدەکە بەردەوامە لە تاڵانکردن و کاولکردنی کوردستان و خزمەتکردن بە داگیرکەران.
ژ.ت