پەکەکە: دەبێت هەڵمەتی 'کات کاتی ئازادییە' بە رۆحی بەرخودانی ١٤ی تەممووز بەڕێوەبچێت

کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، هەر چۆن بەرخودانی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووز بەرامبەر رژێمی فاشیست – سەربازیی ١٢ی ئەیلول سەرکەوت، بەرخودانی ئەم سەردەمەش لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە سەردەکەوێت.

  کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە لە ٤٠هەمین ساڵیادی بەرخودانی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووز راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دوژمن جیاوازتر نییە لەوەی پێش ٣٩ ساڵ. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە راستەوخۆ بەردەوامیی لیژنە سەربازییەکەى کەنعان ئەڤرەنە، کە سەرۆکایەتیی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ی دەکرد".

راگەیاندراوەکەى کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە:

"ئێمە دەچینە ٤٠هەمین ساڵی بەرخودانی گەورەی مێژوویی رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووز. بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان و گەلی کورد ٣٩ ساڵە لەسەر هێڵی ١٤ی تەممووز تێکۆشانی شکۆمەندانەی نەتەوەیی بەڕێوەدەبەن و ئێمە سەردەکەوین. کاریگەریی ئەو بەرخودانە گەورە هەرگیز کەم ناکات و بە پێچەوانەوە هەموو کات کاریگەریی زیاتر دەبێت. ٣٩ ساڵە لە کوردستان هەر هەنگاوێک کە بە ناوی ئازادییەوە دەنرێت لە ژێر کاریگەریی بەرخودانی ١٤ی تەممووزدایە. ئاشکرایە، کە لە ٤٠هەمین ساڵدا کاریگەریی زیاتر و گەورەتر دەبێت و رێگا بۆ سەرکەوتنی ئازادیی نوێ دەکاتەوە.

لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە سڵاو لە بەرخودانی ١٤ی تەممووزی مێژوویی، رۆحی سەرکەوتن، بڕیارداربوونە گەورەکەى ١٤ی تەممووز، ئازایەتی و فیداکارییەکەی، هۆشمەندی، ئیرادەی بەهێز، دڵسۆزی بۆ گەل و ڵات، عەقڵییەت و تێگەیشتن لە خۆشویستنی ژیان دەکەین، کە بە فیداکردنی گیانی خۆیان بەرخودانی ١٤ی تەممووزیان ئافراند و سەرکەوتنیان مسۆگەر کرد. رۆژی شکۆی نەتەوەیی ١٤ی تەممووز لە پێش هەموانەوە لە رێبەر ئاپۆ، لە هەموو هاوڕێیان و گەلە وڵاتپارێزەکەمان پیرۆز دەکەین. لە کەسایەتیی هاوڕێیان محەمەد خەیری دورموش، کەمال پیر، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک دا، کە ئەو رۆژە گەورەیەیان ئافراند و ٣٩ ساڵە رێنیشاندەرمانن، بە رێز و خۆشەویستی و منەتەوە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەینەوە. ئێمە رایدەگەیەنین، کە لە ٤٠هەمین ساڵ دا لە هەموو روویەکەوە بە بەهێزی شەڕ دەکەین و سەرکەوتن گەورەتر و مسۆگەر دەکەین.

پەکەکە ٣٩ ساڵە لەسەر هێڵی بەرخوداندایە

وەک دەزانرێت بەرخودانی گەورەی زیندان لە ساڵی ١٩٨٢ دا، کە رژێمی فاشیست – سەربازیی ١٢ی ئەیلولی لە رووی ئایدۆلۆژییەوە تێکشکاند، بە چالاکیی نەورۆزی هاوڕێ مەزڵوم دۆغان دەستیپێکرد و ئەو چالاکییە بووە هەوێنێ هۆشمەندیی بزووتنەوەى ئازادیمان. ئەو بەرخودانە گەورەیە بە چالاکیی مێژووی چوارەکان و بە پێشەنگایەتیی فەرهاد کورتای بەرەوپێشچوو. دوای ئەوە هاوڕێمان محەمەد خەیری دورموش رۆژی ١٤ی تەممووز رایگەیاند، چالاکیی گەورەی رۆژووی مردنی دەستپێکردووە و ئەو بەرخودانە مێژووییەی سەرخست. ئەوەش وەرچەرخا بۆ هێڵێکی بەرخودان، کە لە هیچ هەلومەرجێکدا تێکناشکێت و بە بەردەوامی سەردەکەوێت. لە شۆڕشی ئازادیی کوردستاندا هێڵی فیدایی سەرکەوتنی ئافراند، رێبازی تێکشکاندنی هەموو جۆرە سەختی و زەحمەتییەکانی چەسپاند. رێبەر ئاپۆ بۆ بەرخودانی ١٤ی تەممووز وتی، 'لە هەموو ئاستێکدا نوێنەرایەتیی هێڵی حیزبەکەمان دەکات'.

ئاشکرایە، ئێمەى گەل و بزووتنەوەکە ٣٩ ساڵە لە هێڵێکی لەو جۆرەدا لە بەرخونداین و تێکدەکۆشین و سەردەکەوین. ئەو دەستکەوتانە، کە لە ماوەى ئەو ٣٩ ساڵەدا بە ناوی ئازادیی کوردستانەوە بە دەستهێنراون، هەموویان بە کاریگەریی بەرخودانە گەورەکەى رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووز بە دەستهاتوون. لە دژی رژێمی فاشیست – سەربازیی ١٢ی ئەیلول رێبەرایەتیی حیزبەکەمان خۆی لەسەر ئەو بنەمایە بە رێکخستن کرد، هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی ١٥ی تەباخی ١٩٨٤ی مێژوویی گەریلایی لەسەر ئەو بنەمایە پێکهێنا، سەرهەڵدانی گەل لە ساڵانی ١٩٩٠ دا لەسەر ئەو بنەمایە ئافرێنران، بزووتنەوەى ئازادیی ژن، کە واتادارترین شۆڕشی ئازادیی مێژووە، بە پێشەنگایەتیی هاوڕێ سارا لە بەرخودانی گەورەی زنیداندا دەستیپێکرد، رێباز و هۆشمەندیی تێکۆشانی گەورە لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، کە ٢٣ ساڵە بەردەوامە، بەو بەرخودانە بەڕێوەچوو. بەرخودانی ١٤ی تەممووز هەموو کات لە هەموو شوێنێکدا خۆی دەسەلمێنێت و هێز دەبەخشێت و بەدەستهێنان و سەرکەوتن تۆمار دەکات.

بەرخودانی ئێستا دەبێت بەرخودانی ٣٩ ساڵ لەوە پێش بۆ خۆی بکاتە بنەما

لە دژی هێرشەکانی شەڕی تایبەتی پاکتاوکاری هەمەلایەنە، کە ئەمڕۆ لەلایەن فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەوە بە پشتیوانیی ناتۆ و پارتی دیموکراتی کورستان (پەدەکە) بەڕێوەدەچێت، بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان، گەلی کورد و هێزە دیموکراتیک – شۆڕشگێڕەکان لەسەر هێڵی ١٤ی تەممووز بەرەنگاری دەکەن و ئێمە سەردەکەوین. ئەگەر مرۆڤ سەرنج بدات ئەوە دەبینرێت، کە دوژمن لەگەڵ دوژمنی پێش ٣٩ ساڵدا هیچ جیاوازییەکی نییە. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە راستەوخۆ بەردەوامیی لیژنەى سەربازیی کەنعان ئەڤرەنە، کە سەرکردایەتیی بۆ کودەتاکەى ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ کرد. ئەمانەى ئێستا بەرگە سڤیل و مەدەنیەکەى ئەو کودەتایەن. بۆ ئەوەى هەموو شتەکان، کە بە ناوی ئازادی و دیموکراسییەوە لە ناوی ببەن، بۆ ئەوەى بەرخودانی ئازادیی کوردستان بە پێشەنگایەتیی پەکەکە سەرکوت بکەن و بۆ ئەوى پارچەکانی تری کوردستان داگیر بکەن، هەموو هێزەکانی خۆیان بە تەواوەتی خستووەتەکار و هەموو شێوازێکی دڕندانە بەکار دەهێنن و هەرچییەکیان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن. بە کورتی دوژمن ئێستا بە هەموو شێوەیەک کۆپیی دوژمنی پێش ٣٩ ساڵە، بۆیە بەرخودانی ئێستاش دەبێت بەرخودانی پێش ٣٩ ساڵ بۆ خۆی بکاتە بنەما.

بەرخودانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی هەمەلایەنە و هەڵمەتی کات کاتی ئازادییە بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ لەلایەن بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمانەوە بەڕێوەدەچێت، هێڵی بەرخودانی ١٤ی تەممووز و ١٥ی تەباخ لە دژی فاشیزمی ١٢ی ئەیلول بۆ خۆی دەکاتە بنەما و بەپێی هەلومەرجەکانی ئێستا بەڕێوەدەچێت. لە پێش هەموو شتێکەوە بەرخودانی ئیمراڵی، لە هەموو زیندانەکاندا بەرخودان هەیە. گەریلا قارەمانەکانمان و هێزەکانی خۆپاراستنمان هەموو رۆژێک گورزی قورس لە دوژمن دەدەن. گەل و دۆستەکانمان لە چوارپارچەى کوردستان و دەرەوەی وڵات بە پێشەنگایەتیی ژنان و گەنجان هەموو رۆژێک لەسەر پێن و دەڕژێنە سەر شەقامەکان. لە هەموو شوێنێک، هێزی سیاسەتی دیموکراتیک لە دژی هێرشەکانی فاشیزم بە شێوەیەکی واتادار بەرەنگاری دەکەن. هەموو ئەوانە بە بەرخودانی ١٤ی تەممووز و رۆح و ورەی سەرکەوتن بەڕێوەدەچن بەردەوامیی بەرخودانی ١٤ی تەممووزن. هەر چۆن، کە بەرخودانی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووز لە بەرامبەر رژێمی فاشیست – سەربازیی ١٢ی ئەیلول سەرکەوت، بەرخودانی ئەم سەردەمەش لە بەرامبەر فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە سەردەکەوێت.

بەرخودانی ١٤ی تەممووز چالاکییەکی مێژووییە، کە وێنەى نییە

٤٠هەمین ساڵی بەرخودانە گەورەکە بە تێگەیشتن و ورە و ئیرادەیەکی لەمشێوەیە دەستپێدەکات. دۆخێکی رووبەڕووبوونەوە نییە، کە کاریگەریی چالاکیی بەرخودانی ٤٠ ساڵەی تیادا نەبێت و بەبێ لاوازبوون بەردەوامیی هەیە. بەرخودانی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووز چالاکییەکی مێژوویی لەو شێوەیە، کە نمونەى لە مێژوودا زۆر کەم و دەگمەن بینراوە و وێنەی نییە. لە ٤٠هەمین ساڵی ئەو چالاکییە مێژووییەدا پێشەنگایەتیی حیزب، گەریلا و هێزەکانی خۆپاراستن، بزووتنەوەکانی ژنان و گەنجان، گەلەکەمان و دۆستانمان لە هەر چوارپارچەى کوردستان و دەرەوەی وڵات لە هەموو گۆڕەپانەکاندا لەسەر هێڵی بەرخودان و سەرکەوتنی ١٤ی تەممووز تێدەکۆشن، فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تێکدەشکێنین و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین. نە هێرشە سادیستییەکانی (نەخۆشی چێروەگرتن لە ئازاردانی کەسانی تر) مەهەپە، نە فێڵبازییەکانی ئاکەپە، نە پششتیوانییەکانی ناتۆ و پەدەکە، هیچیان ناتوانن رێ لە تێکشکاندنی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بگرن، فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە هەڵدەوەشێتەوە، کوردستان ئازاد دەبێت و تورکیا دیموکراتیک دەبێت.

لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە داوا لە هەموو هاوڕێیانی حیزبمان دەکەین، داوا لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان و دۆستە دیموکراتیکەکانمان دەکەین، کە هێڵی بەرخودانی ١٤ی تەممووز بە باشی و راست و دروست تێبگەن، لەسەر بنەمای ئەو هێڵە لە خۆتان بپرسن، خۆتان بگەیەننە ئاستی رێباز و عەقڵییەت و تێگەیشتنێکی راست و لە هەموو گۆڕەپانەکاندا رۆژی شکۆی نەتەوەیی ١٤ی تەممووز بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆز بکەین، هەڵمەتی کات کاتی ئازادییە لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بە بەرخودانی ١٤ی تەممووز و رۆح و ئیرادەی سەرکەوتن بەرەو پێش ببەین".

ژ.ت