هه‌واڵی به‌په‌له‌: لە پێکدادانەکانی شێراوا چەتەیەک کوژرا و چەتەیەک بەدیل گیرا

"پەکەکە هێزێکی شۆڕشگێرە نەک تیرۆرست"

شوان محەمەد ئەندامی مەکتەب سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و عیماد محەمەد کارگێڕی مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان رایگەیاند: جیهان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان نابەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی کورد کردووە و پەکەکە "تیرۆریست" نییە.

هەوڵەکان بۆ لابردنی ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ''لیستی تیرۆر'' لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا دەستی پێکردووە، لە ئێستادا کەمپینی واژۆکۆکردنەوە لە ٣٠ وڵاتی جیهان بۆ لابردنی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا بەڕێوەدەچێت و تا ئێستاش بەردەوامە.

پشتگیری بۆ هەڵمەتی لابردنی ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ''لیستی تیرۆر'' ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، لەشاری کەرکوکیشەوە حزبەکانی باشوری کوردستان پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو کەمپینە ڕادەگەینن و دەڵێن: " دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر هەنگاوێکە و دەبێت بۆ بەرەو پێشچوونی پرۆسەی ئاشتی بەتایبەتی لەباکوری کوردستان و تورکیا".

دوو هەفتە لەمەوبەر بە دەستپێشخەریی کەسایەتیی رۆشنبیر، سیاسەتمەدار، چالاکوان و پارێزەران لە شاری کەرکوک، داواکرا ناوی (پەکەکە) لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت و کەمپینی (دادپەروەری بۆ کوردان) لە کەرکوکیش دەستی بەچالاکییەکانی کرد.

شۆڕشەکانی کورد ناچنە چوارچێوەی تیرۆرەوە

شوان محەمەد ئەندامی مەکتەب سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە دانانی ناوی پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "یەکێک لەو ڕێگایانە« کە دەوڵەتانی داگیرکەر دژی گەلی کورد بەکاری دەهێنن، ئەوەیە بزوتنەوە ئازادیخوازەکانی گەلی کورد بە چەمکی وەکو تیرۆر ئابڵوقە دەدەن، بەڵام لای تەواوی ووڵاتانی جیهان ئاشكرایە، کە شۆڕشەکانی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستان ناچنە چوارچیوەی تیرۆرەوە، چونکە شۆڕشەکانی کورد لەپێناو مافی ڕەوای گەلێکی داگیرکراودایە، داگیرکەرانی کوردستان تەواوی ڕێگا مەدەنیەکانیان لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردیان گرتووە و کورد ناچار کراوە پەنا بەرێتە بەر شۆڕشی چەکداری."

دەوڵەتانی جیهان لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان زۆر نابەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ شۆڕشی کورد کرد

دەوڵەتی تورکیا ساڵانێکی زۆر هەوڵیدا شۆڕشی باکوری کوردستان بە ڕێبەرایەتی پەکەکە بخاتە لیستی تیرۆرەوە، لەبەرامبەر ئەم پرسەدا ووڵاتانی زلهێز جیهانی زۆر نابەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسەدا کرد و لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان شۆڕشی ئازادیخوازنەی گەلی کوردیان خستە لیستی تیرۆرەوە، تورکیا پێویستە بەخۆیدا بچێتەوە چونکە، ناتوانێت بەردەوام بێت لەسایەتی ئاگر و ئاسن دژی میلەتی کورد، ووڵاتانی جیهان زۆر باش دەزانن شۆڕشی کورد و شۆڕشی باکوری کوردستان ناچێتە چوارچیوەی تیرۆرەوە، چونکە ئەم شۆڕشە لەشەڕی دژی داعش چەندین شەهیدایان داوە، لە شۆڕشەکانی کورددا هیچ کات پەنا نەبردراوەتە بەر کۆشتنی خەڵکی سڤیل و توقاندن و کۆمەڵکوژی، بەڵکو تەنها شەڕی هێزی چەکداری دەوڵەتی کردووە، کە ئەمش مافی ڕەوای هەموو میلەتێکی داگیرکراوە."

پەکەکە ئاشتیخوازە و پێویستە پەرە بەو کەمپینە بدرێت

هەروەها ئەو بەرپرسەی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، سەبارەت بە کەمپینی "دادپەروەری بۆ کوردان" ووتی: "ئەم کەمپینە کارێکی مەدەنیانەی زۆر جوانە، کە پێمانوایە پێویستە زیاتر پەرەی پێ بدرێت و کار و چالاکیی زیاتری بۆ بکرێت، پێمانوانیە کە ئەم جۆرە کامپینانەن کاریگەری لەسەر ڕای دەوڵەتی تورکیا هەبێت، بەڵام لەڕێگەی ئەم جۆرە کەمپینانە دەتوانین مافەکانمان بە ڕایگشتی بگەینین و دەتوانین بەجیهان بڵێین، ئێمە میلەتێکی ئاشتیخوازین، کە باشترین نموونەش ئەوەیە، کە پەکەکە تا ئێستا ٨ جار ئاگربەستی ڕاگەیاندووە و ئامادەبووە کێشەکان بە رێگەی ئاشتی چارەسەر بکات."

دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" هەنگاوێک دەبێت بۆ بەرەو پێشچوونی ئاشتی

لە کۆتایدا سەبارەت بە کاریگەری دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر لەسەر پرسی کورد، شوان محەمەد ووتی: "دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لسیتی تیرۆر کاریگەریی زۆری دەبێت، بەتایبەتی لەسەر باکوری کوردستان، دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر سیمای تەواوی کورد جوانتر دەکات، چونکە بوونی ناوی هەر بزوتنەوەیەکی کوردی لەناو لیستی تیرۆر، خەباتی گەلەکەمان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر هەنگاوێک دەبێت بۆ چوونە پێشەوەی پرۆسەی ئاشتی و لێکتێگەیشتن لە باکوری کوردستان و تورکیا، ئێمە ئومێد دەکەین تورکیا بگاتە ئەو ئەنجامە، کە لەبریی شەڕ و کوشتن بیر لەدیالۆگ بکاتەوە و واز لە عەقڵیەتی پەراوێزخستن بهێنێت. بیر لەمافی نەتەوەی کورد بکاتەوە، کە زیاتر لە ٢٠ ملێۆن کورد هەیە و ناوچەکانیانی داگیرکردووە."

گەلی کورد ناچار بە هەڵگرتنی چەک کراوە

عیماد محەمەد کارگێڕی مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان بەناوی حزبەکەیەوە لەشاری کەرکوک، سەبارەت دەستپێکردنی خەباتی چەکداری لەلایەن شۆڕشەکانی کوردەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ووتی: "ئێمەی کورد نەتەوەیەکین، کە خاکمان داگیرکراوە و لەلایەن دەوڵەتانی زلهێزەوە لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان ووڵاتمان پارچەپارچە کراوە، بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای نەتەوەیی گەلەکەمان پێویستمان بەوە بووە، کە شۆڕش بەرپا بکەین بۆ بەدەستهێنانەوەی مافە زەوتکراوەکانمان و ووڵاتمان بە زۆرەملێ لێکێندراوە بە ووڵاتانی دیکەوە، گەلی کورد ناچارکراوە، کە پەنابباتە بەر خەباتی چەکداری."

پەکەکە هێزێکی شۆڕشگێرە، نەک تیرۆرست

هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستی حزبی شێوعي کوردستان بەرامبەر بە "تیرۆرست ناساندنی پەکەکە"، ئەو بەرپرسەی حزبی شێوعی کوردستان ڕایگەیاند : "هەر ووڵاتێک ناوی شۆڕشەکانی کوردی بەتیرۆریست دانابێت ئەوە لە ڕەوانگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە تەمەشای پرسی نەتەوەیی کوردی کوردووە، شۆڕشەکانی گەلی کورد شۆڕشی ڕەوا بووە و شۆڕش و قوربانیەکانی گەلی کورد بەردەوام دەبێت تا گەلەکەمان دەگاتە ئامانجەکانی خۆی، کە ئەوەش بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی نەتەوەکەمانە.

پەکەکە هێزێکی تیرۆرست نییە، بەڵکو پەکەکە هێزێکی شۆڕشگێرە، کە بەشێکە لە بزوتنەوەی ئازادیخوازیی گەلەکەمان، دروست بوونی پەکەکە لە ئەنجامی چەوساندنەوەی گەلەکەمان بووە لەلایەن دەوڵەتێکی ستەمکار کە ئاگر و ئاسنی دژی کورد بەکارهێناوە و دەولەتی داگیرکەر زیندانەکانی دەوڵەتی پرکردووە لە رؤڵەکانی گەلی کورد."

بەرێز ئۆجالان کەسایەتییەکی کاریزمایە و ڕێبەری نەتەوەیەکی چەوساوەیە

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا عیماد محەمەد باسی لە پاڵپشتیی خۆیان وەکو حزبی شیوعی کرد لە کەمپینی دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر و کەمپینی (ئازادی بۆ ئۆجالان) و ووتی: "پەکەکە بۆ سنوردانانێک  بۆ ئەو تۆقاندن و تیرۆرە، کە دەوڵەتی تورک دژی کورد ئەنجامی دەدات، چەکی هەڵگرتووە و دەستی بە خەباتی چەکداری کردووە و شۆڕشیان بەرپا کردووە، بەرێز ئۆجالانیش کەسایەتییەکی خاوەن کاریزمایە و ڕێبەری نەتەوەیەکی چەوساوەیە، ئێمەش پشتیوانی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ هەردوو کەمپینی "دادپەروەری بۆ کوردان" و "ئازادی بۆ ئۆجالان"، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبریی بوونی پەکەکە بەرێز ئۆجالان لە لیستی تیرۆر، ناسناوی شۆڕشگێرییان پێ ببخەشرێت."

تورکیا بەردەوامە لە فراوانکردنی داگیرکارییەکانی

لە کۆتایدا عیماد محەمەد سەبارەت بە دژایەتیکردنی تورکیا بۆ کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان ووتی: " تورکیا دژایەتیی خۆی نەشاردووەتەوە و بەئاشکرا دژایەتیی گەلی کورد دەکات، ئێمە ناتوانین ڕاستەوخۆ دژایەتیی تورکیا بکەین، بەڵام دەتوانین سنورێک بۆ پێشێلکارییەکانی دابنین، کە لەباشوری کوردستان ئەنجامی دەدات، رۆژ لەدوای رۆژ تورکیا زیاتر داگیرکارییەکانی فراونتر دەکات لە باشوری کوردستان، پێویستە لەرێگەی دیالۆکەوە چارەسەری کێشەکان بکەین."

ژ.ت