پەرلەمانتارانی کورد لە کەرکوک: حکومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی شارەکە

پەرلەمانتارانی کورد لە کەرکوک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان بەست سەبارەت بە شەهید کردنی سێ گەنجی کورد لەلایەن چەکدارانی داعشەوە و ئەو هێرشەیان خستە ئەستۆی حکومەتی عێراق کە کەمتەرخەمە لە پاراستنی کەرکوکییەکان.

دوای ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر سێ گەنجی کورد لە گوندی (توڵکی) ناوچەی شێخ بزێنی سەر بە ناحیەی شوان لە کەرکوک کە لای ئێوارەوە بە دوای ئاژەڵی ونبوودا دەگەران، چەکداری نەناسیان لێ پەیدا بووە، گولەبارانیان کردوون، دوایی تەرمەکانیان سوتاندوون و گڕیان لە ئۆتۆمبێلەکەشیان بەرداوە، دواتریش ریکخراوی تیرۆرستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەو کردەوە تیرۆرستیە ڕاگەیاند.

ئەو ناوچەیەی گەنجەکانی تیدا شەهیدبوون ناوچەیەکی دوورەدەستی سنوورەکە بووە کە چۆڵەوانییە و هەوراز و نشێوی زۆری تێدایە.

ئەو سێ گەنجەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە شەهید کراون، بریتیبوون لە ئارام مستەفا لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨ و پێشمەرگەیە، لەگەڵ ئەودا هەرێزی تەمەن ٢٥ ساڵانی برای کە دوو هەفتەیە هاوژییانی پێکهێناوە وە پێشەوا عەبدولڕەحمانی تەمەن ٢٣ ساڵی ئامۆزایان لەو رووداوەدا بوونەتە قوربانی.

جێگای باسە ناوچەی شێخ بزێنی لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە، بەڵام شوێنی رووداوەکە لەو بۆشاییانەدایە کە هیچ هێزێکی تێدا نییە و دەکەوێتە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانەوە.

ئێوارەی دوێنێش لە نوسینگەی کەرکوکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری کەرکوک، نوینەرانی کورد لە فراکسێۆنی یەکێتی نشتیمانی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا سەبارەت بە شەهید کردنی ئەو سێ گەنجە کوردە و زیاد بوونی چالاکییەکانی داعش لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی تێدایە لە سنورەکانی شاری کەرکوک.

مەریوان نادر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری کەرکوک، بەناوی پەرلەمانتارانی کوردی شارەکەوە بەیاننامەیەکی خوێندەوە و وتی: "پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەو سێ شەهید دەکەین کە لەلایەن پاشماوەی تێرۆرستانی داعش لە گوندی تولکی سەربە ناوچەی شێخ بزێنی لە سنوری کەرکوک تیرۆرکران، ئەو ناوچەیەی کە ئەو گەنجانەی لێ تیرۆرکراوە دەکەوێتە ناوچەیەکی بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان، ئێمەش وەکو نوێنەرانی کورد لە فراکسێۆنی یەکێتی نشتیمانی کوردستان بە توندترین شێوە ئەم کارە تیرۆرستیە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین."

هەروەها مەریوان نادر وتیشی: " ئێمە لە پەیوەندی داین بۆ نەهێشتنی ئەم جۆرە تاوانە تیرۆرستیانە و بە فیرۆ نەچوونی خوێندنی شەهیدەکانمان، ئێمە وەکو نوێنەرانی کورد لە کەرکوک، چەندین کۆبوونەوەمان لەگەل وەزیری بەرگری، وەزیری ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ناوەندی عێراقی ئەنجامداوە بۆ ئاگادار کردنەوەیان لە دۆخی ئەمنی و سەربازی شارەکە و جەختیشمان کردۆتەوە لەسەر پێکهێنانی سەنتەرێکی هەماهەنگی هاوبەش بۆ بڕیاردان لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دروست بکرێت بۆ هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزە فیدراڵیەکان بە مەبەستی پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی کە چەکدارانی داعش دەیقۆزنەوە بۆ بەئامانج کردنی هاوڵاتیان و هیزە ئەمنیەکان."

لە کۆتایدا سەبارەت بە کەمتەرخەمی هێزەکانی عێراق بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی شارەکە، مەریوان نادر وتی: "ئێمە ئەنجامدانی ئەم کارە قێزەوەنە دەخەینە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی عێراق و داوا لە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا دەکەین پەلە بکەن بە دروستکردنی سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هیزە فیدراڵیەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش لە دەوروبەری شارە خۆشەویستەکەمان، ئێمە تەواوی توانای خۆمان دەخینەگەر بۆ پاراستنی ماڵ و گیانی هاوڵاتیان و نەهشتنی تیرۆر و هێرشە تیرۆرستیەکان لەسەرجەم ناوچەکانی شاری کەرکوک."

ز.ش