پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە دژی هێرشەکانی سەر رۆژئاوا و باشوری کوردستان نارەزایەتیان دەربڕێ

گروپێک لە پەرلەمانتارانی ئەوروپا نامەیەکیان ئاراستەی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا کرد و داوایان لێکرد دژی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان بوەستنەوە.

لە نامەکەدا کە بۆ ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و جۆزێپ بۆرێل جێگری سەرۆکی کۆمسیۆن نێردراوە، ئاماژە بە دوایین هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان کراوە کە لە ١٩-٢٠ی ئەم مانگە دەستیپێکردووە .

لە نامەکەدا هاتووە؛

"بەڕێز سەرۆک ڤۆن دێر لیین، بەڕێز نوێنەری باڵا، بۆرێل،

یەکێتیی ئەوروپا کە بەرگریکاری مافە گشتیەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانە، دەبێت دەنگی خۆی لە دژی ئەم هێرشە کوشندانە بەرز بکاتەوە کە بە روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن.

لە رۆژئاوا و باشور کورد، عەرەب، ئاشوری و ئەرمەنی لە کاتی شەڕدا جێگرەوەیەکی دیموکراسییان دروست کرد کە ڕێگا بۆ ئاشتی خۆش دەکات. زۆر گرنگە ئەم دەستکەوتانە بپارێزین. لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە دەیان هەزار جیهادی زیندانیکراون، ئەگەر ئەم ئەزموونە کۆتایی پێبێت، رەنگە ببێتە هۆی هەوڵێکی نوێی خەلافەتی هاوشێوەی داعش، کە ڕەنگە ببێتە هۆی گەڕانەوەی دۆخی ساڵی ٢٠١٤.

بۆیە بە ناوی پەرلەمانتارانینئەوروپا داواتان لێدەکەین کە بەپەلە بۆ وەستاندنی هێرشەکانی دەرەوەی سنوری ئێران و تورکیا بۆ سەر گەلی کورد هەنگاو بنێن و رێگری لە کارەساتی مرۆیی نوێ بگرن.

هەروەها لە نامەکەدا هاتووە کە یەکێتی ئەوروپا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات لێکۆڵینەوە لە پرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بکات.

لێرە کلیک بکە بۆ بینینی ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی داواکاریەکەیان پێشکەش کردووە.