پەیامی ١٥ ی ئابی زیندانیانی پەکەکە و پاژک

زیندایانی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک هەڵمەتی ١٥ ی ئابیان پیرۆز کرد و بانگەوازیان کرد: "ئێمە لەسەر ڕێچکەی هاوڕێ عەگید بەردەوام دەبین و هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ بە سەرکەوتن تاجدار دەکەین".

لەسەر ناوی زیندانیانی پەکەکە و پاژک دەنیز کایا ڕاگەیاندراوی بڵاوکردەوە. کایا جەژنی ژیانەوەی ١٥ ی ئابی پیرۆز کرد و ڕایگەیاند هەڵمەتی ١٥ ی ئاب گۆڕاوە بۆ ئاگری ئازادی کە کوردستان و تورکیا دەگرێتەخۆ و بەقووڵی کاریگەری ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان دەکات.

پەیامی زیندانیان بۆ ١٥ ی ئاب وەهایە:

"ئێمە جەژنی ژیانەوەی ١٥ ی ئاب کە لەدایکبوونی گەلی کوردە، لە ڕێبەر ئاپۆ و تەواوی شەهیدە قارەمانەکانمان و گەلی وڵاتپارێزمان و گەلانی بندەستی جیهان پیرۆز دەکەین. لە کەسێتی هاوڕێ عەگید کە فەرماندەی نەمری هەڵمەتە مەزنە مێژووییەکەیە، هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان بە ڕێز و سوپاسەوە بیردەهێنینەوە. هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی گەریلا کە دژی ڕژێمی فاشیست-عەسکەریی ١٢ ی ئەیلوول پێشکەوت، لە ١٥ ی ئابی ١٩٨٤ بە چالاکییەکانی گەریلا لە ئەروح و شەمزینان دەستی پێ کرد. پریشکی ئازادی لە ئەروح و شەمزینانەوە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان تەشەنەی کرد و ئەمڕۆ گۆڕاوە بۆ ئاگری ئازادی کە کوردستان و تورکیا دەگرێتەخۆ و بەقووڵی کاریگەری ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان دەکات.

گەر ئەم هەڵمەتە قارەمانە کە بەرخۆدانی مەزنی زیندانی ١٩٨٢ گەیاندی بە چیا و گەریلاکان نەبوایە، ئەمڕۆ شتێک بە ناوی کورد و کوردستان نەدەمایەوە. فشار و ستەمی فاشیستی، داگیرکاری، قڕکردن، ناچالاکی، ملکەچبوون، هاوکاری و خیانەت هەموو شوێنێکی دەتەنییەوە. هەڵمەتی شۆڕشگێڕانەی ١٥ی ئاب کە بە پریشکی ئازادی دەستی پێ کرد و تێکۆشانی قارەمانانە کە لەسەر ئەم بناغەیە پێکهات، هەموو ئەم شتانەی گۆڕی.

ڕۆحی ئازادی، هۆشیاری، ئیرادە، بوێری، فیداکاری، ڕێکخستن و چالاکیی کە ڕێبەر ئاپۆ ئافراندی، لەسەر ئەو بناغەیە پەرەی سەند. ڕاستی ڕێبەرێتی و شەهیدان و حزبی‌بوون و گەریلابوون کە مەزنترین دەستکەوتەکانن، لەسەر ئەم بناغەیە پەیدا بووە. گەلەکەمان و خاکی کوردستان گەیشتە هێزی خۆپاراستن و تۆڵە لە دوژمن دەسێنێتەوە. ئیتر گەلەکەمان و دەیان هەزار فیدایی کە خاکەکەیان دەپارێزن، لە چیاکانی کوردستان ڕێگە بە تەسلیمبوون و خیانەت نادەن.

ئێمە لەگەڵ بەرخۆدانی مەزنی هەموو گەلی وڵاتپارێزمان، ئەو هێزە گەریلا فیداییەی کە قارەمانانە بەرخۆدان دەکەن و سیاسەتی داگیرکاری تێکدەشکێنن و بەتایبەتی دایکە فیداکار و بەرخۆدەرەکانمان کە دژی سەپاندنی تەسلیمبوون لەلایەن فاشیزمەوە ئەوان لەبەردەم زیندانەکان چالاکی دەکەن؛ پێ دەنێینە نێو چلەمین ساڵیادی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی ١٥ ی ئابەوە.

وەک تەڤگەر و گەل، بە تایبەت لە زیندانەکان کە لە مێژووی تێکۆشانماندا هەمیشە گۆڕەپانی بەرخۆدان بووە، لە کوردستان و لە هەموو شوێنێکی جیهان، بە تێکۆشان و جۆش و ڕێکخستنی زیاترەوە دەچینە ناو ساڵی چلەمینەوە.

بێ گومان هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی گەریلای ١٥ی ئاب چەندێک بۆ کوردان بزووتنەوەی ڕۆشنگەری و ئازادی بووە، هاوکات ئەوەندەش بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین بزووتنەوەی ڕۆشنگەری و دیموکراتیکبوون بووە.

ئەو تێکۆشانەی لەسەر بناغەی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب پێشکەوت، ئەمڕۆ لەلایەن گەریلا فیداکارەکانی کوردەوە کە لەسەر هێڵی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک خۆی نوێ کردووەتەوە، سەرەڕای هەموو هێرشە نایاسایی و نائەخلاقییەکان، ڕێگە بە فاشیزم نادات و بە هێڵی قارەمانێتی، ئازادی کورد دەپارێزێت. گەریلاکانی ئازادی کوردستان ئەمڕۆ لە زاپ و مەتینا و هەموو هەریمەکانی پاراستنی مەدیا، لە هەر چوار لای باکووری کوردستان بە بەرخۆدانێکی فیداکارانە، ڕۆحی ١٥ ی ئاب و سەرکەوتن زیندوو ڕادەگرن.  

ئەو فیشەکانەی لە ١٥ ی ئاب تەقێنران، فیشەکن دژی ئەو کۆیلایەتیەتییەی بۆ کوردان بە ڕەوا دەبینرا. وەک چۆن بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت، وەهاش نکۆڵیکردن لە گەلەکەمان ڕێی تێ ناچێت. ئیتر کاتی ئازادییە، کاتی بنیاتنانی ژیانی ئازادە، کاتی ئەوەیە دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە فڕێ بدرێتە نێو زبڵدانی مێژوو.

ئاشکرایە ئەم تێکۆشانە مێژووییەی کە لەسەر ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ قفڵ کراوە، لە چلەمین ساڵیادی هەڵمەتەکەدا بەهێزتر دەبێت و بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێت. هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد، دەگاتە ئاستێکی نێونەتەوەیی و گەشە دەکات. ئەم هەڵمەتە بە دۆست و دوژمن و هەموو لایەکی نیشانداوە کە ڕۆحی ١٥ی ئاب هێشتا وەک یەکەم ڕۆژی بەردەوامە. هەڵمەتی ئازادی دابڕاو نییە لە هەڵمەتی ژیانەوە، بەڵکو درێژەپێدەری هەڵمەتی ژیانەوەیە. هەر بۆیە پێویستە خاوەنداری لە هەڵمەتەکە بکەین و مەزنتری بکەین. لەسەر ڕێچکەی فەرماندەی مەزن عەگید بەردەوام بین و هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ بە سەرکەوتن تاجدار بکەین.

بەم واتایە، ئێمە وەک زیاتر لە دە هەزار زیندانی پاژک و پەکەکە، لەسەر بناغەی ڕۆحی بەرخۆدانی هاوڕێ مەزڵوم و کەمال، ئەوینی ئازادی زیلان و بێریتانەکان و هێڵی ژیانەوە و ڕزگاریی هاوڕێ عەگید، لە هەموو کات زیاتر خاوەنداری لە نەریتی تێکۆشانمان دەکەین، لە چلەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب، بەڵێن دووپات دەکەینەوە شایستەی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدە قارەمانەکانمان بین. بانگەواز لە هەمووان دەکەین بەباشی لە بەرخۆدانی ئیمراڵی تێبگەن، بۆ ئازادی گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین تێکۆشان مەزن بکەن. هەڵمەتی ئازادیی گەردوونی کە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکاتە ئامانج، لەسەر هێڵی ڕۆحی بەرخۆدانی ١٥ ی ئاب و سەرکەوتن، بەرەوپێش ببەین".